وێنە: میدیاکان
سبەی
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنی نارین گوران بەردەوامە کە 19 ڕۆژ دوای ونبوونی، تەرمەکەی لە 8ی ئەیلول لە کەناری چەمێک دۆزرایەوە کە دوو کیلۆمەتر لە گوندی تاڤشانتەپە'ەوە دوورە.
لە میانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا چەندین کەس دەستگیر کراون و سەلیم گورانی مامی نارین کە هاوکات موختاری ئەو گوندەیە کە دەکەوێتە ناوچەی باغڵار لە پارێزگای ئامەد بە تۆمەتی کوشتنی نارین زیندانی کراوە.
دانپێدانەر نەوزاد بەختیار کە لە لای سەلیم کاری کردووە دانی بەوە دا نا بە هۆی ئەوەی نارین هەستی بە پەیوەندیی سۆزداری سەلیمی مامی و یوکسەلی دایکی کردووە و بینیویەتی کە سێکس پێکەوە دەکەن، سەلیم نارینی کوشتووە.
نەوزاد بەختیار لە بارەی ڕووداوەکەوە دەڵێت: "21ی ئاب کە ئەوڕۆژە بوو نارین ون ببوو، لەبەر کێشەی ئاو بانگی سەلیمم کرد، ئەویش وەڵامی دامەوە کە لە ماڵی عارفی برا گەورەیەتی. منیش چوومە ئەوێ و تەنها یەک ژوری کراوە بوو. لە ژورەوە کەسم نەدیت و گوێم لە هیچ دەنگێک نەبوو. بۆیە ناتوانم بڵێم دایک و براکانی نارین لەوێ بوون، یان نا".
نەوزاد بەختیار ئاماژەی بەوە دا کە سەلیم ئەوی بردووەتە یەکێک لەو ژورانەی کەوتونەتە لای دەستە چەپ و گوتی: "نارینم لەوێ لەسەر زەوی دیت و جوڵەی نەدەکرد. ئەوەندەی بەبیرم بێتەوە بە شتێک دەمی نارین بەسترابوو. سەلیم پێی گوتم چونکە نارین بینوویەتی لەگەڵ دایکیدام بۆیە کوشتوومە. ئیدی تۆش هاوبەشی تاوانەکەمی".
نەوزاد ئاماژەی بەوە دا کە سەلیم هەڕەشەی لێ کردووە ئەگەر ئەو تەرمی نارین لەناو نەبات ئەوا کوڕەکەی ئەو لە یاریگای قوتابخانە دەڕفێنێت و دەیکوژێت، ئەگەر تەرمی نارینش لەناو ببات ئەوا 200 هەزار لیرەی دەداتێ و دەڵێت: "دواتر لەگەڵ سەلیم تەرمی نارینمان لە پێخەفێک وەرپێچا و لە باوەشم کرد و نەعلەکانی نارین لە پێش دەرگە بوون، لەسەر داوای سەلیم ئەوانیشم خستە ناو پێخەفەکە. تەرمەکەم بردە ناو ئۆتۆمبێلەکەم. سەرەتا تەرمەکەم لە پەنجەرەوە خستە تەویلەکەم".
نەوزاد ئاماژەی بەوە دا کە دواتر تەرمەکەی خستوەتە ناو گونییە لە تەویلەکەدا و دەڵێت: "بەڵام گونییەکەم دانەخست. دواتر تەرمەکەم خستە کورسیی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەم. پاشان پێخەفەکەم دایەوە سەلیم کە بە دوامدا دەهات و ئەویش خستیەوە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی. پێی گوتم ئەگەر پێویست دەکات تەرمەکەی پارچە پارچە بکە، پاشان بیخە ناو چەمی ئەغەرتوتماز".
نەوزاد سەرنجی خستە سەر ئەوەی لەو کاتەدا بۆ سەرەوە واتا بۆ ماڵی عارف گورانی ڕوانی، بینی یوکسەل'ی دایکی نارین سەری خستووەتە ناو دەستەکانی و دەگریا و دەڵێت: "دواتر تەرمەکەم بردە چەمەکە و لەو شوێنەم جێ هێشت کە پێشتر ڕێگاکەیم دەستنیشان کردبوو. بۆ ئەوەی نەبێتە جێی سەرنج بەردێکم لەسەر گونییەکە دانا".
قاچێکی لە دەرەوەی گونییەکە مابۆوە
نەوزاد ئاماژە بەوە دەدات بە هۆی ئەوەی بە خێرایی تەرمەکەی خستووەتە ناو گونییەکە بیری چووە بیبەستێتەوە و بەم هۆیەوە قاچێکی لە دەرەوە ماوەتەوە، دەڵێت: "دوای ڕووداوەکە ڕووبەڕوو سەلیمم نەدیتەوە و تێلیشم لەگەڵیدا نەکرد. دوای چەند ڕۆژێک کە یەکترمان بینی بە چاو و برۆ سڵاوی لێ کردم".
نەوزاد بەختیار سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە نەیدەزانی ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ جێهێشتووە سەلیم دەبینێ یان نا، دەڵێت: "بەڵام چەمەکە لە بەرزایییەکانی گوندەوە دەبیندرێت. لەوانەیە سەلیم چاودێری منی کردبێت و زانیبێتی تەرمەکەم لە کوێ جێ هێشتووە. تەواوی ڕووداوەکە بەم جۆرە بوو".
نەوزاد جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە هیچ جۆرێک ئەو دەستی نەبووە لە کوشتی نارین و سەلیم تەرمەکەی ڕادەستی ئەو کردووە و ئەویش خستوویەتییە چەمەکەوە.
دواتر تەواوبوونی گوتەکانی، جارێکی دیکە نەوزاد بەختیار ڕەوانەی ئەو زیندانە کرایەوە کە لێی دەستبەسەر کراوە.
لە ئەنجامی توێکاری بۆ تەرمی نارین کە 91 نمونەی لێ وەرگیرا، بڵاو کرایەوە نارین گوران "دەم و لوتی بەستراوە و ملی گیراوە و بەبێ ئۆکسجین هێڵدراوەتەوە" و بەم جۆرەیش خنکێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی توێکاری، نمونەکان بە جۆرێک وەرگیراون کە هەموو جۆرە تاوانێک ئاشکرا دەکەن بە دەستدرێژیکردنە سەریشەوە
ئەو نمونانەی DNA کە لە ئۆتۆمبێلەکەی سەلیم گوراندا وەرگیران لەگەڵ نمونەکانی DNA سەر جلوبەرگی نارین وەک یەک بوون.