سبەی
بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن 14 ساڵ، لە شارۆچکەی دوزئیچی لە پارێزگای عوسمانییە، 10 تۆمەتبار زیندانی کراون و حەوت تۆمەتباریش بە مەرجی دادوەری ئازاد کراون.
دوای ئەوەی چەند کەسێک دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر کچێکی تەمەن 14 ساڵ، کچەکە پەنا دەباتە بەر بنکەی پۆلیس و ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە و ناوی 18 کەس دەدات و دەڵێت ئەوان دەستدرێژی سێکسییان کردووەتە سەری.
دواتر لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتی هێزە ئەمنییەکان هەر 18 کەسەکە دەستگیر دەکرێن و پاشان گوتەیان لێ وەردەگیرێت.
دوای گوتە لێوەرگرتنیان، یەکێک لەو تۆمەتبارانە لە لایەن داواکاریی کۆمارییەوە ئازاد دەکرێت.
دواتر 17 تۆمەتبارەکەی دیکە ڕەوانەی دادگا دەکرێن و داوا دەکرێت بە زیندانیکردن سزا بدرێن.
دادگایش بڕیاری زیندانیکردن بۆ 10 تۆمەتبار دەردەکات و حەوت تۆمەتباریش بە مەرجی دادوەری ئازاد دەکات.
چالاکوانان نیگەرانن لە زیادبوونی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان و بەپێی داتاکانی وەزارەتی دادی تورکیا تەنها ساڵی ڕابردوو 31 هەزار و 216 دۆسیە کراونەتەوە لەبارەی ئەنجامدانی تاوانی "دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان".
بەم هۆیەوە ساڵی 2023، حەوت هەزار و 88 کەس زیندانی کراون و بڕیاری بێتاوانیش بۆ حەوت هەزار و 108 تۆمەتبار دەرچووە.