شه‌رقولئه‌وسه‌ت: ئیسرائیل 35 ئامانجی له‌ عێراق دیاریكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆردومانیان بكات

#
6 ڕۆژ لەمەوپێش
زانا داود
Primary Asset

سبه‌ی

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ وه‌ك ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت ده‌ڵێت زانیارییان پێیداوه‌، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ 35 ئامانج له‌ عێراق كه‌ به‌شێكیان سه‌ركرده‌ی سیاسی و سه‌ربازیی دیاری پارته‌ شیعی و گروپه‌ چه‌كداره‌كانن، له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ دیاریكراون بۆ ئه‌وه‌ی لێیان بدرێت. بۆ ڕێگریكردن له‌ بوونی عێراق به‌ به‌شێك له‌ جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا و ڕوودانی هێرشه‌كان، سودانی هه‌وڵی چڕی ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنی هه‌وڵه‌كان به‌ دوور ده‌بینێت.

به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، داوای له‌ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی شیعه‌ كردووه‌، ببنه‌ نێوه‌ندگیر و له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌كاندا گفتوگۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ به‌شێك له‌ جه‌نگی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل و "خۆیان نه‌گلێننه‌ ئه‌و جه‌نگه‌وه‌".

دوای كوژرانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌مینداری گشتیی (پێشووی) حزبوڵڵای لوبنان و زیاتر له‌ 20 سه‌ركرده‌ی ئه‌و حزبه‌، كه‌ شه‌وی هه‌ینی 27ـی ئه‌یلولی 2024 شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌ باشوری به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی ئیسرائیلییه‌وه‌ بۆردومانكرا، بارودۆخی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناسه‌قامگیرتر بووه‌ و ترسی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌، گروپه‌ چه‌كداره‌كان، عێراق بگلێننه‌ جه‌نگێكی وێرانكه‌ر له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا.

هێرشی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، خۆشكه‌ری ئاگری جه‌نگ

ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ی زیاتر ناسه‌قامگیركردووه‌، هێرشی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌یه‌ له‌ عێراق، كه‌ له‌ دوای كوژرانی نه‌سروڵڵاوه‌، چه‌ند هێرشێكیان به‌ درۆن و موشه‌ك كردووه‌ته‌سه‌ر بنكه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و شه‌وی دووشه‌ممه‌ 30ـی ئه‌یلول، دوای ماوه‌یه‌ك له‌ ڕاگرتنی هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، بنكه‌ی سه‌ربازیی ڤیكتۆریایان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی به‌غداد بۆردومانكرد.

ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت ده‌ڵێت، دوو سه‌رچاوه‌ی نزیك له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان ڕایانگه‌یاندووه‌، حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی ناتوانێت گروپه‌ چه‌كداره‌كان كۆنترۆڵ بكات و ڕێگربێت له‌وه‌ی عێراق بگلێننه‌ جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵاوه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و گروپانه‌ چاوه‌ڕوانی ڕێنمایی و په‌یامی ئێرانن بۆ ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ له‌ دژی ئیسرائیل.

ئیسرائیل 35 ئامانجی له‌ عێراق دیاریكردووه‌

"زانیارییه‌كان له‌ناو پارت و گروپه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئیسرائیل 35 ئامانجی له‌ عێراق دیاریكردووه‌ و ده‌كرێت له‌ هه‌ر چركه‌ساتێكدا لێیان بدات، به‌شێك له‌و ئامانجانه‌ بریتین له‌ سه‌ركرده‌ی سیاسیی دیار و سه‌ركرده‌ی گروپی چه‌كدار، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ لوبنان ڕوویدا"، سه‌رچاوه‌كانی ڕۆژنامه‌كه‌ ئه‌مه‌یان ئاشكراكردووه‌.

سودانی ده‌توانێت پریشكه‌كه‌ خامۆشبكات و نه‌هێڵێت ئاگرێكی گه‌وره‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌؟

ڕۆژی 29ـی ئه‌یلول، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌گه‌ڵ عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌دا كۆبووه‌وه‌. ڕاگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی سودانی له‌باره‌ی دیداره‌كه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، "جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌ گرنگیی یه‌كخستنی ڕیزه‌كان له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌دا، بۆ به‌رگرتن له‌ فراوانبوونی بازنه‌ی ململانێ له‌ ناوچه‌كه‌دا".

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو و به‌ فه‌رمی ئاشكرانه‌كراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌، سه‌رچاوه‌كانی شه‌رقولئه‌وسه‌ت ده‌ڵێن، "سودانی ده‌یه‌وێت حه‌كیم و كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ری ئایینی و سه‌ركرده‌ی یه‌كێك له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان‌، هه‌وڵی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بده‌ن و داوا له‌و گروپانه‌ بكه‌ن نه‌بنه‌ به‌شێك له‌و شه‌ڕه‌ی هه‌ڵگیرساوه‌"، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ جه‌نگێكی فراوان كه‌ عێراقیش بگرێته‌وه‌.

سه‌رباری هه‌وڵه‌كانی سودانی، یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه‌ به‌ دووری زانیوه‌ سه‌ركرده‌كانی گروپه‌ چه‌كداره‌كان به‌ ته‌نگ هه‌وڵ و داواكارییه‌كانه‌وه‌ بچن و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و گروپانه،‌ "پێیانوایه‌ دۆخه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیدار و هه‌ستیاره‌ و بوونیان كه‌وتووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و وا بیرده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی ئه‌م جاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌".

پێش كوژرانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا و هاوه‌ڵه‌كانی به‌ چه‌ند ڕۆژێك، به‌شێك له‌ شیكه‌ره‌وانی سیاسی له‌ عێراق، هۆشداریی ئه‌وه‌یان به‌ حكومه‌ت ده‌دا ئه‌گه‌ر گروپه‌ چه‌كداره‌كانی به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌ هێرشبكه‌نه‌سه‌ر ئیسرائیل، ئه‌وا دوورنییه‌ ئیسرائیل عێراق بۆردومان بكات، به‌ تایبه‌ت به‌نده‌ره‌كانی به‌سڕه‌، كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی داهاتی ده‌وڵه‌ت و له‌ هه‌مان كاتدا گروپه‌ چه‌كداره‌كانیشن.

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی