به‌شێك له‌ كاردانه‌وه‌كانی هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل

#ئێران#ئیسرائیل#هێرشی موشه‌كی#ئه‌مه‌ریكا#جیهان#كاردانه‌وه‌
6 ڕۆژ لەمەوپێش
زانا داود
Primary Asset

دیمه‌نێك له‌ هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل

سبه‌ی

ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ 1ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، ئێران به‌ سه‌دان موشه‌كی بالیستی هێرشیكرده‌سه‌ر ئیسرائیل و هێرشه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی فراوانی له‌سه‌ر ئاستی كاربه‌ده‌ستانی هه‌ردوو وڵات و ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی لێكه‌وته‌وه‌.

عه‌لی خامنه‌یی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی "ئایه‌ت" هاته‌ده‌نگ

له‌ یەکەم په‌یامیدا دوای هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ سه‌ر ئیسرائیل، عەلی خامه‌نەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، به‌شێكی ئایه‌تی ژماره‌ 13ـی سوره‌تی "سافات"ـی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌و به‌شه‌ی ئایه‌ته‌كه‌ " نصر من الله وفتح قريب"ـه‌ و ڕاڤه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌: "خودا سه‌ركه‌وتن ده‌به‌خشێت و كردنه‌وه‌ی وڵاتان و دڵه‌كان نزیكه‌".

بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ: هەڵەی کرد و باجەکەی دەدات

هه‌ریه‌ك له‌ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌ بایه‌خ و كاریگه‌ریی هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیلیان كه‌مكرده‌وه‌ و نه‌ته‌نیاهۆ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئێران كرد و وتی، "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەی دەدات، ئەوەی هێرشبکاتە سەرمان هێرش دەکەینەسەری". 

مه‌سعود پزشكیان: ئه‌مه‌ به‌شێكی بچووكه‌

له‌ به‌رامبه‌ر لێدوانه‌كانی بایدن و نه‌ته‌نیاهۆدا، مه‌سعود پزشكیان سه‌رۆك كۆماری ئێران ڕایگه‌یاند، "هێرشه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و به‌شێكی بچووكی تواناكانی ئێرانه‌".

نه‌فتالی بێنێت: دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران تێكبشكێنن

له‌ كاردانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، نه‌فتالی بێنێت سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، "ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ ئیسرائیل جموجۆڵ بكات و دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران تێكبشكێنێت".

عێراقچی: كۆتاییهات

عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت، "هێرشه‌كه‌ی ئێران كۆتاییهاتووه‌، ئه‌گه‌ر ڕژێمی ئیسرائیل ناچارمان نه‌كات هێرشی زیاتری بكه‌ینه‌سه‌ر".

بایدن هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ ده‌كات

جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دوای هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌یه‌ هاوكاریی ئیسرائیل بكات له‌و هێرشه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ له‌ دژی به‌رپاكراوه".

دوای چه‌ند كاتژمێرێك بایدن دووباره‌ له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه‌ دوا و وتی، "تاوتوێی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێران ده‌كه‌ین‌".

گالانت: "باجه‌كه‌ی به‌ قورسی ده‌ده‌ن"

یواڤ گالانت وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل ده‌ڵێت، "ئێران فێرنه‌بووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی هێرشده‌كه‌نه‌سه‌ر ئیسرائیل، باجه‌كه‌ی به‌ قورسی ده‌ده‌ن".

سوپای ئێران: چاوه‌ڕوانی وێرانكاریی بن

ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای ئێران ڕایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر قه‌واره‌ی زایۆنی وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌مان بداته‌وه‌، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی وێرانكردنی به‌رفراوان و گشتگیری ژێرخانه‌كه‌ی بكات".

دۆناڵد تره‌مپ: ئه‌گه‌ر من سه‌رۆك بوومایه،‌ ئه‌مه‌ ڕووینه‌ده‌دا

دۆناڵد تره‌مپ كاندیدی كۆمارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌ر من سه‌رۆك بوومایه،‌ ئه‌م جه‌نگه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووینه‌ده‌دا. ده‌كرا ڕێگری له‌ هه‌ڵگیرسانی ئه‌م جه‌نگه‌ بكرێت و نه‌ده‌بوو ڕووبدات".

كامالا هاریس: ئێران هێزێكی مه‌ترسیداره‌

كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتخوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، پابه‌ندبوونی وڵاته‌كه‌ی به‌ پاراستنی ئیسرائیل دووپاتكرده‌وه‌ و وتی، "ئێران هێزێكی مه‌ترسیداره‌ و ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده‌ به‌ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل".

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی