بە ژمارە؛ هەمو شتێک لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

#ئیسرائیل#ئێران#هێرشی موشەکی#
6 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
Primary Asset

سبەی

شەوی رابردو، سوپای پاسداران هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا، ژمارە و ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارە و جۆری مووشەکەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، ئێران هەڕەشەی بەردەوامیی هێرشەکان و ئیسرائیلیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند دەکات.

شەوی سێشەممە یەکی ئۆکتۆبەر، سەدان مووشەک لە ئێرانەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کران، بەشێکی زۆریان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە تەقێندرانەوە و بەشێکیشیان لە ناوچە جیاوازەکان کەوتنە سەر زەوی و ئامانجەکانیان پێکا، تائێستا هیچ ئامارێکی وورد لەسەر زیانە گیانی و ماددیەکان نییە، حکومەتی ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، قوربانیی گیانی لە هێرشەکانی ئێران نەکەوتوەتەوە.

کەی هێرشەکان دەستیان پێکرد

کاتژمێر 7:34ی ئێوارە بەکاتی ئیسرائیل، یەکەم گورزەی مووشەکی ئێران ئاڕاستەی ئیسرائیل کران، چەند خولەکێک دواتر زەنگی ئاگادارکردنەوە لە زۆربەی ناوچەکانی ئیسرائیل لێدران و خەڵک خۆیان گەیاندە ژێر زەمین و پەناگەکان.

ماوەی هێرشەکە

رۆژنامەی عەرەبی جەدید بڵاوی کردەوە؛ لەوساتەی هێرشەکان دەستیان پێکرد تا ئەوکاتەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند هێرشەکان کۆتاییان هاتووە، نزیکەی 30 خولەکی خایاندووە.

ژمارەی مووشەکەکان

میدیاکانی ئیسرائیل و چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی بڵاویان کردەوە کە 400 مووشەک لە ئێرانەوە ئاڕاستەکراون، لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیلیش ژمارەی مووشەکەکانی بە 200 مووشەک خەمڵاندوە.

جۆری مووشەکەکان

رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە: 180 مووشەکی بالیستی لە ئێرانەوە ئاڕاستەی وڵاتەکەی کراوە، بەڵام جۆری موشەکەکانی دیکە بە ووردی دیاری نەکراوە، موشەکەکان زۆربەیان جۆری فەتاح بوون کە سوپای پاسداران هەڵیداوە، زۆرینەشیان لەلایەن سیستمی بەرگریی دوو و سێی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە.

ناوچەکانی ئامانج

رادیۆی سوپا بڵاوی کردەوە لە 1864 ناوچەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، بەتایبەی لە ناوچەکانی تەلئەڤیڤ و قودس و زۆرینەی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوونەوە لە کەناراوەکانی رۆژئاوا.

پاسداران چی ووت؟

سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە؛ کاتژمێر هەشتی ئێوارە وەک وەڵامدانەوەیەکی بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵا و فەرماندە نیلفرۆشان، هێرشی مووشەکیان کردوەتە سەر ئیسرائل بەناوی (بەڵێنی راست 2) وەک ئەوەی بەڵێن درابوو ژمارەیەک ناوچەی ستراتیژی کرانە ئامانج کە بنکەی ئاسمانی و بنکەی رادار و پلاندانان لەخۆدەگرێت.

پاسداران دەڵێت 90%ی ئامانجەکان پێکراون و ترسی گەورە لەناو ئیسرائیل بڵاوبوەتەوە.

سوپای ئیسرائیل چی دەڵێت؟ 

دانیاڵ هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: چەند موشەکێکی ئێران لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری ئیسرائیل کەوتونەتە خوارەوە و سوپا لە کات و شوێنی گونجاو وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەداتەوە.

کاریگەریی لەسەر ناوچەکە

هەرزو دوای هێرشە موشەکییەکە، وڵاتانی ئیسرائیل و عێراق و ئوردن و لوبنان ئاسمانی وڵاتەکەیان داخست بە روی گەشتە ئاسمانییەکان و سەرجەم گەشتەکانیان راگرت، موشەکی ئێرانی لەسەر ئاسمانی ئوردن و سوریا و عێراق و لوبنان و ناوچەی سینای میسر بە ئاڕاستەی ئیسرائیل بینران.

بەرپرسانی ئیسرائیل لە کوێ بوون؟

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە زۆربەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ژێر زەمین و پەناگەکان بوون، بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی و سەربازی لە ناوچەیەکی ژێر زەوی لە کێوی قودس لە کۆبونەوەدا بوون، کە بۆ یەکەمجارە لە ماوەی ساڵی رابردوو و دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بچنە ئەو ناوچە پارێزراوەی ژێرزەوی.

دووری ئێران و ئیسرائیل

مەودای دووری نێوان ئێران و ئیسرائیل لە نێوان 1724 بۆ 2150 کیلۆمەتردایە بەپێی نەخشەی جیهانیی و ئەوەی لەسەر نەخشەی گوگڵ بڵاوکراوەتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی