ئەردۆغان: ئیسرائیل دوای لوبنان، چاو دەبڕێتە تورکیا

#ئەردۆغان#ئیسرائیل#تورکیا
6 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "بە تەواوی تواناکانمانەوە دژی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل دەوەستینەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا دەیەوێت خاکی وڵاتەکەشمان بکاتە یەکێک لەو شوێنانەی داگیری دەکات".
Primary Asset

وێنە: میدیاکان

سبەی

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ترسی خۆی نەشاردەوە لەوەی تا دێت ئیسرائیل دەیەوێت لە سنورەکانی تورکیا و باکوری کوردستان نزیک بێتەوە و دەڵێت: "حکومەتی ئیسرائیل بە خەیاڵی خاکی بەڵێندراو، دوای فەڵەستین و لوبنان چاو دەبڕێتە خاکی وڵاتەکەمان".

لە میانی کردنەوەی وەرزی نوێی 28ەمین خولی پەرلەمانی تورکیا سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.

لە میانی گوتارەکەدا ئەردۆغان کاردانەوەی نیشان دا بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان و جەختی لەوە کردەوە ئیسرائیل هەر چییەکیش بکات، زوو یان درەنگ کۆتایی بە هێرشەکانی دەهێندرێت. 

سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا ئیسرائیل خەریکی "کۆمەڵکوژییە" لە کەرتی غەززە و دەستی بە هێرشەکانی کردووە بۆ سەر لوبنان، هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە پەلکێشی ئەو ئاگرە بکات خۆی هەڵی گیرساندووە.

ئەردۆغان هۆشداری دا بە ئیسرائیل و گوتی: "زۆر بە ڕوونی هۆشداری بە ئیسرائیل دەدەم، لێکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکەی ئەمجارەی بۆ سەر لوبنان وەک داگیرکارییەکانی پێشوو نابن".

ئەردۆغان ترسی خۆی نەشاردەوە لەوەی تا دێت ئیسرائیل دەیەوێت لە سنورەکانی تورکیا و باکوری کوردستان نزیک بێتەوە و دەڵێت: "حکومەتی ئیسرائیل بە خەیاڵی خاکی بەڵێندراو، دوای فەڵەستین و لوبنان چاو دەبڕێتە خاکی وڵاتەکەمان".

بۆ ئەمەیش نمونە بە دوری نێوان شارەکانی تورکیا لەگەڵ دوری نێوان ناوچەکانی سەر سنور و ئەو ناوچانە دەهێنێتەوە کە سەربازانی ئیسرائیلی لێن و دەڵێت: "بەشێک لە ناوچە سنورییەکانی تورکیا و لوبنان بە ئۆتۆمبێل تەنها دوو کاتژمێر و 30 خولەک لەیەکەوە دورن. دوری نێوان ئەنتاکیا و غەززە، هێندەی دوری نێوان ئەنقەرە و ئایدنە. داگیرکاری و هێرشەکانی ئیسرائیل زۆر لێمانەوە نزیکن".

سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا ڕوی دەمیان دەکەنە ئەوانەی دەڵێن با تورکیا بێلایەن بێت و بە حەماس دەڵێن ڕێکخراوی 'تیرۆریستی'، لە بەرامبەریاندا دەوڵەتێکی یاساسەروەر نییە، بەڵکوو پێڕێک بکوژ هەن کە لەسەر خوێن و داگیرکاری دەژین.

ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە بە تەواوی تواناکانیانەوە دژی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل دەوەستنەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا دەیەوێت خاکی وڵاتەکەیشی بکاتە یەکێک لەو شوێنانەی داگیری دەکات.

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی