سبەی
ئێران جارێکی دیکە هۆشداری بە ئیسرائیل دەدات وەڵامی هێرشەکانی نەداتەوە و دەڵێت، وەڵامی توندی خۆتان و ئەوانەش دەینەوە کە پشتیوانیتان دەکەن.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا لە تاران ڕاگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئامانجەکانیان بەدیهێنا کە ئامانجەکان تەواو سەربازی بوون.
باسی لەوەشکرد، تاران پێچەوانەی "ڕژێمی زایۆنی" هیچ هێرشێکی نەکردوەتە سەر ئامانجی مەدەنی، ئەوە "ڕژێمی زایۆنی"یە هێرشکردنە سەر شار و خەڵکی بێتاوانی کردوەتە خوو.
بەپێی خەمڵدانەکانی ئێران نزیکەی 90%ـی موشەکانی گەیشتوەتەنەتە سەر خاکی ئیسرائیل و ئامجەکانیان پێکاوە، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ستایشکردنی هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل وتی،" کارێکی بوێرانە و وەڵامێکی گونجاوی ڕژێمی زایۆنیان دایەوە".
جەختیشیکردەوە، ئەمەریکایان لە هێرشەکە ئاگادار نەکردوتەوە، تەنها دوای هێرشەکە هۆشداری بە واشنتن دراوە کە دەستوەردان لە دۆسیەکەدا نەکات.
ئێران جارێکی دیکە هۆشداری بە ئیسرائیل دا وەڵامی هێرشەکەی نەداوە تا "هێرشی توندتر"ـی دژ ئەنجام نەدات، عەباس عێراقچی وتی،" تەنها وەڵامی ئیسرائیل نادەینەوە بەڵکو وەڵامی لایەنی سێیەمیش دەدەینەوە کە پشتیوانی ئیسرائیل دەکات".
ئێران بۆچی هێرشی کردەسەر ئیسرائیل؟
شەوی 1ـی تشرینی 2024، سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە، وەک وەڵامدانەوەیەکی بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵا و فەرماندە نیلفرۆشان، هێرشی مووشەکیان کردوەتە سەر ئیسرائل بەناوی (بەڵێنی راست 2) وەک ئەوەی بەڵێن درابوو ژمارەیەک ناوچەی ستراتیژی کرانە ئامانج کە بنکەی ئاسمانی و بنکەی رادار و پلاندانان لەخۆدەگرێت.
دانیاڵ هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەند موشەکێکی ئێران لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری ئیسرائیل کەوتونەتە خوارەوە و سوپا لە کات و شوێنی گونجاو وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەداتەوە.
ئێران پشتی بە چی دەقێکی یاسایی دەبەستێت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل؟
ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل، پشتی بە مادەی 51 لە بەندی هەشتەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بەستووە.
بەپێی ئەو مادەیەی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، "هیچ شتێک لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نابێت مافی سروشتی دەوڵەتان، بە تاک یان بەکۆمەڵ، کورت بکاتەوە، بۆ بەرگریکردن لە خۆیان ئەگەر هێزێکی چەکدار هێرش بکاتە سەر ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەیش تا ئەو کاتەیە کە ئەنجومەنی ئاسایش ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەگرێتەبەر".
هەر بەپێی دەقی ماددەکە، ڕێوشوێنەکان بە هیچ شێوەیەک کاریگەرییان لەسەر مافی ئەنجومەن نابێت، دەوڵەت مافی ئەوەی هەیە لە هەر کاتێکدا ئەو کارانە ئەنجام بدات کە بە پێویستی دەزانێت بۆ پاراستن یان گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی".