چالاکیی گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق
سبەی
میدیاکانی ئیسرائیل و چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ بڵاویان کردەوە، ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی عێراق دەکاتە ئامانج کە بە بەشێک لە بەرژەوەندییەکانی ئێران ناوی دەبات، نیویۆرک تایمز هەرێمی کوردستان بەدەر دەکات لەو ناوچەیە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی کە لەسەر "بەرەی مقاوەمە" کردوویەتی لە وڵاتە جیاجیاکاندا، هەرێمی کوردستانی وەکو بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" لە عێراق دیارینەکردووە.
لە راپۆرتەکەدا نیویۆرک تایمز بە نەخشە ئەو شوێنانەی دیاریکردووە، کە گروپەکانی سەر بە ئێران تیایدا باڵادەستن و چالاکییان هەیە. نەخشەکە ناوچەکانی باکوری بەغدادی بە گەرمترین جێگا داناوە بۆ چالاکی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
لە نەخشەکەی نیویۆرک تایمزدا، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان؛ هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەی بە ناوچەی سەلامەت داناوە کە هیچ چالاکییەکی ملیشیاکانی سەربە ئێرانی تێدا نییە.
نەخشەی ئەو ناوچانەی چالاکیی گروپەکانی سەر بە ئێرانی تێدایە (نیۆرک تایمز)
دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵا، ڕابەری حزبوڵای لوبنان، لەئێستادا سەرنجی جیهان لەسەر گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران کە خۆیان بە "بەرەی مقاوەمە" ناساندووە زیاتر بوو. بەرەی مقاوەمە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی ڕاستەوخۆ دەکرێن، ساڵانێکی زۆرە خۆیان تەرخانکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەرەی مقاوەمە پێکدێت لە چەندین گروپ و ڕێکخراوی جیاجیا لەوانە حەماس لە فەلەستین، حزبوڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن، حەشدی شەعبی لە عێراق و گروپی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا.