فراکسیۆنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 3 ملیار و 163 ملیۆن دینارییان بە نایاسایی وەرگرتووە

#پەی#گەندەڵی#بەهەدەردانی پارە#پەرلەمانی کوردستان#موچەی نایاسایی
8 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 مانگ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
پوختە :
  • فراکسیۆنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 3 ملیار و 163 ملیۆن دینارییان بە نایاسایی وەرگرتووە، دامەزراوەی پەی دەڵێت، لەو خولەدا پەرلەمان 111 ئەندامی هەبووە، بەڵام 123 کەس وەک پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خواردووە.
Primary Asset

سبەی

فراکسیۆنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 3 ملیار و 163 ملیۆن دینارییان بە نایاسایی وەرگرتووە، دامەزراوەی پەی دەڵێت، لەو خولەدا پەرلەمان 111 ئەندامی هەبووە، بەڵام 123 کەس وەک پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خواردووە. 

بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە ماوەی درێژکردنەوەی هەشت مانگی تەمەنی پەرلەمان و ناساندنی بە نایاسایی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە فراکسیۆنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 3 ملیار و 163 ملیۆن دینارییان بە نایاسایی وەرگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی پەی، پێویستە فراکسیۆنی پارتی بڕی ملیارێک و 655 ملیۆن و 300 هەزار دینار، فراکسیۆنی یەکێتی 908 ملیۆن دینار، فراکسیۆنی گۆڕان 416 ملیۆن دینار، فراکسیۆنی کۆمەڵ 283 ملیۆن و 200 هەزار دینار و فراکسیۆنی یەکگرتوو 84 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حکومەت بگەڕێننەوە. 

پەرلەمان 111 کورسی هەیە بەڵام 123 کەس بۆ پڕکردنەوەیان سوێدی یاساییان خواردووە

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە ڕاپۆرتی ژمارە 111دا کە تایبەت بە چاودێریی و هەڵسەنگاندنی کاری ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکردووە، بەپێی یاسا خولەکە لە 111 ئەندام پێکهاتووە بەڵام 123 کەس وەک پەرلەمانتار سوێندی یاسایان خواردووە. 

پەی هۆکاری زۆری ژمارەی ئەوانەی سوێندی یاسایان خواردووە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە ماوەی خولی پێنجەمدا 14 پەرلەمانتار دەستیان لەکارکێشاوەتەوە. 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەشێکی ئەوانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە پۆستی باڵایان لە حکومەت وەرگرتووە، بەشێکیشیان بەهۆی ڕێگریی و کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی پەرلەمان دەستیان لە کارکێشاوەتەوە. 

شەش پەرلەمانتار لە ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان سوێندی یاساییان وەک پەرلەمانتار خواردووە، دوو کەس لە فراکسیۆنی گۆڕان، دوو کەس لە فراکسۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی، یەک کەس لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و یەک کەسیش لە فراکسیۆنی یەکگرتوو کە وەک سەربەخۆ سوێندی یاسایی خوردووە. 

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش لە سێ کەس پێکدێت بەڵام 4 کەس وەک دەستەی سەرۆکایەتی سوێندیان خواردووە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ڤالا فەرید لە پشکی پارتی سەرەتا بووەتە سەرۆکی پەرلەمان بەڵام دواتر دەستی لەکارکێشاوەتەوە. 

درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی

ڕۆژی 6ـی تشرینی یەکەمی 2022، بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردووە. 

ڕۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دوو سکاڵا ماوەی درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی بە نایاسایی ناساند. 

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەشێوەیەک بوو سەرجەم ئەو یاسا و سوێندخواردنی پەرلەمانتاران هەڵوەشێندرایەوە کە لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا دەرچووبوون. 

یاسای ژمارە (13)ـی ساڵی 2022 یاسای پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق

یاسای ژمارە (14)ـی ساڵی 2022 یاسای ڕێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی‌ و بێلانەكان

یاسای ژمارە (15)ـی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردن‌ و هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنی‌ و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ـی ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردستان-عێراق

 یاسای ژمارە (16)ـی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ـی ساڵی 1966ـی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق

یاسای ژمارە (17)ـی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ـی ساڵی 2008

بڕیاری ژمارە (10)ـی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی