50 پەنابەری دیکەی لوبنانی گەیشتنە دیالە

#شەڕی لوبنان#سوپای ئیسرائیل#حزبوڵڵا#شیعە#شەڕی غەززە#دیالە#سەلاحەدین#نەجەف#کەربەلا
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
ئەرسەلان ڕەحمان
پوختە :
  • دەستەی کاروانەکانی حوسەینییە لە دیالە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2024، پێشوازیان کردووە لە 50 پەنابەری لوبنانی.
Primary Asset

سبەی

دەستەی کاروانەکانی حوسەینییە لە دیالە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2024، پێشوازیان کردووە لە 50 پەنابەری لوبنانی.

عەلی ئەحمەد تاهیر، سەرۆکی دەستەکە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی عێراق، وتی: زۆرینەی ئەوانەی هاتوون ژن و منداڵن و ئەمە دووەم کاروانی پەنابەرانی لوبنانییە بگەنە دیالە.

وتیشی: خەڵکی ناوچەکە جێ و ڕێیان بۆ دابین کردوون و کۆمەکی پێویستیان کراوە، وەک پشتیوانییەک بۆ گەلی لوبنان، کە بە هۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە ئاوارە و دەربەدەر بوون.

هەروەها وتی: چاوەڕوان دەکەین لە ڕۆژانی داهاتوودا، چەندین کاروانی دیکەی پەنابەرانی لوبنانی بگەنە سنوورەکە. لە دوو هەفتەی ڕابردووشدا دەیان خێزانی دیکە گەیشتوون و جێ و ڕێیان بۆ دابین کراوە.

پێنجشەممەی ڕابردوو 10ی تشرینی یەکەم، 25 خێزانی دیکەی لوبنانی گەیشتبوونە ناوچەکانی خرنابات و خالس لە سنووری پارێزگای دیالە.

عەلی تاهیر ئاماژەی بەوەشداوە، ڕێکاری پێویست گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی منداڵەکان بخرێنە بەر خوێندن و سەرجەم پێداویستیی خێزانەکان دابین بکرێت، بەو پێیەی ئەوان میوانی ئازیزی خەڵکی عێراقن.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئاشکرای کردووە، تا ئێستا 7 هەزار هاوڵاتی لوبنانی گەیشتوونەتە خاکی عێراق و لە شەڕ و هێرشەکانی ئیسرائیل ڕایانکردووە.

بە گوێرەی زانیاری عەباس جیهانگیر، وتەبێژی وەزارەتەکە، بەشێک لە خێزانە لوبنانییەکان ڕوویان لە دیالە و بەشێکیشیان لە پارێزگای سەلاحەدین و شاری سەماوە و نەجەف و کەربەلا گیرساونەتەوە.

هەرلەو چوارچێوەیەدا، دەستەی سەرپەرشتیاری مەزارگەکانی نەجەف، ڕایگەیاند، 2 هەزار و 269 لوبنانی گەیشتوونەتە نەجەف و بەسەر هۆتێل و خانەکانی میوانداریدا دابەش کراون و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان بۆ دابینکراوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی