دوای 15 ساڵ دەنگەکانی گۆڕان نەگەڕانەوە بۆ دەسەڵات

#هەڵبژاردنی خولی شەشەم#پەرلەمانی کوردستان
یەک ساڵ لەمەوپێش
زانیار بەهادین
پوختە :
  • ساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان وەک یەکەم لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەشداری کایەی سیاسی کرد و توانی زیاتر لە 400 هەزار دەنگ بەدەستبهێنت، دوای 15 ساڵ بزوتنەوەکە کەمترین دەنگی ناو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی بە دەستهێناوە و دەنگەکانی بەسەر چەند لایەنێکی دیکەدا دابەشبوون.
Primary Asset

سبەی

ساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان وەک یەکەم لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەشداری کایەی سیاسی کرد و توانی زیاتر لە 400 هەزار دەنگ بەدەستبهێنت، دوای 15 ساڵ بزوتنەوەکە کەمترین دەنگی ناو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی بە دەستهێناوە و دەنگەکانی بەسەر چەند لایەنێکی دیکەدا دابەشبوون.

ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکان کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان (بەبێ یەکگرتوو و کۆمەڵ) توانیویانە لە کۆی دوو ملیۆن و 87 هەزار و 972 دەنگ، 391 هەزار و 552 دەنگ بەدەستبهێنن کە دەکاتە 22 کورسی پەرلەمان.

کورسییەکانی ئۆپۆزسیۆن لەم خولەدا زیاتر لە هەموو جارێک دابەشبوونی بەخۆیەوە بینیووە، بە جۆرێک 22 کورسییەکە بەسەر هەریەک لە لایەنەکانی نەوەی نوێ (15 کورسی)، هەڵوێست(4 کورسی)، بەرەی گەل(2 کورسی) و بزوتنەوەی گۆڕان (1 کورسی) دابەشبووە.

ئێستا بە گەڕانەوە بۆ دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە لە یەکەم بەشداری سیاسیدا بەدەستیهێنا، دەردەکەوێت دوای 15 ساڵ دەنگی ئۆپۆزسیۆن گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا نەهاتووە بەڵکو تەنها دەنگەکان بەسەر چەند لایەنێکی جیاوازدا دابەشبوون.

هەڵبژاردنی خولی سێیەم کە ساڵی 2009 ئەنجام درا، یەکەم هەڵبژاردن بوو کە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری تێدا کرد و توانی لە کۆی دەنگی 1 ملیۆن و 876 هەزار و 196 دەنگدەر بە تەنها 445 هەزار و 24 دەنگ بەدەستبهێنێت کە بەرامبەر بوو بە 25 کورسی پەرلەمانی کوردستان.

ئێستا جیاوازی نێوان دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 و دەنگی سەرجەم ئەو لایەنە سیاسییانەی خۆیان وەک نوێنەری شەقام و دەنگی ناڕازی دەناسێنن لە ساڵی 2024 تەنها 53 هەزار و 493 دەنگە. 

دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆن چییان دەوێت؟ 

ژمارە و دابەشبوونی دەنگەکان ڕاستەوخۆ خواستی ئەو دەنگدەران نیشان دەدەن کە پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن، ئەوان دەیانەوێت ئەو لایەنی نوێنەرایەتییان دەکات هاوشێوەی خۆیان ناڕازی بێت و هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵات قبوڵ نەکات. 

پاشەکشەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دوای بەشداریکردنی لە کابینەکانی حکومەت بە بەهێزترین نمونەی خواستی ئەو دەنگدەرانە دادەنرێت، چونکە دوای بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت پشتیوانی ئەو لایەنانەیان کرد کە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازین. 

توێژەری سیاسی سەردار عەزیز بۆچوونی وایە، ئەو دەنگدەرانە جیاوازن و ناڕازی تەواون بۆیە  بە دوای ئەو هێز و لایەنانەدا دەگەڕێن کە دەربڕی ناڕەزایەتییەکانیان بێت، سەردار عەزیز نا ئومێدی بە شێک لە داهاتووی ئەو توێژە دەزانێت، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی "توندی زمانی سیاسی ڕەنگە وەڵامێک بێت بۆ دۆخی دەرونی، بەڵام وەڵام نیە بۆ گیرفانی ئابوریی و بە تایبەتی بۆ بەخشینی هیوایەک بە داهاتوویان".

شیروان برایم خواز هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی خواستی ئەو دەنگدەرانەوە هاوبۆچوونی سەردار عەزیزە و پێی وایە، "نەوشیروان مستەفا لە 2009 توانی بە بەهای 25 کورسی خەڵکی هۆشیار دروست بکات و هەرگیز لەگەڵ دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی نەبن". 

هەڵسوڕاوەکەی گۆڕان بە پشت بەستن بەژمارەی کورسی نێوان لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بە دوری دەزانێت، ئەو ڕێژەیە لە دەنگی لایەنەکان گەشەی کردبێت بەڵکو " ئەو حزبانە تەنها لەو پانتایەدا جوڵە دەکەن کە نەوشیروان مستەفا دروستی کردووە".

سەرەڕای تێپەڕینی چەندین ساڵ بەسەر دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەم دەریخستووە، کە قەبارەی جەماوەری ئۆپۆزیسیۆن گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام هیچ هێزێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن هاوشێوەی گۆڕان لە 2009دا نەیتوانیوە دەنگە ناڕازییەکان کۆبکاتەوە و بیانکاتە هێزێکی کاریگەری پەرلەمانی، کە کاریگەری بەهێزی لەسەر ژیانی سیاسیی و پەرلەمانی هەبێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی