هێرشەكانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان قەیرانی مرۆیی لێكەوتووەتەوە

#ڕۆژئاوای کوردستان#تورکیا
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لە هێرشەكانیدا توركیا وێستگەكانی كارەبا و دامەزراوەكانی نەوت و غاز و بنكەكانی تەندروستی و كارگەكان و چەندین ناوەندی دیكەی ژیانیی كردووەتە ئامانج
Primary Asset

دیمەنی یەکێک لە بۆردومانەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان

سبەی

هێرشەكانی توركیا كە ماوەی هەفتەیەكە بۆسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردووە، بەشێوەیەكی كارەساتبار قەیرانی مرۆیی دروستكردووە.

لە هێرشەكانیدا توركیا وێستگەكانی كارەبا و دامەزراوەكانی نەوت و غاز و بنكەكانی تەندروستی و كارگەكان و چەندین ناوەندی دیكەی ژیانیی كردووەتە ئامانج، كە سەرجەمیان بە ژێرخانی ڕۆژئاوا هەژمار دەكرێن، لەكاتێكدا ئەو ناوچانە بەهۆی گەمارۆی توركیا و سوریاوە خۆیان پێشتر لە دۆخێكی ناهەمواری خزمەتگوزارییدا بوون، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە ئەو كارانەی توركیا دەچنە چوارچێوەی تاوانی جەنگ.

توركیا لە 23 ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، هێرشێكی فراوانی بۆسەر ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان) دەستپێكرد، دەیان پێگە و دامەزراوەی ژێرخانی ڕۆژئاوای كردەئامانج، جگە لەوەی بەهۆی هێرشەكانەوە 17 كەس كوژراون و نزیكەی 60 كەسیش برینداربوون كە بەشێكی زۆریان سڤیلن.

ئێستا لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەهۆی ئەو هێرشانەی توركیاوە، قەیرانی بەنزین و غازی ماڵان و ئاوی خواردنەوە دروستبووە، جگە لەوەی بەهۆی بۆردومانكردنی كێڵگە نەوتییەكان و چەند كارگەیەك سەدان كەس بێكاربوون.

هێزی ئاسمانی توركیا لەماوەی چوار ڕۆژدا 87 هێرشی ئەنجامداوە، كە 78 یان لەڕێگەی درۆنەوە بووە، جگە لەوەی بەردەوام لەڕێگەی تۆپهاوێژەكانی سوپای توركیا و گروپەكانی نزیك لێی لە سوریا بۆردومانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كردووە.

لەو هێرشانەدا جگە لەوێرانبوونی 33 دامەزراوەی نەوتیی و كارەبا و ئاو، چەندین پێگەی ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان بۆردومانكراون زیانەكانیشیان بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێن، ئەمڕۆ بۆ خەمڵاندنی زیانەكان هێزێكی ئەمریكی چوونەتە كێڵگەی نەوتی سویدیە لەسەر سنوری ڕۆژئاوا و باكور و باشوری كوردستان.

هەر ئەمڕۆ دەسەڵاتی خۆجێیی سەر بە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، بۆردومانەكانی توركیا 604 بیری ئاوی لەو شارەدا لەكارخستووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆردومانەكە بووەتە هۆی نەگەیشتنی سووتەمەنی بۆ ناوەندە خزمەتگوزارییەكان، ئەمە جگە لەوەی كە سوتەمەنی بەڕێژەیەكی "بەرچاو"كەمبووەتەوە.

"نانەواخانەكان و كۆگاكانی ئارد بۆردومانكران كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری ناوچەكە كردووە، و بووەتەهۆی كۆچكردنی خەڵكی ناوچەكە". دەسەڵاتی خۆجێی حەسەكە وا دەڵێت.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی