موسا کۆبانێ… ئەو نیشانشکێنەی فیشەکی دژی داعش بە هەدەر نەدەدا

#کوردستان#کۆبانێ#شەڕ#تیرۆر
10 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 مانگ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
پوختە :
  • "لەیادم نییە فیشەکم بە هەدەر چووبێت، لەگەڵ هەر فیشەکێکم چەکدارێکی داعشم کوشتووە، کاتێک دەچوومە سەر تەرمەکان دەمزانی کامەیان فیشەکی من پێکاویەتی".
  • موسا ئەگەرچی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە بەڵام لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ وەک نیشانەشکێنێکی بە توانا بووەتە ڕەمزی بەرگریکردن لە شارەکە.
  • هەردەم جیهاد کە ناسراوە بە موسا کۆبانێ، ساڵی 1986 لە شارۆچکەی سەڵماسی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە.
  • ڕۆژی 8ـی نیسانی 2015، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بۆ کێوماڵکردنی تەواوی ناوچەکان، له‌ گوندی چه‌له‌بیه‌ له‌ كۆبانێ بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیەوە و شەهیدبوو.
Primary Asset

موسا لە کۆڵانەکانی کۆبانێدا

سبەی

موسا ئەو گەنجەی لە ڕۆژهەڵاتەوە چووە ڕۆژئاوای کوردستان و وەک نیشانە شکێنێکی بە توانا بووە ڕەمزی کۆبانێ. ئەو دەیوت، بیرم نایە فیشەکێکم دژی داعش بە هەدەر دابێت، هاوڕێیەکی دەڵێت، زیاتر لە 150 چەکداری داعشی کوشتووە. 

"لەیادم نییە فیشەکم بە هەدەر چووبێت، لەگەڵ هەر فیشەکێکم چەکدارێکی داعشم کوشتووە، کاتێک دەچوومە سەر تەرمەکان دەمزانی کامەیان فیشەکی من پێکاویەتی". 

ئەمە ئەو دێڕەیە لە دوای شەهیدبوونیەوە هەمیشە موسا کۆبانێی پێ دەناسرێتەوە، کە ئەو یەکێک بوو لە ناسراوترین شەڕڤانەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان.

موسا ئەگەرچی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە بەڵام لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ وەک نیشانەشکێنێکی بە توانا بووەتە ڕەمزی بەرگریکردن لە شارەکە.

هەردەم جیهاد کە ناسراوە بە موسا کۆبانێ، ساڵی 1986 لە شارۆچکەی سەڵماسی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. 

بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدۆیانەی هەن، هەر لە تەمەنی گەنجیەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێشتووە و وەک پەیوەندییە بە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەوە کردووە و بووەتە گەریلا. 

بەپێی گێڕانەوەی نزیکەکانی، موسا کۆبانێ ساڵی 2012 دوای ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانەکان لە سوریا ڕویکردوەتە ڕۆژئاوای کوردستان. 

موسا لەگەڵ گەیشتنی بە ڕۆژئاوای کوردستان پەیوەندیی بە ڕیزەکانی  یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگەوە دەکات و دەبێت بە فەرماندەی هێزی نیشانەشکێن.

ساڵی 2014 لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ ئەستێرەی ناوی موسا کۆبانێ گەشایەوە و بووە ناوێکی دیار لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکاندا و وەک نیشانەشکێنێکی بە سەلقە ناسێندرا. 

موسا بە قەناسێکی رووسیەوە ماوەی چوار مانگ لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە و ھێزەکانی پێشمەرگەی باشوری کوردستان شەڕی داعشی کردووە. 

k2

سەبارەت بە شەڕکردن لەگەڵ داعش لە یەکێک لە دیمانە ڕۆژنامەوانییەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە،" ئەم شەڕە شەرێکی ئاسایی نەبوو، چونکە لە شەڕدا کۆمەڵێک ئەخلاقیات و کولتوور و بنەما ھەن دەبێ رەچاو بكرێن، بەڵام داعش رێز لە بنەماکانی شەڕ ناگرێت و تەنیا شێتی شەھیدبوون بوون بۆ ئەوەی بچنە بەھەشت".

موسا کۆبانێ لەگەڵ ئەوەی لە کاتی شەڕی کۆبانێدا هەمیشە چاوی میدیا جیهانییەکانی لەسەر بووە، تا ئێستا چەندین فیلمی جۆراوجۆر لەبارەی ژیانییەوە بەرهەمهێنراوە. 

موسا کۆبانێ لە یەکێک لە گێڕانەوەکانیدا لەبارەی شەڕی داعش لە کۆڵانەکانی کۆبانێدا باسی لەوەکردووە،" چەندین کیلۆمەترم بە ناو دارو پەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکانی کۆبانێدا دەبڕی بۆ ئەوەی فیشەکێک لە دڵی دوژمندا سارد بکەمەوە، بیرم نایەت فیشەکێکم بە هەدەر دابێت، بۆ هەر فیشەکێک دوژمنێکم پیکاوە". 

تا ئێستا دیار نییە، کە ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش چەندن کە بەدەستی موسای نیشانەشکێن کوژران بەڵام مارسیلۆ کە هاوڕێییەکی کە بە ڕەگەز ئیتاڵییە موسا بووە وتی،"موسا بە چەکەکەی زیاتر لە 150 چەکداری داعشی کووشتووە".

ڕۆژی 8ـی نیسانی 2015، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بۆ کێوماڵکردنی تەواوی ناوچەکان، له‌ گوندی چه‌له‌بیه‌ له‌ كۆبانێ بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیەوە و شەهیدبوو. 

ئەگەرچی هەوڵدرا تەرمی موسا کۆبانێ بۆ زێدی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەڕێتەوە بەڵام تورکیا ڕێگەی نەدا تەرمەکە بە خاکەکەیدا تێپەڕببێت بۆیە بە ناچار لە گۆڕستانی "شەهیدانی کۆبانێ" بەخاکسپێردرا. 

شەڕی کۆبانێ 

داعش لە دوای دەستبەسەرداگرتنی موسڵ لە ساڵی 2014 هێرشەکانی لە عێراق و سوریا زیاتر کرد، کۆبانێ یەکێک بوو لە ناوچانەی کەوتە بەر هێرشی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە. 

دوای 133 رۆژ لە شەڕو پێکدادان و بەرگریکردن لە بەرامبەر ھێرشی چەکدارانی داعش، رۆژی 26ـی کانوونی دووەمی 2015 تەواوی شاری کۆبانێ لە لایەن شەڕڤانان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆنترۆڵکرایەوە.

ڕۆژی یەکی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکێش وەک ڕۆژی کۆبانێ ناسێندرا و ساڵانە لە ئاستی کوردستان و جیهان بە شێوازی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی