وێنە: میدیاکان
سبەی
بە شێوەیەکی گشتی ئەو منداڵانەی لە باخچەی ساوایانن وێڕای سەرکەوتووییان، کەچی بە زەحمەت دەتوانن سەرکەوتوو بن لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکەی پێیان دراوە و سەرنجی خۆیان تەنها بۆ ئەو ئەرکە چڕ بکەنەوە.
بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی نوێ دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی تەمەنیان 4،5 تا 6 ساڵە، زەحمەتی نابینن لە چڕکردنەوەی سەرنج بۆ ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە، بەڵام کات و وزەیەکی زۆر خەرج دەکەن بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی ناپێویست لەسەر ئەو ئەرکە.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پڕۆفیسۆری دەرونشیکار لە زانکۆی ئۆهایۆ، ڤڵادمیر سڵاوتسکی سەرنجبڵاوی منداڵان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە، ئەوانیش تامەزرۆیی و گەشەنەکردنی تەواوەتی مێشکن بۆ کارکردن.
هەرچەندە لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە پێشتر لەوبارەیەوە ئەنجام درابوو دەرکەوتبوو سەرنجی منداڵان بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو دەبێت و منداڵان ناتوانن ئەو زانیارییە لابەلا و ناگرنگانە گوێ پێ نەدەن کە پێویستییانن بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانیان، بەڵام باس لەوە نەکرابوو هۆکاری سەرنجبڵاوبوونی منداڵان بەم جۆرە بۆچی دەگەڕێتەوە.
لەو توێژینەوە نوێیەدا دەرکەوتووە تەنانەت لە ئەگەری پێدانی پاداشتیش بۆ هاندانی منداڵان تا بەو ئەرکە ئەنجام بدەن کە پێیان دراوە، بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە زانیاریی ناپێویستیان کۆکردوەتەوە و زۆر گەڕاون بە دوای شتدا.
بۆ ئەو مەبەستە دوو وێنە لەسەر کۆمپیوتەر دروست کران -هیبی و گۆرا- و داوا لە ژمارەیەک منداڵ و پێگەیشتوو کرا وێنەکان بە خێرایی و سادەیی تەواو بکەن.
لە کاتێکدا پێگەیشتووەکان تەنها وێنەی یەکێک لە پارچەکانی لەشی وێنەکانیان دەکێشا و لە سەدا 100 پێناسەیان دەکردن، بەڵام منداڵەکان وێڕای ئاگادارکردنەوەیشیان لەوە، بە دروستکردنی پارچەی زیاتری وێنەکان بەردەوام بوون لە کارەکەیان.
مێشکی کارکردنی منداڵان لە قۆناغی گەشەکردندایە
ڤڵادمیر سڵاوتسکی لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئەمە دەیسەلمێنێت هیچ شتێک نییە منداڵان توشی سەرنجبڵاوی بکات. خۆ دەیانتوانی وەک گەورەکان تەنها پارچەیەکی وێنەکان تەواو بکەن، بەڵام ئەوان پارچەی زیاتریان بۆ وێنەکان کێشا".
توێژەران وای بۆ چوون کە لە کاتی ئەم تاقیکردنەوەیەدا، منداڵان تەنیا حەزیان لە داگرتنی دوگمەیە، بۆیە تاقیکردنەوەیەکی دیکەیشیان ئەنجام دا.
ئەمجارە دوگمەیەکی خێرا بۆ منداڵ و پێگەیشتووەکان تەرخان کرا بۆ ئەوەی بە یەکجار تەواوی پارچەکانی وێنەکە بکێشرێت. زۆربەی منداڵان ئەو دوگمەیان داگرت و بەم جۆرەیش دەرکەوت کە منداڵان لە تاقیکردنەوەی پێشوودا تەنها بۆ چێژلێوەرگرتن دوگمەکانیان دانەگرتوون.
ڤڵادمیر سڵاوتسکی لەو باوەڕەدایە هۆکاری ئەمە بۆ توانای مێشکی کارکردنی منداڵان دەگەڕێتەوە کە هێشتا زۆر پێنەگەیشتووە و دەڵێت: "منداڵان فێربوون پێناسەی پارچەیەکی لەش بکەن کە دەیکێشن، بەڵام نیگەرانن لەوەی ئەو زانیارییەیان بە ڕاستی بیر بکەوێتەوە و مێشکی کارکردنی ئەوان لە قۆناغی گەشەکردندایە".
وردەکارییەکانی توێژینەوەکە لە گۆڤاری Psychological Science بڵاوکراوەتەوە.