گۆڕستانێکی وێرانبوو بەهۆی کارەساتی سروشتی
سبەی
لە کاتی بونی روداوە سروشتییەکانی وەک لافاو، بومەلەرزە و کارەساتە سروشتییەکانی دیکە ئەگەری بونی بینینی جنۆکە و خێو زیاتر دەبێت لەلایەن ئەو خەڵکانەی لەو ناوچانەدا دەژین.
گۆڤاری ناشناڵ جیۆگرافی لە راپۆرتێکیدا بڵاوی کردەوە: ئەو خەڵکانەی کە لەو شوێنانەدا کارەساتە سروشتییە وێرانکەرەکانیان تێدا روودەدات ئەگەری زۆرە توشی زەبری دەرونی ببن، ئەوەش ئەگەری زیاتر بونی خەیاڵاتی ناڕاستەقینە زیاتر دەکات وەکو بینینی جنۆکە و خێو.
لیسڵی هارتلی، پسپۆڕی دەرونی لە کارەساتەکاندا کە راوێژکاری دەرونی رزگاربوانی ئاگرەکەی ساڵی 2023ی دارستانەکانی هاوای بووە، قسەی بۆ ناشناڵ جیوگرافی کردوە دەربارەی ئەزمونی رزگاربوان و دەڵێت: "رزگاربوو دوای مردنی کەسە نزیکەکانی گوێی لە دەنگیان دەبێت و دەیانبینێت."
شارەزایانی دەرونناسی پێیان وایە، ئەو بەریەککەوتنە ناسروشتیانەی وەکو بینین یان بیستنی دەنگی کەسانی مردوو، رەنگدانەوەی وەڵامدانەوەی ئەو کەسەیە بۆ لەدەستدانی کەسە نزیکەکانی. ناشناڵ جیۆگرافی نوسیویەتی: "لە یەکەم مانگی کەرەنتینە سەرتاسەرییەکەی ساڵی 2020، ژمارەی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە ناوەندی یەکێتی رۆحانییەتی بەریتانیاوە کردوە بە رێژەی 325% زیاتر بووە. ناوەندەکە پێیوایە دەتوانرێت پەیوەندی لەگەڵ رۆحی مردوەکاندا ببەسترێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە رووی بایۆلۆجیشەوە، ئازار و زەبری دەرونی دەبنە هۆکار بۆ دەردانی کۆرتیزۆڵ و هۆرمۆنەکانی دیکەی پەیوەست بە فشاری دەرونییەوە کە دەبنە هۆی ناڕێکی خەوتن و هەستیاری زیاد لە پێویست. ئەو هۆکارانە دەتوانن بەشداربن لەبەڕاستیکردنی خەیاڵاتەکانی مرۆڤ، ئەمە رەنگە روونکەرەوەی ئەوەبێت کە بۆچی زۆرێک لە کەسانی غەمگین کەسە مردووەکانی خۆیان بینیوە یان گوێبیستیان بوون.
لەو ناوچانەی کارەساتی سروشتی تیایدا روویداوە هەستی خەیاڵی و ناواقعی توندتر و زیاتر دەبن. زەنگی ئاگادارکردنەوە، گڵۆپی ئاگادارکردنەوە، دیمەنی ترسناکی شەقام و قوتابخانە چۆڵکراوەکان وا لە مرۆڤ دەکەن زیاتر هەست بە شتگەلێکی ناڕاستەقینە بکەن، وەکو گوێبیست و بینینی جنۆکە و خێو.
لیسڵی هارتڵی دەڵێت: "رزگاربوانی کارەساتە سروشتییە وێرانکەرەکان رەنگە زیاتر هەست بە بێ کەسایەتی و دابڕان بکەن لە واقع". ئەو کەسانە هەست بەوە ناکەن لە جیهانی راستەقینەدان و ئەو کەسەی پێشتر نین یان کە لە ئاوێنەدا سەیری خۆیان دەکەن هەست دەکەن خۆیان نابینن. ئەو دیاردە نامۆیەش دەرخەری ئەوەیە تاکەکان لەبری ئەوەی بەڕاستی جنۆکە و خێو ببینن، رەنگە خۆیان هەست بکەن کە بون بە جنۆکە و خێو.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە کە دۆخی ژینگەی دوای کارەسات، دەتوانێت ئەو هەستانە خراپتر بکات. لە ناوچە وێرانبووەکاندا، ڕووخانی بیناکان و سووتانی شوێنە پیشەسازییەکان دەتوانن ماددە کیمیاییە ژەهراویەکانی وەک جیوە، ئارسنیک، یان قڕکەر دەربکەن. ئەو ماددە کیمیاییە پیسکەرانە بە تیکەڵبونیان بە سەرچاوەکانی خۆراک و ئاو دەتوانن ببنە هۆی خەیاڵاتی ناڕاستەقینەی وەکو بینی جنۆکە و خێو.