وێنە: میدیاکان
سبەی
ئەمڕۆ 86 ساڵ بە سەر کۆچی دوایی موستەفا کەمال ئەتاتورکدا تێدەپەڕێت، کە لە لای تورکە نەتەوەیی و بەشێک لە تورکە عەلمانییەکان جێی شانازییە و لە لای کورد و پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەیش مایەی مەینەتی و نەهامەتی و لای ئەوانەی مەیلیشیان بە لای عوسمانییەکاندایە وەک ڕوخێنەری خەلافەت لەقەڵەم دەدرێت.
ئەتاتورک لە 1881 لە قەزای سێلانیک لە دایک بووە. لەو سەردەمەدا سێلانیک یەکێک بووە لە قەزاکانی ئیمپراتۆری عوسمانی و ئێستایش دەکەوێتە یۆنان. ئەتاتورک هەر لە تەمەنی گەنجێتییەوە چووەتە ڕیزەکانی سوپا و لە زۆرێک لە جەنگەکاندا بەشداریی کردووە.
ئەتاتورک وەک مارشاڵ، دەوڵەتمەندار، نوسەر، سەرۆکی فەرماندە لە جەنگی ڕزگاریی تورکیا و دامەزرێنەری کۆماری تورکیا و یەکەم سەرکۆماری تورکیا ناوی چووەتە ناو مێژوو و بە جۆرێک باسی لێوە دەکرێت کە چاکسازیی هێندە گرنگی ئەنجام داوە تورکیای کردووەتە وڵاتێکی عەلمانی و پیشەسازی.
بەهۆی ئەو سیاسەتە عەلمانی و نەتەوەیییەی گرتبوویەبەر و بیردۆزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بە دامەزرێنەری فیکری کەمالیزم لەقەڵەم دەدرێت.
لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا ئەتاتورک لەنێو سوپای عوسمانییەکاندا وەک فەرماندەی چەندین بەرە بەشداری لە جەنگەکەدا کرد و سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ئەتاتورک لە کاتی جەنگی ڕزگاری، حکومەتی ئەنقەرەی دامەزراند و بەهۆی ئەوەی وەک سەرۆکی فەرماندەی سوپاکانی تورکیا لە جەنگی ساکاریا سەرکەوتنی بەدەست هێنا ناسناوی "غازی" پێ درا.
لە دوای ئەو جەنگە پارتیی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی دامەزراند و لە 29ی تشرینی یەکەمی 1923 کۆماری تورکیای ڕاگەیاند و تا مردنی لەساڵی 1938 بۆ ماوەی چوار خول سەرکۆماری تورکیا بوو.
هەرچەند بە جۆرێک باس لە ئەتاتورکیش بکرێت کە لەسەر بنەمای عەلمانییەت و نەتەوەیی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە تورکیادا کردووە و دەوڵەتێکی نەتەوەییی پێشکەوتووی دامەزراندووە، بەڵام کورد و ئایینپەروەر و چەپەکان جەخت لەوە دەکەنەوە لە سەردەمی حوکمڕانی ئەودا کۆتایی بەو کەمە ئازادییەیش هێنرا کە لەسەردەمی عوسمانییەکان بۆ پێکهاتە نەتەوەیییەکانی دیکە دەستەبەر کرابوون و تەواوی جیاوازییە نەتەوەیییەکان سڕدرانەوە و هەموو شتێک بە ناوی تورکەوە کرا لە کاتێکدا بەر لە پەیماننامەی لۆزان وەک دەسەڵاتداری تورکیا خۆڕێبەری بە کورد دابوو و لەوبارەیەوە گشتاندنی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕەوانە کردبوو.
دوای واژووکردنی پەیماننامەی لۆزان لە 1923 ئەو مافەی لە کورد ستاندەوە و بەشێکی زۆر لەو کوردانەی ڕۆڵی گرنگیشیان هەبوو لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا دوور خرانەوە. ئەتاتورک و حکومەتەکەی بە ئاگر و ئاسن کەوتە وێزەی هەر جوڵانەوەیەکی کورد کە داوای مافەکانی خۆیان دەرکرد، سەرکوتکردنەوەی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران و کۆمەڵکوژی دێرسیم لە دیارترین نمونەی ئەمەن.
لەگەڵ ئەوەشدا لە سەردەمی ئەتاتورک هاوشێوەی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی خۆرئاوا دان بە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ژنان نران و فرەهاوسەرگیری قەدەغە کرا و وەرگرتنی میرات و شایەتیدانی ژنان وەک پیاوی لێ کرا و لە 1931یشەوە ژنان مافی دەنگدان و خۆ کاندیدکردنیان پێ درا.
ئەتاتورک لە پڕۆسەی بە دامەزراوەییکردنی تورکیادا چەندین دامەزراوەی نوێی دروست کرد و سەرجەم دامەزراوەکانیش بە ناوی تورک'ەوە بوون نەک تورکیا. ئەمەیش ڕێک بە واتا سڕینەوەی تەواوی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانە دێت کە لەوێ دەژین و هێشتا ناوی هیچ یەک لەو دامەزراوانە نەگۆڕدراوە.
لە سەردەمی ئەتاتورکدا هەموو شتێک لەسەر بنەمای تورک و تورکێتی و تورکچێتی بونیاد نرا و تەنانەت کورد وەک دووەم گەورەترین نەتەوەی تورکیا وەک بەشێک لە نەتەوەی تورک لەقەڵەم دەدرا و بە ئێستاشەوە خەڵکانێکی زۆر باس لەوە دەکەن گوایە گەلی تورک لە کورد و تورک پێکدێت. ئەمەیش جۆرێکی دیکەی هەوڵدانە بۆ تواندنەوە و سڕینەوەی کورد بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەوە.
لە سەردەمی ئەتاتورکدا چاکسازی گرنگ ئەنجام درا لە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازی و بە هۆی سەرسامبوونی بە وڵاتانی خۆرئاوا، ئەتاتورک سەرکەوتوو بوو لەوەی تورکیا لە وڵاتێک کە لەسەر میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بونیاد نرابوو بکات بە وڵاتێکی عەلمانی و تەنانەت ئەلفوبێیشی لە پیتی عەرەبییەوە گۆڕی بۆ لاتینی.
ئەوانەی مەیلیان بە لای عوسمانییەکاندایە ڕەخنەی ئەوە لە ئەتاتورک دەگرن کە خەلافەتی عوسمانی ڕووخاندووە و لەسەر میراتی ئەو ئیمپراتۆرییە پاشخان ئایینییە دەوڵەتێکی لادینی دروست کردووە و ئەتاتورک بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دژی ئیسلام بووە و بۆ ئەمەش نمونە بەوە دەهێننەوە کە پڕۆگرامی خوێندن لە سەردەمی ئەتاتورک بە جۆرێک گۆڕدراوە گاڵتە بە ئیسلام کراوە و بانگیش لە سەردەمی ئەتاتورک لە عەرەبییەوە کراوەتە تورکی.
ئەتاتورک لە ژیانیدا یەکجار هاوسەرگیری کردووە ئەویش لەگەڵ لەتیفە ئوشاککی بووە و دوای تێپەڕینی دوو ساڵ و شەش مانگ لێک جیابوونەوە و هیچ منداڵێکیان نەبووە.
موستەفا کەمال ئەتاتورک لە 10ی تشرینی دووەمی 1938 و لە تەمەنی 57 ساڵیدا بە هۆی توشبوونی بە نەخۆشیی بەڕیشاڵبوونی جگەر کۆچی دوایی کرد.