دووبارە تەمەنی خانەنشینی لە عێراق بەرز دەکرێتەوە

#تەمەنی خانەنشینی#63 ساڵ#هەمواری یاسای خانەنشینی
8 مانگ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەپێی پڕۆژەیەک دووبارە تەمەنی خانەنشینی سێ ساڵ زیاد دەکرێت و دەبێتەوە بە 63 ساڵ
  • ساڵی 2019 یاسای خانەنشینی هەموار کرایەوە و تەمەنی خانەنشینی سێ ساڵ کەمکرایەوە و کرا بە 60 ساڵ
Primary Asset

خۆپیشاندانی ژمارەیەک خانەنشین لە سلێمانی- فۆتۆ: ئەرشیف

سبەی

گفتوگۆ و دانوستانەکان لەسەر گۆڕینی تەمەنی خانەنشینی بەردەوامە، بەپێی پڕۆژەیەک دووبارە تەمەنی خانەنشینی سێ ساڵ زیاد دەکرێت و دەبێتەوە بە 63 ساڵ.

پڕۆژە یاسایەک لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدایە، بۆ دووبارە هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، بە جۆرێک تەمەنی خانەنشینی بکرێتەوە بە 63 ساڵ، لەکاتێکدا ساڵی 2019 تەمەنی خانەنشینی کەمکراوەتەوە بۆ 60 ساڵ.

بەهۆی ئەوەی پڕۆژە یاساکە لێکەوتەی دارایی هەیە و لەمپەری یاسایی و ئابوری لەبەردمدایە تائێستا گفتوگۆکان لەبارەیانەوە بەردەوامە و پەرلەمانی چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە کە گفتوگۆ و بڕیاری کۆتایی لەبارەیەوە بدات.

مورتەزا ساعدی، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: پڕۆژەکە تائێستا لە قۆناغی ئامادەکاریدایە لەلایەن حکومەتەوە، بەهۆی ئەوەی لێکەوتەی دارایی هەیە، لەبەرامبەردا دیدی گشتی پەرلەمان ئەوەیە تەمەنی خانەنشینی بکرێتەوە بە 63 ساڵ نەک 60 ساڵ بێت.

بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ژماری نۆی ساڵی 2014، تەمەنی فەرمی خانەنشینی لە عێراق 63 ساڵ بوو، بەڵام ساڵی 2019 یاساکە هەموار کرایەوە و گۆڕانکاریی لە ماددەی 10 کرا کە تایبەتە بە تەمەنی خانەنشینی و سێ ساڵ کەمکرایەوە و 60 ساڵ وەک تەمەنی خانەنشینی دیاریکرا لە حاڵەتی ئاساییدا، بە دەر لە حاڵەتی نائاسایی و نەخۆشی و پەککەوتن و خانەنشینی پێشوەختەی ئارەزوومەندانە، کە مەرج و رێکاری تایبەتی هەیە لە یاساکەدا.

محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوڕایە لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ئاشکرای دەکات: پێشتر تەمەنی خانەنشینی گۆڕانکاریی تێدا کراوە و کەمکراوەتەوە بۆ 60 ساڵ، لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەتایبەتی لیژنەی دارایی پێشنیازی کردبوو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران هەمواری یاسای خانەنشینی و زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی بخاتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام حکومەت پڕۆژەکەی کشاندەوە، لەبەرامبەردا جوڵەیەکی نوێ هەیە بۆ هەموارکردنی تەمەنی خانەنشینی و دووبارە گەڕاندنەوەی بۆ تەمەنی 63 ساڵ. 

بەوتەی خەفاجی، پەرلەمان لەبەردەم دوو رێگەدایە، یان وەرگرتنی رەزامەندی حکومەت، یان هەوڵی هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاساکە بەجۆرێک لێکەوتەی دارایی ئەوەتۆی نەبێت کە ئەنجومەنی وەزیران بتوانێت تانەی لێبدات.

لیژنەی دارایی و نوێنەرانی کوردیش هاوڕان لەگەڵ ئەوەی تەمەنی خانەنشینی زیاد بکرێت، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پاڵپشتی ئەوە دەکات تەمەنی خانەنشینی بگەڕێتەوە بۆ 63 ساڵ، بەڵام ئەوە بە تەنها لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران نییە، چونکە لێکەوتەی دارایی هەیە و هەموارکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە دەسەڵاتی حکومەتە، لەگەڵئەوەشدا پەرلەمان دەتوانێت ئەو داواکارییەی هەبێت.

یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، یەکێکە لە یاسا گرنگ و بەرکارەکان لە روی تەمەنی خانەنشینی و مەرج و پێداویستییەکان و ئاستی مووچەوە، بەجۆرێک بەپێی یاساکە کەمترین مووچەی خانەنشینی 500 هەزار دینارە، لەگەڵ زیادکردنی 100 هەزار دینار وەک پێویستی ژیان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کەمترین مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، بۆیە داواکاریی سەرەکیی بەشێک لەلایەنە سیاسی و رێکخراوەکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و یەکێتی خانەنشینی کوردستان، جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووە لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەش سکاڵای یاساییان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، دادگاش بڕیاریداوە کە دەبێت مووچە و ماف و ئیمتیازی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتاری عێراقی فیدراڵ بکرێت.

ماوەی دوو مانگە بە بڕیاری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، مووچەی خانەنشینانی شارستانی هاوتای عێراق کراوە و کەمترین مووچە کراوەتە 500 هەزار دینار، بەڵام تائێستا مووچەی خانەنشینی سەربازیی وەک خۆی ماوەتەوە و دەستکاریی نەکراوە، وەزارەتی داراییش رایگەیاندووە: تا ساڵی داهاتوو دەستکاری مووچەی خانەنشینی سەربازیی ناکرێت و چاوەڕوانی رێککەوتنن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی