دوای نزیكەی 14 ساڵ لە پچڕانی؛ بەریتانیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوریا ئاسایی دەكاتەوە

#سوریا#بەریتانیا
11 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دوای سەردانەكەی بۆ دیمەشق، دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە گەڕانەوەی بۆ لەندەن رایگەیاند:"هیوایەكی دیكە هەیە بۆ گەلی سوریا، بەریتانیا پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی دەستپێدەكاتەوە، چونكە لە بەرژەوەندیمانە پشتیوانی حكومەتی نوێ بكەین، وەك وەفایەك بۆ پابەندیەكانمان بە بنیاتنانی داهاتوویەكی جێگیر و زیاتر ئارام و پێشكەوتوو بۆ هەموو سوریەكان".
Primary Asset

شەرع و لامی

سبەی

بەریتانیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوریا ئاسایی دەكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی دیمەشقی كرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا كۆبوەوە.

دوای سەردانەكەی بۆ دیمەشق، دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە گەڕانەوەی بۆ لەندەن رایگەیاند:"هیوایەكی دیكە هەیە بۆ گەلی سوریا، بەریتانیا پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی دەستپێدەكاتەوە، چونكە لە بەرژەوەندیمانە پشتیوانی حكومەتی نوێ بكەین، وەك وەفایەك بۆ پابەندیەكانمان بە بنیاتنانی داهاتوویەكی جێگیر و زیاتر ئارام و پێشكەوتوو بۆ هەموو سوریەكان".

لەبارەی سەردانەكەوە، سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكرددەوە:"ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە، پێشوازی لە دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كردووە، پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێكراون، لەگەڵ گۆڕانكارییە هەرێمیی و نێودەوڵەتیەكان".

بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی سوریا، شەیبانی گفتوگۆی فراوانی لەگەڵ لامی كردووە، لەوانەش سەبارەت بە پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها رێگەكانی گفتوگۆ و هاوكاریی لە بواری جیاواز كە جێی بایەخی هەردوولا بێت.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، لامی بەڵێنی لەندەنی بۆ شەیبانی گواستووەتەوە، بەوەی پشتیوانی كەرتی كشتوكاڵ و فێركردن دەبێت لە سوریا، هەروەها بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی سوریا كراوە بۆ لەندەن، كار بۆ ئەوەش دەكرێت دووبارە باڵیۆزخانەی سوریا لە لەندەن بكرێتەوە، جگە لەوەی رێككەوتن كراوە بۆ دروستكردنی ئەنجومەنی ئابوری سوری- بەریتانی.

لامی لەكاتی گەڕانەوەی بۆ لەندەن لە تۆڕی "ئێكس" نوسی:"پێشوازی لەو پێشكەوتنانە دەكەم كە لە سوریا بەدەست هاتووە، جەختیش لە پێویستیی گواستنەوەی سیاسی گشتگیر دەكەم لەو وڵاتە، ئێمە ئامادەین بۆ پشتیوانی حكومەتی نوێی سوریا".

بەریتانیا لە ساڵی 2012 ەوە دوای ساڵێك لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی سوریا، پەیوەندییەكانی لەگەڵ رژێمی پێشووی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە پچڕاند.

لە نیسانی ئەمساڵ، وەزارەتی خەزێنەی بەریتانیا هەڵگرتنی سزاكانی پێشووی سەر هەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی سوریای راگەیاند.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی