ئەردۆغان
سبەی
لە کاتێکدا چاوەڕێ دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پۆلێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا چەکەکانیان ڕادەست بکەن، ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا دوو جار پەکەکە بە "ڕێکخراوی تیرۆریستی" ناوبرد و حەوت جاریش وشەی "تیرۆر"ی بۆ پەکەکە بەکارهێنا و دەڵێت: "هیچ کێشەیەک نییە لە ناونانی پرۆسەکە بە 'تورکیای بێ تیرۆر' و دەم پارتییش وا دەڵێت".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ شەممە 5ـی تەمووزی 2025 لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجانەوە بۆ تورکیا لەنێو فڕۆکە لەبارەی پێشهاتەکانەوە دوا و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
هەرچەند هەم بەرپرسانی تورکیا و هەم دەم پارتی ئاماژە بەوە دەدەن هەنگاوی گرنگ نراوە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نوێیەی دەستی پێکردووە، بەڵام هێشتا کۆک نین لەسەر ناونانی پرۆسەکە، لە کاتێکدا دەم پارتی و پەکەکە بە پرۆسەکە دەڵێن "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" کەچی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و مەهەپەی هاوپەیمانی پرۆسەکە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناو دەبەن و ئەمڕۆیش ئەردۆغان ڕایگەیاند لەو باوەڕەدان دەگەن بە ئامانجەکەیان کە 'تورکیای بێ تیرۆر'ە و دەڵێت: "وەک چۆن زۆربەی خەونەکانی گەلەکەمان بەدیهێنا، ئەم خەونەش بەدی دێنین کە دەبێتە هۆی پتەوکردنی برایەتیمان و بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی. هەنگاوەکانی تورکیای بێ تیرۆر بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو بە دوای یەکدا دێن".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە “هەڵوێستی ئەوان نەگۆڕە و پەکەکە دەبێت بەبێ مەرج چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە”.
ئەردۆغان جارێکی دیکە پەکەکە بە 'ڕێکخراوی تیرۆریستی' ناو دەبات و دەڵێت: "لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیاری چەکدانان لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستییەوە، پرۆسەکە کەمێک خێراتر دەبێت. لەگەڵ نەهێشتنی چەک، خوێنڕشتن، فرمێسکڕشتن، دەرگایەکی نوێ بۆ هەتاهەتایە لە بەردەممان دەکرێتەوە".
هیچ کێشەیەک نییە لە ناونانی پرۆسەکە بە "تورکیای بێ تیرۆر"
ئەردۆغان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان بە وردی چاودێری تەواوی پێشهاتەکانی پرۆسەکە دەکەن و هەنگاوی پێویست دەنێن، دەڵێت: "پرۆسەکە بۆ خودی خۆی جێ ناهێڵین و چاو لە کاری تێکدەرانە ناپۆشین. بە وردی کارەکان بەڕێوەدەچن و بە هەنگاوی دڵنیاییدەرانە پرۆسەکە بەرەو پێش دەچێت".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پارتی تاوتوێی ئەو هەنگاوانە دەکەن کە تا ئێستا نراون و لەمەودوایش دەنرێن بۆ گەیشتن بە ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' و دەڵێت: "هەفتەی داهاتوو پێشوازی لە پەروین بوڵدان و میحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی دەکەم. چەکدانانی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ گەشەی ئابوری، دیموکراتییەت و پاراستنی ئاسایشی تورکیا".
لە کاتێکدا دەم پارتی و پەکەکە و چالاکوانانی کورد لە تورکیا و باکوری کوردستان نیگەرانن لە ناوهێنانی پرۆسەکە بە "تورکیای بێ تیرۆر"، کەچی ئەردۆغان بانگەشەی ئەوەدەکات هیچ کێشەیەک نییە لە ناونانی پرۆسەکە و دەڵێت: "ئێستا فراکسیۆنی دەم پارتییش لە پەرلەمان بەو شێوەیە ناوی پرۆسەکە دەهێنێت. خوا یار بێت پێکەوە خەباتی "تورکیای بێ تیرۆر" دەگەیەنینە ئەنجام. بەیەکەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی لە تەواوی وڵات و لە خۆرهەڵاتی ئانادۆڵو و باشوری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵو 'تورکیای بێ تیرۆر' بونیاد بنێین".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان وەک هاوپەیمانی کۆمار کە لە ئاک پارتی دەسەڵاتدار، مەهەپە و ژمارەیەک پارتی دیکە پێکهاتووە لەوە هاوڕان، دەڵێت: "خوا یار بێت تورکیای بێ تیرۆر بونیاد دەنێین. وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا چاودێری پرۆسەی چەکدانان دەکەن".
ئەردۆغان هەڕەشە لە هەسەدە دەکات
ئەردۆغان جارێکی دیکە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی وەک 'ڕێکخراوی تیرۆریستی' و 'درێژکراوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی ناو هێنا و دەڵێت: "تەنیا گەلی سوریا خاوەنی سەرچاوە و تواناکانی سوریایە و هیچ پلانێک قبوڵ ناکەین کە ڕەوایەتی بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و درێژکراوەکانی بدات".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە بە بە تەواوی تواناکانیانەوە هەوڵ دەدەن تەواوی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" لە سوریا لەچالاکی بخرێن، تەواوی گروپە چەکدارەکان هەڵبوەشێندرێنەوە و تەنیا سوپای سوریا لە تەواوی خاکی سوریا باڵادەست ببێت.
ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەش دەکات هەر کەسێک بیەوێت سەقامگیری و ئاسوودەیی سوریا تێک بدات ئەوا تورکیا لەبەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە.