وەڵام بۆ وتەبێژەكەی سودانی؛ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

#هەرێم#بەغداد#درۆن
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دوای ئەوەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە وەڵامی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە تۆمەتباركردنی حەشدی شەعبی" بە ئەنجامدانی هێرشە درۆنیەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان داوای بەڵگەی كرد، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت" هەست دەكەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن".
Primary Asset

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان

سبەی

دوای ئەوەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە وەڵامی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە تۆمەتباركردنی حەشدی شەعبی" بە ئەنجامدانی هێرشە درۆنیەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان" داوای بەڵگەی كرد، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت" هەست دەكەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن".

لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا هاتووە:" ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بە داخەوە هەست دەكەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن".

دەشڵێت "لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر، ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە".

"لێرەدا ڕایدەگەیەنین كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە". وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.

ئەمڕۆ سەباح نوعمان، وتەبێژ بەناوی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا، وەڵامی راگەیەندراوێكی پێشتری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی دایەوە و رایگەیاند:"ئەوەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە بڵاوكراوەتەوە لە تۆمەتباركردنی دامەزراوەیەكی ئەمنی فەرمیی عێراق، بەهیچ بیانوییەك قبوڵكراو نییە و ئیدانەی دەكەین، بەتایبەتی كە بەڵگە نییە ئەو تۆمەتە بسەلمێنێت، داوا دەكەین ئەگەر بەڵگەیەكی هەیە بخرێتە بەردەستی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەت".

ئاماژەی بەوەشكردبوو؛ "حكومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنییەكانی لە چەندین بۆنەدا دووپاتی كردوەتەوە كە سازش لەسەر مافەكانی خەڵكی عێراق و ئاسایشیان ناكات، درێغییش ناكات لە گرتنەبەری رێكاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێك كە هەوڵی تێكدانی سەقامگیریی و ئاسایشی سەرتاسەری عێراق بدات".

" ئاڵنگارییە هەنوكەییەكان پێویستی بە هاوكاریی و هەماهەنگی هەیە لە رێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە، لە بری ئەوەی پەنا ببرێتە بەر راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی راپۆرت و لێدوان، ئەوەش دەرفەت بۆ هەلپەرستان دەخوڵقێنێت، كە زیان بەو دامەزراوانە بگەیەنن كە پارێزگاریی لە عێراق دەكەن، پاساو دەداتە دەستی دوژمنان بۆ تێكدانی سەقامگیریی عێراق". وتەبێژەكەی سودانی وای وت.

رونكردنەوەكەی سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دوای ئەوە هات كە، شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا بڵاوی كردەوە " لە چەند میدیایەكی ئەلكترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاوكراوەتەوە كە گوایە شەوی رابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرش كراوەتە سەر بنكەیەكی سەر بە ئیسرائیل".

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو:" هەمو ئەو هەواڵانە چەواشەكارین و دوورن لە ڕاستی، نە بنكەی ئیسرائیلی لە كوردستان هەن و نە ئۆپەراسیۆنی واش ئەنجام دراون".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "شەوی رابردوو درۆنێك لە ناوچەیەكی چۆلەوانی لە نزیك هەولێر كەوتۆتە خوارەوە. ئەم هێرشانەش لە لایەن هەندێ گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵی سنورێك بۆ ئەم كارە تێكدەرانە دابنێن و رێكاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی