ئاهەنگی دەرچوونی خولی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان
سبەی
بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات: تائێستا 30 لیوای هاوبەشی پێشمەرگە یەکخراونەتەوە و تا ساڵی 2026 هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێت.
لیوا هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە لە وەزارەتی پیشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگهیاند: لەبەرنامەدایە فیرقەی پێنج و شەشی وەزارەتی پێشمەرگە رێکبخرێنەوە و تا ساڵی 2026 هیچ هێزێک لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێت و سەرجەمان یەکدەخرێنەوە.
"لە بەردەوامیی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری پێشمەرگەدا، نزیکەی 30 لیوای هاوبەشی پێشمەرگە لە هێزە جیاوازەکان پێکهێنراون و پڕۆسەکەش بەپێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێتەوە. ئەمەش بە وتەی لیوا هۆشمەند.
پڕۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوە و چاکسازیی لە ریزەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و راهێنان و پڕچەککردنیان، لە ژێر سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و کەنەدا و بە هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە لە سەروبەندی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 دەستیپێکردوە و تائێستاش بەردەوامە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی رەسمی، لەماوەی ساڵانی رابردوودا تونراوە شەش فیرقەی سەربازی لە 30 لیوای هاوبەش پێبکبهێنرێت، هەرچەندە پڕۆسەکە زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەرپرسانی هەرێم سورن لەسەر بەردەوامی دان بە رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
سێ رۆژ لەمەوبەر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەریمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێم، لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان رایگەیاند: باوەڕێکی پتەومان هەیە کە پێویستە پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان دامەزراوەی نیشتیمانی و پیشەیی سەربەخۆبن، دووربن لە ململانێی ناکۆکی و حزیبی و سیاسی، سەر بە گەل و نیشتمان بن، هێزی پیشمەرگە بەشێکی گرنگ و سەرەکی سیستمی بەرگری عێراقە، بۆیە ئەرکی عێراقە پشتگیریی بەهێزکردنی پێشمەرگە بکات، بۆ ئەوەی بتوانن روبەڕووی هەمو ئاڵنگارییەک ببنەوە و هەمیشە قەڵای پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق بن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لە هەماهەنگی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردەوە و سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشی کرد بۆ یارمەتیدان و پشتگیریی پێشمەرگە و ووتی :"پێزانینمان هەیە بۆ پاڵپشتییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ببنە هێزی پارێزگاریی لە هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، وێڕای هەمو کێشەکان و خاویی هەنگاوەکان، دووپاتی دەکەینەوە ئیرادەی بەهێزمان هەیە بۆ یەکخستنەوە و بەرەوپێشبردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کردنیان بە هێزێکی یەکگرتوی نیشتیمانی".
لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک دوو هێزی دەسەڵاتدار کە هەریەکە و فەرمانڕەوایی دوو پارێزگای هەرێم دەکەن، لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا و یەکەی تایبەتیان هەیە، پارتی خاوەندارێتی لە هێزەکانی پشتیوانی یەک و هێزەکانی 80 و زێرەڤانی و هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ، چەند لیوا و یەکەیەکی دیکەی تایبەتی بەرپرسان دەکات، سەرەڕای ئەوەی هێزی هەواڵگریی و دژەتیرۆریشیان هەیە، بە هەمانشێوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هێزەکانی پشتیوانی دوو، هێزەکانی 70، پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن، کۆماندۆ، دژە تیرۆر و دەزگای هەواڵگریی و زانیاریی خۆی هەیە.
یەکنەخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بوونی هێزی جیاواز لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت و وەزارەتی پەیوەندیدارە بەردەوام جێگای رەخنەی ناوخۆیی و دەرەکی بووە و تائێستا نەتوانراوە ئەو هێزانە لە ژێر سایەی یەک فەرماندەییدا کۆبکرێنەوە، دوور لە دەستێوەردانی حزبی.