گەورەترین و فراوانترین پڕۆسەی سەرژمێری گشتی بەڕێوەدەچێت

#
یەک ساڵ لەمەوپێش
سبەی
Primary Asset

سبەی

قۆناغی سێیەم و تەواوکاری و مەیدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق بەڕێوەدەچێت لەماوەی دوو رۆژدا زۆرترین داتا لە چوارچێوەی زیاتر لە 70 پرسیار و وەڵامدا لە هەر خێزانێک کۆدەکرێتەوە.

دوای چەند جارێک لە دواخستن و چەند ساڵێک لە ئامادەکاریی، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە (20و21)ی مانگ گەورەترین و فراوانترین پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق لە سەرتاسەری وڵات بەڕێوەچێت، کە بە گەورەترین پڕۆسە لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت، بۆ سەرژمێری دانیشتوان و ئاوایی.

مەهدی عەلاق، راوێژکاری نیشتیمانی بۆ سەرژمێری گشتی رایگەیاندوە: کارمەندانی مەیدانی ئەمڕۆ دەست بە پڕۆسە گشتییەکەی سەرژمێری دەکەن، پڕۆسەکە ئەلیکترۆنییە و لە رێگەی تابلێتی تایبەت و پڕۆگرام کراوەوە داتا و زانیاریی کۆدەکرێتەوە و تۆمار دەکرێت و دەنێردرێت بۆ ناوەندی سەرەکی داتاکان، ئەوەش رێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی زانیارییەکان بە زوترین و خێراترین کات کۆبکرێتەوە، تایبەت بە تایبەتمەندی دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی و لایەنەکانی ژیان.

پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە مانگی ئەیلولەوە، قۆناغی یەکەم بە گەمارۆسازی و ژمارە لێدان دەستیپێکرد، قۆناغی دووەم لە16ی مانگەوە دەستی پێکردوە کە دروستکردنی تۆماری خێزانییە، قۆناغی سێیەم و گرنگترینیش ئەمڕۆ چوارشەممە دەست پێدەکات کە تەواوکردنی تۆماری خێزانی و سەرجەم داتاکانی ناو فۆڕمی سەرژمێرییەکەیە سبەینێ پێنجشەممە 12ی شەو تۆماری خێزان دەدەخرێت و دواتریش پڕۆسەکە تا 10/12/2024 بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی پلاندانان بۆ چەندەیەمین جار دڵنیایی داوە بە هاوڵاتیان کە سەرجەم زانیارییەکان تەنها بۆ پلاندانان و گەشەپێدان بەکاردەهێنرێت بەبێ هیچ مەرامێکی دیکە، بۆ زانینی ژمارەی وردی خێزان، دانیشتوان، ئاستی هەژاری، ئاستی خزمەتگوزاریی و بابەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری، بەدەر لە هەر مەرامێکی دیکەی سیاسی.

بەپێی فۆڕمی سەرژمێری زانیاریی وورد کۆدەکرێتەوە لەسەر خێزان، ژمارەی ئەندامانی خێزان، رەگەز، تەمەن، بڕوانامە و خوێندەواری، کار و وەزیفە، کارمەندی کەرتی گشتی و تایبەتی، باری کۆمەڵایەتی، ئایین، تەندروستی، نیشتەجێ بوون، باڵەخانە و بیناکان، ئامێری کارەبایی و ئەلیکترۆنی، ئۆتۆمبێل، پێداویستییەکانی ناو ماڵ.

بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، کاتژمێر 12ی شەوی رابردوو قەدەغەی هاتووچۆ دەستی پێکرد و بۆ ماوەی 48 کاتژمێر و کاتژمێر 12ی شەوی پێنجشەممە کۆتایی دێت و دوای ئەوەش تۆماری خێزانیی دانیشتوان دادەخرێت، بۆیە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هاوکاریی تیمەکانی سەرژمێری بکەن و زانیاری وردو راست بدەن بە تیمەکان، بۆ دەستکەوتنی ئاماری ورد و راست، تا لەسەر ئەو بنەمایە نەخشە و پلاندانان بۆ قۆناغی داهاتوو دابنرێت.

لیژنەی باڵای ئەمنی، حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشیی (ج) رادەگەیەنێت لەماوەی 48 کاتژمێری قەدەغەی هاتوچۆدا و رێگە بە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و فریاکەوتن و رۆژنامەنوسان و نەخۆشخانە و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و کەرتی خزمەتگوزاریی دەدات کە هاتوچۆی سنوردار بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانخانە و شوێنەکانی فرۆشتنی کەرەستەی خۆراکی و نانەواخانە و سەمونخانەکان لە گەڕەک و شوێنەکانی نیشتەجێ بوون کراوە دەبن.

عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد: بۆ پڕۆسەی سەرژمێری گشتی 120 هەزار بژمێر و توێژەر پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن و حکومەتی فیدراڵیش بڕی 459 ملیار دیناری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە تەرخانکردووە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی