
سبەی
بەپێی بنکۆڵکارییەکی رۆژنامەوانی، زیاتر لە 500 هەزار کەس لە عێراقدا سواڵ دەکەن، بەشێکیان باندن و زۆرینەشیان هەژارنین و وەک پیشە کارە دەکەن.
فازڵ غەڕاوی سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد؛ ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق سواڵ دەکەن زیاتر لە 500 هەزار کەسە، زۆرینەیان ژن و منداڵن، 70%ی ئەو کەسانە بەشێکن لە گروپی تاوانکاریی رێکخراو، 20% لە رێگای ئەلیکترۆنییەوە، 10%یان بەشێوە کۆنەکە و لەسەر شەقامەکان سواڵ دەکەن.
وتیشی :"سواڵ و دەرۆزەی ئەلیکترۆنی و تەندروستی لەژێر پەردەی دروستکردنی پڕۆژەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت".
هۆشداریی دا لەوەی کەسانی بیانی لە عێراق فێری سواڵکردن کراون :"مەترسیدارترین جۆری بازرگانی بە مرۆڤەوەیە، گروپی مافیای رێکخراون، دۆخی یاسایی و ئاسایش و ئابوری وڵاتیان قۆستوەتەوە بۆ بازرگانی بە مرۆڤی بیانی و بێگانە بەکارهێنانیان بۆ دەرۆزە و سواڵکردن".
بابەتە رۆژنامەوانییە بنکۆڵکارییەکە لەلایەن تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەوانی بنکۆڵکاریی ئەنجامدراوە و لە ژمارەیەک میدیای عێراقی بڵاوکراوەتەوە، گەیشتونەتە چەندین زانیاریی نهێنی و ئاشکرا نەکراو، لەوانەی باندی مافیایی رێکخراو کەسانی بیانی بۆ کاری سواڵکردن بەکاردەهێنن لەژێر چەندین ناودا، لەوانە کرێکاریی، سەردانی گەشتیاری و ئاینی، پەنابەریی، زۆرینەی ئەو بیانیانی و بێگانانەی کە کاری سواڵیان پێدەکرێت لە وڵاتانی ناوچەی ئاسیان، بەنگلادیشی لە پلەی یەکەم و لەناو رەگەزنامەی عەرەبی هاوڵاتیانی سوریی بە پلەی یەکەم دێن.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ساڵانی 2023 و 2024 زیاتر لە 10 هەزار سواڵکەری بیانی گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانیان، لەگەڵئەوەشدا هێشتا هەزاران کەس لەناو عێراقدا ماونەتەوە، بۆیە داتایەکی ورد نییە لەسەر ئەو کەسانە و رەگەزنامەکانیان.
بەپێی توێژینەوەیەکی ناوەندی نەهرەین بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کە سەر بە راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆک وەزیرانە و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بڵاوبوەتەوە؛ دۆخی خراپی ئابوری، هەژاری و بێکاریی، ئاوارەبوون و لەدەستدانی ماڵ و کار و پیشە، خراپی سیستمی پەروەردە، ناسەقامگیریی کە هۆکاری زۆربوونی نەخوێندەوارییە، لەگەڵ لاوازی بەرنامەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی دیاردەی سواڵکردنن.
مانگی ئازاری ساڵی 2023، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی داوای لە سەرۆکایەتی دادگاکان و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کرد کە هەڵمەتێکی بەرفراوانی روبەڕوبونەوە و بنەبڕکردنی بازرگانی بە مرۆڤەوە ئەنجام بدەن، بۆ کۆتایی هێنان بەدیاردەی سواڵکردن کە بە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی وڵات دایناوە.
سەرچاوەیەکی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق هۆکاری زۆربونی دیاردەی سواڵکردنی گەڕاندوەتەوە بۆ ئەوەی، کە دەستکەوتنی پارە لەو رێگەیەوە ماندبوونی ناوێت، بەنموونە کرێکارێکی بیانی کە ئەزمون و شارەزایی هەبێت مووچەی مانگانەکەی لە نێوان 300-500 دۆلارە، بەڵام هەمان کەس لە ماوەی چوار بۆ شەش کاتژمێر سواڵکردن لەسەر شەقام و ناوچەیەکی قەرەباڵغ رۆژانە لایەنی کەم 30 دۆلاری دەستدەکەوێت، ئەو پارەیە نزیکەی دوو بۆ سێ ئەوەندەی ئەو بڕەیە لە کارکردن و ماندوێتییەکی زۆر دەستی دەکەوێت.
هەمان سەرچاوە ئاشکرای کردووە، بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە هەڵمەتێکی گەورەی چاودێری کۆمەڵایەتی خێزانیان دەستپێکردووە و مووچە بۆ زیاتر لە حەوت هەزار کەس بڕدراوەتەوە، بەڵام ئەو پڕۆسەیە هێشتا کاردانەوەیەکی بەرجەستەی دروست نەکردووە.
ئەحمەد خەڵەف، سەرۆکی دەستەی چاودێری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار ئاشکرای کردووە: بەپێی بەدواداچوونەکان 90%ی ئەو کەسانەی سواڵ دەکەن موچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان هەیە، لەنێو ئەو حەوت ملیۆن هاوڵاتییەی کە سودمەندن لە پڕۆگرامەکە، بۆیان دەرکەوتووە بڕینەوەی مووچەی چاودێریی نەیتوانی رێگریی بکات لە بەردەوام بوونی ئەو کەسانە لە کاری سواڵ دەرۆزە کردن.
