چەند شەرڤانێکی هەسەدە
سبەی
شەوی ڕابردوو لەبەرەی "حەربل" كە دەكەوێتە باشوری شارۆچكەی "مارع" لە نزیك حەلەب، شەڕی قورس لەنێوان "سوپای نیشتمانی" كە گروپێكی سەر بە توركیایە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕوویدا، لەكاتێكدا سوپای توركیا تۆپبارانی گوندەكانی تل ڕەفعەتی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی دەكرد، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی كردەوەكانی داعش لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان.
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند: بەرەی "حەربل" شەوی ڕابردوو بۆردومان و پێكدادانی قورسی لەنێوان هەسەدە و سوپای نیشتمانی سوریای بەخۆوە بینیوە، لەوكاتەشدا سوپای توركیا بە چڕی بۆردومانی پێگەكانی هەسەدەی كردووە، هێزەكانی سوریای دیموكرات لەیەككاتدا وەڵامی هەردوو بەرەكەی شەڕیان داوەتەوە.
هەسەدە دزەی کردووەتە ناوچەکانیانەوە
لەوبارەیەوە چەند سەرچاوەیەك لە "سوپای نیشتمانی" بە عەرەبی جەدیدیان وتووە"چەكدارانی سوپای نیشتمانی لە باكوری حەلەب كەوتوونەتە ئامادەباشییەوە، ئەویش بەهۆی ئەو پرۆسەی دزەكردنەی پێش دوو ڕۆژ هێزەكانی هەسەدە بۆ سەر ئەو ناوچەیە ئەنجامیانداوە، بەهۆی دزەكردنی ئەندامانی هەسەدە بۆناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپەی سەر بە توركیا، ئەو چەكدارانە لە دڵەڕاوكێدان و هۆشدارییان پێدراوە وەڵامی هەر هێرشێكی هەسەدە بدەنەوە و بە وریاییەوە مامەڵە بكەن".
ئەمەریکا بۆردومانی گروپەکانی نزیک لە ئێران دەکات
شەڕی هەسەدە لەگەڵ ئەو گروپانەی نزیك لە توركیا و بۆردومانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەكاتێكدایە، لە دەوروبەری حەسەكە فرۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا پێگەی گروپێكی چەكداریان لە ناوچەی "دشیشە" كە نزیكە لە شارۆچكەی شەدادی بۆردومان كردووە، بەوتەی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەو پێگەیەی بۆردومان كراوە سەر بە گروپێكی چەكداری ئێرانە، دوای ئەوەی بنكەی "شەدادی" ئەمەریكایان لەڕێگەی موشەكەوە كردووەتەئامانج.
ئەو گروپە چەكدارانەی نزیك لە ئێران و سەر بە حكومەتی سوریا، لە 19 ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوەوە 158 هێرشیان بۆسەر بنكە ئەمەریكیەكان لەڕێگەی موشەك و درۆنەوە ئەنجامداوە.
داعش جموجوڵەکانی زیادی کردووە
پێكدادانی نێوان هەسەدە و گروپەكانی نزیك لە توركیا و سوپای توركیا لەكاتێكدایە، ماوەیەكە جموجوڵەكانی چەكدارانی داعش لەناوچە سنورییەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیادیكردووە.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، چەكدارانی داعش لە دوو ناوچەی جیاواز تەقەیان لە تانكەری گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیان كردووە، هەردوو ڕووداوەكەش لە پارێزگای دێرەزوور بووە كە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە، بەوەش لەماوەی هەفتەیەكدا چوارجار تانكەری گواستنەوەی نەوت لە ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا كراوەتە ئامانج.
دووشەممەی ڕابردوو داعش بەرپرسیارێتی بەئامانجگرتنی چەند تانكەرێكی نەوتی لە نزیك گوندی "مەكمان" ی ناوچەی ئەبوخەشەب لە ڕۆژئاوای دێرەزوور كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە شۆفێرێك كوژراوە و سێ تانكەریش سوتاون.
تورکیا لە ڕێگەی درۆنەوە پشتیوانییان دەکات
هێرشە بەردەوامەكانی چەكدارانی داعش و گروپەكانی سەربە توركیا لەكاتێكدایە، توركیا لە ڕێگەی درۆنەوە هاوكاری گروپەكان دەكات تا هێرش بكەنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئێوارەی دوێنێ ئەو گروپانە لە ڕێگەی دوو درۆنی خۆكوژییەوە هێرشیان كردووەتە سەر بنكەیەكی هەسەدە لە گوندی "مەرعناز" ی سەر بە ناحیەی شەرا سەر بە كانتۆنی عەفرین، یەكێك لە درۆنەكان تەقیوەتەوە و یەكێكیان پێشتر لەلایەن هەسەدەوە تەقێنراوەتەوە.
كرانەوەی چەند بەرەیەكی شەڕ لەیەككاتدا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات لەكاتێكدایە، لە ئابی ئەمساڵدا شەڕی قورس لەنێوان هێزەكانی حكومەتی سوریا و گروپە چەكدارەكانی نزیكی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە دەوروبەری دێرەزوور ڕوویدا، ئەمەش وایكرد هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان و ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنن لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە.
شەڕ و ئاڵۆزی و پێكدادانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و توركیا و ناوبەناویش حكومەتی سوریا لەگەڵ هەسەدە لەكاتێكدایە، توركیا بەردەوام هەڕەشەی لەشكركێشی سەربازیی بۆسەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەكات و لەهەوڵدایە بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی سوریا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە.