
ژمارەیەک پەنابەر لەبەردەم هۆتێلێکی بەریتانیا
سبەی
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا واژۆكردنی ڕێككەوتنێكی ئەمنیی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، بۆ بە ئامانجگرتنی باندەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، ئەوەش نوێترین هەوڵی بەریتانیایە بۆ ڕێگریكردن لە كۆچی نایاسایی. سەرۆكی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراقیش دەڵێت "بەهۆی ئەو ڕێككەوتنەوە مەترسی دیپۆرتكردنەوەی زیاتر لە پێنج هەزار پەنابەری خەڵكی هەرێمی كوردستان هەیە".
ئیڤێت كووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:"چەندین باندی قاچاخچی هەن کە سوود لە رێڕەوە ئاوییە مەترسیدارەکان وەردەگرن، جموجۆڵی ئەو قاچاخچییانە لە باکووری فەرەنسا، ئەڵمانیا، سەرانسەری ئەورووپا، هەرێمی کوردستان و تاوەکو عێراق و دەرەوەش درێژ دەبێتەوە، هەربۆیە هێزە ئەمنییەکان پێویستە لە سەرانسەری سنوورەکان کاربکەن."
ئیڤێت کووپەر سوپاسی لایەنی کوردی و عێراقی کرد و وتی: "ئەمە هاوبەشییەکی گرنگی نێوان حکومەتی بەریتانیا، عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی خەڵک."
''هەردوولامان جەختمان لەوە کردەوە کە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا پەیوەندییەکی مێژوویی و دوور و درێژە و لێکتێگەیشتنی باشمان لە نێواندا هەیە.'' وەزیری ناوخۆی بەریتانیا وای وت.
لەلایەن خۆشیەوە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو نیگەرانییانە کراوە کە ئێستا رووبەڕووی جییهان بوونەتەوە، کۆچی نایاسایی یەکێکە لە نیگەرانییەکان کە وڵاتی بەریتانیاش هەیەتی و بۆ ئێمەش جێگەی گرنگی و هەستیارییە.''
ئێڤێت کووپەر لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
وتەكانی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دوای دوو ڕۆژ بوو لە سەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، دوای سەردانی بەغدا و ئەنجامدانی ڕێكەوتنێك لەگەڵ عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024 سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد.
دوای كۆبوونەوەكەش نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:"لە كۆبوونەوەدا، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆچكردنی نایاسایی تاوتوێ كرا".
بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆكی حكومەت، هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی برەودان بە هاریكاریی و هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێكخراو و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر.
سەرۆکی فیدراسیۆنی پەنابەران زانیاریی لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە دەخاتەڕوو
لەبارەی سەردانەكەوە، دەشتی جەمال، سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق بە "سبەی" وت: پێشتریش مەسرور بارزانی هاتە بەریتانیا و لەگەل وەزیری ناوخۆی ئەوكات پریتی پەتیل كۆبووەوە، تا بەربگرن بە هاتنی نایاسایی پەنابەران بۆ بەریتانیا، بەڵام ئەمجارە لەباری واقعییەوە ئەوەی زۆرتر مەبەستی سەردانەكەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیایە لەچوارچیوەی نەخشەو تاكتیكی نوێی حكومەتەكەی كیەر ستامەرە كە سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ كۆنترۆڵكردنی پەنابەران بەكاردەهێنێت تا بەربگرێت بە لیشاوی پەنابەران لە نۆكەندی ئینگلیزەوە".
وتیشی:"زیاتر لە 75 ملیۆن پاوەندیان بۆ پۆلیسی سنورو و هێزە دەریاییەكان تەرخانكردووە و دەیان لیكۆڵەر و شارەزایان بۆ شوێنپێهەڵگرتنی قاچاغچیەكان دامەزراندووە".
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 20هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا داوای مافی پەنابەرییان كردووە
بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق كە بۆ "سبەی" نێردراوە، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سێ هەزارو 187پەنابەر بەرێگەی قاچاغ پەریونەتەوە بەریتانیا و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردووشدا زیاتر لە 20هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا داوای مافی پەنابەرییان كردووە كە زۆرترینیان گەنجن.
هەر بەپێی ئەو ئامارە، لانیكەم پێنج هەزار لەو پەنابەرانە داوای مافی پەنابەرییان ڕەتكراوەتەوە و ئێستا كەیسەكانیان لەبەردەم دادگایە بۆ پێداچوونەوە.
بەو ڕێککەوتنە مەترسی لەسەر پەنابەران دروست دەبێت
بەوتەی دەشتی جەمال "ئەگەر ئەم رێكەوتننامەیە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەوا سەرجەم ئەو پەنابەرانە لەبەردەم مەترسی گرتن و راپیچكردنن بۆ دیپۆرت سەنتەرەكان، تا حكومەتی عێراق وهەرێم ئاسانكارییان بۆ دەكەن بۆ دیپۆرتكردنەوەیان.
" ئەم ڕێككەوتنامانە لەگەڵ ولاتێك كە پەنابەری لێوە هەلاتووە بەهۆكاری سیاسی و ئابووری و كۆمەلایەتی پیچەوانەی پیوانە نێودەوڵەتییەكانە لەبارەی مافەكانی پەنابەرانەوە ئێمە لەفیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراقی بەتەواوی تواناوە ئەم رێكەوتنامانە سەركۆنە دەكەین و حكومەتەكانی عێراق و هەرێم بە پەرپرس دەزانین بەرامبەر هەر گوشارێك بۆ تیكدانی ژیان وئاسایشی پەنابەران لە بەریتانیا". دەشتی جەمال وادەڵێت.
سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران داوا لەكەسوكاری پەنابەران دەكات لە كوردستان "لەپاڵ نارەزایەتیەكانی خەڵكی كوردستان بۆ مووچەو خزمەتگوزارییەكان و ماف ئازادییەكان دژ بە سەودای حزبەكانی دەسەڵات بەژیانی پەنابەرانەوە دەنگی نارەزایەتی هەڵبڕن".
سەردانی پێشتری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا
سەردانەكەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەكاتێكدایە، لە نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەریتانیای كرد، لە ڕۆژی 19ی نیسان لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی بەریتانیا كۆبوەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بۆریس جۆنسن ستایشی هەماهەنگی و ڕۆڵی ئەرێنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانلای كرد لە چارەسەركردنی پرسی كۆچبەران.
هەرئەوكات سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا ناڕەزایی توندی بەشێكی ڕەوەندی كوردی و بەتایبەتیش ئەو پەنابەرانەی لێكەوتەوە كە تازە گەیشتبوونە بەریتانیا و مافی مانەوەیان نەبوو، دوای سەردانەكەش بەریتانیا چەند ڕێوشوێنێكی دژ بە كۆچبەران و بەتایبەتیش كۆچبەرانی كورد ئەنجامدا.
ئەوكات ڕێكخراوەكانی كۆچبەران و پەنابەران ڕێككەوتنێكیان لەنێوان عێراق و بەریتانیا بۆ بەزۆر ناردنەوەی ئەو كۆچبەرانەی مافی مانەوەیان نییە ئاشكراكرد، بەپێی ڕێككەوتنەكە بڕیاربوو لە 31/5/2022 ژمارەیەك پەنابەری كورد بنێرنەوە بۆ عێراق، بەڵام ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆچبەران ڕێگرییان لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە كرد، ئەو بڕیارەش لەچوارچێوەی ڕێككەوتنێك بوو بۆ ناردنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتی خۆیان یاخود بە زۆر ناردنیان بۆ ڕواندا.
هەرئەوكات لەماڵپەڕە بەریتانیەكان وێنەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بڵاوكراوەتەوەو ئاماژە بە رێككەوتن كراوە كە پەنابەران بنێردرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، دواتریش چەند ڕێكخراوێكی پەنابەران ئاشكرایانكرد كە بەڵگەیان هەیە ڕێككەوتنەكە سێ قۆڵییە واتە لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان و بەریتانیا.
23 هەزار و 533 كۆچبەر لە نۆكەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە
ڕۆژی 22ـی ئەیلوولی 2024، دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران دوایین ئاماری پەڕینەوەی كۆچبەران لە نۆكەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، "لە سەرەتای ساڵی 2024 تاوەكو نێوەڕاستی ئەم مانگە، 23 هەزار و 533 كۆچبەر لە نۆكەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە."
دەزگای لووتكە لە پێناسەی نۆكەندەكەدا نووسیویەتی، "پەڕینەوە لە نۆكەندی ئینگلیز بۆ كۆچبەران خەونێكە تا پێی دەگەن، بەڵام نۆكەندەكە بووەتە مۆتەكەی رووحی كۆچبەران."
بەگوێرەی ئاماری دەزگاكە، "لە ساڵی 2023 بە گشتی 29 هەزار و 437 كۆچبەر و لە ساڵی 2022ـدا 45 هەزار و 755 كۆچبەر بە بەلەم لە نۆكەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە."
دەزگای لووتكە ئاشكرایكردووە، "لە ساڵی 2018 تاوەكو ئەیلوولی 2024، زیاتر لە 135 هەزار كۆچبەر لە نۆكەندەكە پەڕیونەتەوە و 194 كۆچبەریش لە كاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە گیانیان لەدەست داوە."
بەریتانیا بە نیازی چییە؟
10 ڕۆژ لەمەوبەر رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە: حكومەتی بەریتانیا دەیەوێت هاوشێوەی ئیتاڵیا بە پرۆژەیەك چونی كۆچبەران بۆ وڵاتەكەی كەمبكاتەوە.
ئیتاڵیا ساڵانی پێشوو بە ریككەوتن لەگەڵ تونس و لیبیا بە پێدانی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بە هەریەك لەو دوو وڵاتە بەمەبەستی پیشخستنی كەرتی پەروەردە و قایمكردنی سنورەكانی وڵاتەكانیان بە پێدانی بەلەمی چاودێری، توانی 62% چونی كۆچبەر بۆ وڵاتەكەی كەمبكاتەوە.
ڕۆژنامە بەریتانیەكە ئەوەشی خستبووەڕوو: تائێستا روون نییە پلانی بەریتانیا چۆن دەبێت بۆ رێگریی كردن لە گەنجانی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی، بەڵام پێشبینی دەكرێت بەریتانیا هاوكاری دارایی گەنجان بكات لە رێگای پرۆژەی جیاوازەوە لە هەرێمی كوردستان، یان سنورداركردنی كاركردنی قاچاخچی و نوسینگەكانی تایبەت بە ناردنی كۆچبەران. هەر هەماهەنگی و هاوكارییەكی حكومەتی بەریتانیا لەرێگای حكومەتی هەرێمەوە دەبێت.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشدابوو، حكومەتی بەریتانیا سوورە لەسەر رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، چونكە “ژمارەیەك باندی قاچاخچی لە كوردستانەوە كۆچبەر دەپەڕێننەوە بۆ بەریتانیا”.
لەسەرەتای ئەمساڵیشدا دوای راپۆرتێكی بی بی سی، قاچاخچی بەناوبانگ (بەرزان مەجید)، ناسراو بە (دوپشك) لە سلێمانی دەستگیركرا.
هەر رێككەوتنێك پێدەچێت پارە و راهێنان بۆ خزمەتگوزارییە ئاسایشییە ناوخۆییەكان لەخۆبگرێت، هەروەها ئەگەری هەیە بڕگەی گەڕانەوە بۆ ئەو كۆچبەرانەش لەخۆبگرێت كە دەگەنە بەریتانیا.
سەرچاوەیەك بە ڕۆژنامەی سەندەی تایمزی وتووە "ئەو هەڵسەنگاندنەی حكومەتی بەریتانیا دوای ئەوە هات، حكومەتی بەریتانیا دڵنیا بوویەوە لەوەی قاچاخچیە كوردەكان رێگای قاچاخییان لە نۆكەندی ئینگلیز قۆرخ كردوە و كۆچبەران لە رێگای بەلەمی بچووكەوە دەپەڕێننەوە بۆ بەریتانیا".
هاوڵاتی کام وڵاتانە زیاتر لە بەریتانیا دەبنە پەنابەر؟
بەپێی ئامارەكان لە 10 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 32 هەزار كۆچبەر لە رێگای نۆكەندەكەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو 29 هەزار كەس لە نۆكەندەكەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا.
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی بەریتانیا، تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، زۆرترین كۆچبەر لە پێنج نەتەوە روویان لە بەریتانیا كردووە؛ یەكەم: ئەفغانی (18%)، دووەم: ئێرانی (13%)، سێیەم: ڤێتنامی (%10)، چوارەم: توركی (%10)، پێنجەم: سوری (%9). پێشبینی دەكرێت كوردەكانی باشوری كوردستان بە رۆژهەڵاتی یان رۆژئاڤایی خۆیان بناسێنن، هەوڵدان بۆ رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەرخەری ئەوەیە حكومەتی بەریتانیا ئاگاداری ئەوەیە كە باشورییەكان خۆیان بە ئێرانی و سوری دەناسێنن بۆ گەرەنتیكردنی مافی نیشتەجێبون لە وڵاتەكەیان.
پێشتر حكومەتی بەریتانیا و فەرەنسا رێككەوتنیان واژوو كردوە بۆ رێگریی كردن لە چونی كۆچبەران لە رێگای نۆكەندی ئینگلیزەوە. بەپێی رێككەوتنەكە بەریتانیا 630 ملیۆن دۆلاری بە فەرەنسا داوە بۆ رێگریی كردن لە پەڕینەوەی كۆچبەران لە نۆكەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا.
