وردەکاری دانووستانی ئازادکردنی گیراوە عەرەبەکان لە هەرێم

#کەرکوک#ئاسایش#پارتی#یەکێتی#پێشمەرگە#زیندانی#بێسەروشوێن
13 ڕۆژ لەمەوپێش
ئەرسەلان ڕەحمان
پوختە :
  • حاتەم تائی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی عەرەبی لە کەرکوک ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕێکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، پێویستە دەستگیرکراوە عەرەبەکان لە زیندانەکانی سلێمانی ئازاد بکرێن.
Primary Asset

سبەی

حاتەم تائی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی عەرەبی لە کەرکوک ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕێکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، پێویستە دەستگیرکراوە عەرەبەکان لە زیندانەکانی سلێمانی ئازاد بکرێن.

تائی وتی: لیژنەیەکی دانوستانکاری عەرەبی پێکهێنراوە بە ئەندامێتی وەسفی عاسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و محەمەد حافز، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و ڕەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.

وتیشی: بە گوێرەی ڕێکەوتنی نێوان هەردوولا بڕیارە 293 زیندانیکراو لە زیندانەکانی سلێمانییەوە ڕادەستی دەسەڵاتی فیدڕاڵی بکرێن.

ئاشکراشیکرد، نزیکەی هەزار هاوڵاتی عەرەب دەستگیر و بێ سەروشوێن کراون لە زیندانەکانی سلێمانیدا و بەشێکیان بە تۆمەتی تیرۆر و تاوان بێسەروشوێن کراون و ماوەی چەندین ساڵە دۆسیەکانیان شاردراوەتەوە.

تائی ئاماژەی بەوەدا، ئەوان چاوەڕێی گەیشتنی کاروانی یەکەمی ئەو زیندانیانە دەکەن بۆ ئەوەی لە هەواڵگری کەرکوک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و بزانرێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و بۆچی دەستگیر کراون.

پێکهاتەی عەرەبی سوننە لە کەرکوک، هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەستگیرکردن و بێ سەروشوێنکردنی هەزاران گەنجی پێکهاتەکەیان تۆمەتبار دەکەن.

لە ماوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییدا لە کەرکوک، دوو هێزی ئاسایشی پارتی و یەکێتی و دژەتیرۆری هەردوولا و هێزی پێشمەرگەی هەردوولا لە شارەکە بوون.

لە 2023دا حکومەتی عێراق لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی هەزاران کەس پێکهێنا، کە کەسوکاریان دەڵێن لە لایەن ئاسایشی پارتی و یەکێتییەوە بێسەروشوێنکراون، یاخود دەستگیر کراون.

بە گوێرەی لێدوانی کەسوکاری بێسەروشوێنکراو و زیندانیکراوەکان، زۆرینەیان لە نێوان 2014 تا 2016 لە کاتی زاڵبوونی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە کەرکوک دەستگیر و بێسەروشوێنکراون.

هەندێک سەرچاوە لە پارێزگای کەرکوک باس لەوە دەکەن نزیکەی 5000 هاوڵاتی عەرەبی سوننەی نیشتەجێی کەرکوک، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییەوە دەستگیر و بێسەروشوێن کراون.

لە چەندین بۆنەی جیادا، بەرپرسانی ئەمنی هەرێمی کوردستان ڕەتیانکردووەتەوە، هیچ زیندانییەکی عەرەبی سوننەی کەرکوک لە زیندانەکانیان هەبێت.

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی