
سبەی
لایەنە سیاسییەکانی کۆریای باشور لە سەرۆکی وڵاتەکەیان نیگەرانن بە هۆی راگەیاندنی "حوکمی سەربازی سەرتاسەری" و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن، پارتی فەرمانڕەوا و ئۆپۆزسیۆنیش لەگەڵ دوورخستنەوەی سەرۆکن لە پۆستەکەی.
لە کاردانەوەی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی، یۆن سۆك یۆل، سەرۆكی كۆریای باشور، ئەمڕۆ چوارشەممە، شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆنی کۆریای باشور، پرۆژە یاسایەکییان پێشکەش کردووە بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی وڵاتەکەیان لە دەسەڵات.
سەرۆكی كۆریای باشور هۆكاری بڕیارەكەی گەڕاندەوە بۆ پێویستی پاراستنی كۆریای باشور لە هێزە كۆمۆنیستەكان و بەرەنگاربوونەوەی ئەندامانی دژبەری دەوڵەت.
سەرۆكی كۆریای باشور وتی "بۆ پاراستنی كۆریای باشوری لیبراڵی لە هەڕەشەكانی كۆریای باكوری كۆمۆنیست و سەركەوتن بەسەر ئەندامانی دژ بە دەوڵەت، بەپێویستم زانی "حوکمی سەربازی سەرتاسەری" رابگەیەنم".
نوێنەرانی شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن، لەنێویاندا "پارتی دیموکراتی کۆریا" کە 170 کورسی پەرلەمانیی هەیە لە کۆی 300 کورسی، پرۆژە یاسای دورخستنەوەی سەرۆکی وڵاتیان پێشکەش کردووە و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی هەینی دەنگی لەسەر بدرێت.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان داوای لێکۆڵینەوە لە سەرۆک، وەزیرەکان و بەرپرسەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەکەن، بەرامبەر ئەو دۆخەی لە وڵاتەکەیان دروست بووە.
"پارتی هێزی خەڵک" کە سەرۆکی کۆریای باشور سەر بەو پارتەیە، داوای دەرکردنی یۆن سۆك یۆل دەکەن لە پارتەکەیان، هەروەها داوا دەکەن تەواوی کابینەکەی دەستلەکاربکێشنەوە، بۆیە دورخستنەوەی یۆن سۆك یۆل لە سەرۆکایەتی کردنی کۆریای باشور چاوەڕوانکراوە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، رایگەیاند: وڵاتەکەی داوای چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکانی کۆریای باشور دەکات لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی "حوکمی سەربازی سەرتاسەری" لەو وڵاتە.
لە رووی کردەییەوە کۆریای باشور لە جەنگدایە لەگەڵ کۆریای باکوری خاوەن چەکی ئەتۆمی. بۆیە ئەمەریکا بۆ پاراستنی کۆریای باشور، 35 هەزار سەربازی لەو وڵاتەدا جێگر کردووە، بۆیە هەڵوێستی ئەمەریکا دەربارەی پشێوییەکانی ئەو وڵاتە جێگای بایەخە.
درەنجامەکان بۆ سوپا
سکرتێری پەرلەمانی کۆریای باشور، دڵنییایی داوە کە سوپا بەرپرسیارە لە هەر کارێکی نایاسایی یان زیانگەیاندن بە باڵەخانەی پەرلەمان لە ماوەی شەش کاتژمێری "حوکمی سەربازی سەرتاسەری" لە وڵاتەکەدا.
بەپێی ئاژانسە هەواڵییەکانی کۆریای باشور، بە فەرمانی سەرۆکی وڵات، نزیکەی 230 سەرباز رۆشتوونەتە ناو باڵەخانەی پەرلەمانەوە بۆ رێگریی کردن لە هەر بڕیارێکی پەرلەمان کە دژی سەرۆکی وڵات بدرێت.
