سبەی
چەند بەرپرسێکی باڵای ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئاشکرایان کردووە، لە کاتژمێرەکانی کۆتایی دەسەڵاتیدا، بەشار ئەسەد هەموویانی دەستخەرۆ کردووە و خۆی بەرەو مۆسکۆ ڕایکردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەسەد بە هیچ کەسێکی دارودەستەکەی نەوتووە، بە تەمایە ڕابکات و دیمەشق بەجێبهێڵێت. تەنانەت ئەوانەی زۆر لێی نزیک بوونە نەیانزانیوە.
ڕۆژێک بەر لەوەی ڕابکات، واتە ڕۆژی شەممە، ئەسەد لەگەڵ نزیکەی 30 بەرپرسی باڵای سوپا کۆبووەتەوە و پێی وتوون، پشتیوانی ڕوسیا بە ڕێگەوەیە و لە نزیکترین کاتدا دەگات. داوای لە هێزەکانی سوپا کردووە بەرگری بکەن.
هاوکات هیچ کام لە فەرمانبەرە مەدەنییەکانی کۆشکەکەی نەیانزانیوە ئەسەد بە نیازە ڕابکات.
یەکێک لە یاریدەدەرەکانی ئاشکرای کردووە، کە ئەسەد بە بەڕێوبەری نووسینگەکەی وتووە، دوای تەواوبوونی کارەکانی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام لە بری ماڵەوە چووەتە فڕۆکەخانە.
ئەو یاریدەدەرەی وتویەتی: ئەسەد پەیوەندی کردووە بە بەسینە شەعبان، ڕاوێژکارە میدیاییەکەیەوە و پێی وتووە وەرە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی وتەیەکم بۆ بنووسیت، کاتێک بەسینە چووەتە ماڵەکەی، کەسی لێ نەبووە و چۆڵ بووە.
ڕۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵ 14 کەسی ئاگادار لە دوا ساتەکانی دەسەڵاتی ئەسەد کردووە و هەموویان باسیان لەوە کردووە، ئەسەد بە دوای پشتیوانی دەرەکیدا دەگەڕا بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە و هیچ کەسێک ئاگاداری ئەوە نەبووە، پلانی هەبووە ڕابکات.
بەرەبەیانی یەکشەممەی ڕابردوو، بەشار ئەسەد، دوای 24 ساڵ دەسەڵاتدارێتی وڵاتەکەی، دیمەشقی بەرەو مۆسکۆ بەجێهێشت.