
ئارێز خۆشناو بە درێسی هونکای فینلەندییەوە
سبەی
یەکێتی تۆپی پێی عێراق ئاشکرای کرد، بەڵگەنامەی رەسمی پێشکەشی لاوێکی یانەی هۆنکای فینلەندی کراوە، بۆ ئەوەی وەک یاریزانی هەڵبژادەی نیشتیمانی یاری بکات.
بەڕێوەبەری کارگێڕیی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق رایگەیاند: بە فەرمی پاسپۆرت و رەگەزنامەی عێراقی دراوەتە ئارێز خۆشناوی تەمەن 19 ساڵ و یاریزانی یانەی تۆپی پێی هۆنکای فینلەندا بۆ ئەوەی لە ریزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی لاوانی عێراق یاری بکات، ئەوەش دوای هەوڵێکی زۆر لەگەڵ لیژنەی یاریزانە پیشەگەرەکان و فەرمانگەی هەڵبژادەکان.
ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو یاریزانە ئێستا ئامادەیە بۆ ئەوەی وەک بەشێک لە پێکهاتەی لاوانی عێراق لە هەردوو باڵی راست و چەپ یاری بکات و ئومێدمان وایە هێز ببەخشێتە تیمی لاوانی وڵاتەکەمان.
بڕیارە هەڵبژاردەی تۆپی پێی لاوانی عێراق مانگی شوباتی داهاتوو بەشداریی پاڵەوانێتی لاوانی ئاسیا بکات کە یارییەکانی لە وڵاتی چین بەڕێوەدەچێت.
ئارێز خۆشناو، 10ی شوباتی 2005 لە شاری ئیسۆی وڵاتی فینلەندا لە خێزانێکی کوردی پەنابەری ئەو وڵاتە لەدایک بووە، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە چووەتە ئەکادیمیای لیپۆ دەتسی، لە ساڵی 2021ەوە یاریزانی یانەی هونکای فینلەندییە و ئەمساڵ بۆ یەکەمجار بەشداریی لە چامپیۆنس لیگی لاوان کرد.
ئەو یاریزانە کوردە، وەرزی رابردوو سەرخرا بۆ تیپی یەکەمی یانە فینلەندییەکە و ئێستا لە تیمی یەکەم و دووەمی هونکا یاری دەکات، ئاستێکی بەرزی هەیە، ناوەڕاستکار و لەهەردو باڵی چەپ و راستیش یاری دەکات، تائێستا 7 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمار کردووە.
بڕیارە پێش پاڵەوانێتی لاوانی ئاسیا، هەر لەم مانگەدا ئارێز خۆشناو یاریی بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی لاوانی عێراق بکات، کە لە یارییەکی دۆستانەدا روبەڕووی ئۆزبەکستان دەبێتەوە.
