سبەی
پاپا فەرەنسیسی پاپای ڤاتیکان، ئەمڕۆ شەممە جارێکی دیکە باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد و ڕایگەیاند، ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەم و بە "وەحشیانە" وەسفیکردن.
دوێنێ پاپا لە وتاری تایبەت بە لەدایکبوون باسی لەوە کرد، لە ڕۆژی هەینیدا بە تەنیا 25 فەلەستینی لە ئاکامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل کوژراون.
وتیشی: بۆردومانکردنی منداڵان وەحشیەتە، ئەمە شەڕ نیە، دەمەوێت ئەمە بڵێم چونکە دڵم ژان دەکات.
پاپای کڵێسەی کاتۆلیکی، پێشتر هەوڵیدەدا، بێلایەنی خۆی پیشان بدات و قسەی لە بارەی شەڕی غەززەوە نەدەکرد، بەڵام ئەمە چەند مانگێکە شێوازی دەربڕینی گۆڕاوە.
مانگی ڕابردوو لە کتێبێکدا، کە تایبەتە بە یادەوەرییەکانی پاپا چەند پەرەگرافێک بڵاوکرانەوە و تێیدا پاپا وتویەتی "ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە دەیکات، هەڵگری مۆرک و تایبەتمەندی جینۆسایدە".
لە بەرامبەر ئەو پەرەگرافانەدا، وەزیرێکی ئیسرائیلی نامەیەکی کراوەی بۆ پاپا ناردبوو کە لە ڕۆژنامەی ئیل ڤولیۆی ئیتاڵی دوێنێ بڵاوکرایەوە و تێیدا ڕەخنەی لە پاپا گرتبوو، کە دەستەواژەی جینۆسایدی بەکارهێناوە.
پاپا دوێنێ لە وتارەکەیدا وتی "پەتریارکی قودس ویستوویەتی بچێتە غەززە بۆ سەردانی کاتۆلیک لەوێ، بەڵام ڕێگەی پێ نەدراوە".