
سبەی
یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، بڕوامان وایە دەسەڵاتی تازەی دیمەشق و گروپەکانی هاوپەیمانی تورکیا، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تەواوی خاکی سوریا دەردەکەن.
گولەر، لە میانی سەردانی بۆ سەربازگەکانی سوپای تورکیا لە سنووری سوریا، وتیشی: باوەڕمان بەوەیە سەرکردایەتی تازەی سوریا و "سوپای نیشتمانی سوریا" (میلیشیاکانی هاوپەیمانی تورکیا)، سەرجەم ئەو ناوچانە "ئازاد" دەکەن، کە "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" دەستیان بەسەردا گرتووە.
هەروەها وتی: هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرینە بەر بۆ کۆتایهێنان بەو چەکدارانە لە دەرەوەی ناوچەکانی سنوورمان.
ئەنقەرە بەردەوام جەخت لەسەر کۆتایهێنان بە ئەزموونی خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاڤای کوردستان دەکاتەوە و ئامادەکاری بۆ پەلاماردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکات.
هەر لەو بارەیەوە، ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق وتی: هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی ئیدارەی تازەی سوریا بتوانێت ئەو مەترسییەی ئەنقەرە چارەسەر بکات.
