کەمکردنەوەی مووچە و بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار؛ ئەگەر نرخی نەوت بگاتە خوار 60 دۆلار چی روودەدات؟

#مووچە#دۆلار#عێراق
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت، شارەزایانی ئابوری پێشبینی دەکەن، عێراق پەنا بباتە بەر میکانیزمی "کاغەزی سپی"، کە بڕگەکانی پەیوەستە بە موچە و نرخی دۆلار و بابەتی دیکەوە، ئەویش راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە و لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی بۆ بەڕیوەبردنی قەیرانە ئابورییەکان لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان پەسەند کراوە. لە بەرامبەردا لیژنەی دارایی پەرلەمان بوونی هەنگاوێکی لەو شێوەیە، واتە کەمکردنەوەی موچە و بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی رەتدەکاتەوە.
Primary Asset

سبەی

بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت، شارەزایانی ئابوری پێشبینی دەکەن، عێراق پەنا بباتە بەر میکانیزمی "کاغەزی سپی"، کە بڕگەکانی پەیوەستە بە مووچە و بەهای دۆلار و بابەتی دیکەوە، ئەویش راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە و لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی بۆ بەڕیوەبردنی قەیرانە ئابورییەکان لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان پەسەند کراوە. لە بەرامبەردا لیژنەی دارایی پەرلەمان بوونی هەنگاوێکی لەو شێوەیە، واتە کەمکردنەوەی موچە و بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی رەتدەکاتەوە. 

لەگەڵ هەر دابەزینێکی نرخی نەوت، قسەوباسەکان لەسەر کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی عێراق و بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، تەنانەت کۆتایی هێنان بە بەشە خۆراکی مانگانە گەرمتر دەبن. لە کاتێکدا شارەزایانی ئابوری هەنگاوی لەو جۆرە بەدور نازانن و پێشبینی دەکەن حکومەتی داهاتووی عێراق بیر لە بژاردە تاڵەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە داراییەکان بکاتەوە.

لەو بارەیەوە حەیدەر شێخ، شارەزای ئابوریی بە پێگەی "جیبال"ی راگەیاندووە: لە سەردەمی حکومەتەکەی مستەفا کازمی(سەرۆک وەزیرانی پێشوو)، بۆ وەڵامدانەوەیەکی خێرا لە بەرامبەر دابەزینی نرخی نەوت و دابەزینی توانای دارایی عێراق، بەتایبەتی لە پەیوەست بە دابەشکردنی موچەوە، میکانیزمی کاغەزی سپی جێبەجێکرا.

ئەو شارەزایە پێشبینی ئەوەدەکات، لە کاتێکدا ئەگەر نرخی نەوت بگاتە خوار 60 دۆلار، ئەوا حکومەتی داهاتووی عێراق، لە پێناوی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرەکانی بۆ ئەو میکانیزمە بگەڕێتەوە.

ئایا حکومەتی داهاتوو بۆ "کاغەزی سپی" دەگەڕێتەوە؟

حەیدەر شێخ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، داهاتی ئەمساڵی عێراق بۆ خوار 120 ترلیۆن دینار دابەزیوە، لە کاتێکدا ساڵانی رابردوو 130 ترلیۆنی تێدەپەڕاند. 

ئەو شارەزا ئابورییە دەڵێت، دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 60 دۆلار، داهاتی ساڵانەی عێراق بۆ خوار 100 ترلیۆن دینار دادەبەزێنێت، ئەوەش دەبێتە کێشەیەکی نوێ لە وڵاتێکدا بۆ خۆی لەسەر کێشە بنیاتنراوە.

هاوکات ئاشکرایکردووە، بەرزکردنەوەیەکی دیکەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، یەکێکە لەو پێشنیازانەی کە خراوەتەڕوو، بۆ بەرزکردنەوەی داهات و دڵنیابوون لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بەگشتی.

راوێژکردن بە پەرلەمان 

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: حکومەتی عێراق پلانی نییە لە ماوەی داهاتوودا موچە کەمبکاتەوە، بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە و بەشە خۆراکی مانگانە ببڕێت. 

مستەفا خەلیل گەرعاوی، ئەندامی لیژنەکە دەڵێت " حکومەت پابەندە بە پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتیان و دڵنیابوون لە بەردەوامیی بەشە خۆراکی مانگانە، قسەکردن لەسەر کەمکردنەوەی مووچە تەنها دەنگۆی بێ بنەمایە".

لە بارەی کاغەزی سپییەوە نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوری دەڵێت، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی پێیانوایە، قەیرانە ئابوورییەکان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا لە هەڵەی سیاسەتە ئابوورییە گەورەکانیانەوە سەرچاوە دەگرن و راستکردنەوەی ئەو هەڵانەش پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە.

پاکێجی چاکسازی ئابووری کە لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پەسەندکراوە پێکدێت لە:

1- دابەزاندنی بەهای دراوی نیشتمانی.

2. بەرزکردنەوەی رێژەی سوود.

3. کەمکردنەوەی یارمەتییەکانی حکومەت بۆ هاووڵاتیان.

4. کەمکردنەوەی خەرجی گشتی.

5. کەمکردنەوەی مووچەی کەرتی گشتی و سنووردارکردنی دامەزراندن لە دامودەزگا حکومییەکان.

6. گواستنەوەی دامەزراوەکان لە کەرتی گشتیەوە بۆ کەرتی تایبەت.

7. کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە پاڵپشتیکردنی کاڵا خۆراکییە سەرەکییەکانەوە هەیە.

8. بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی و وزە.

9- زیادکردنی رێژەی باج. 

10- پەرەدان بە بازاڕی ئازاد.

ئەو شارەزا ئابورییە ئاماژەی بەوەداوە، ئاماژەکانی میکانیزمی کاغەزی سپی لە  عێراق دەرکەوتوون و رێکارەکانیشی بریتین لە:

1- کەمکردنەوەی مووچە بە رێژەی 25% لە ماوەی سێ ساڵدا.

2. راگرتنی دامەزراندنی نوێ لە کەرتی حکومی.

3. کەمکردنەوەی کۆی یارمەتییە حکومییەکان لە 13% بۆ 5% لە ماوەی سێ ساڵدا. 

4- نەهێشتنی سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە و سنوردارکرنی بۆ ئەو کەسانەی تۆڕی کۆمەڵاتی دەیانگرێتەوە.

5- بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی و کارەبا.

6- بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر دیناری عێراقی.

لە کۆتاییدا نەبیل مەرسومی دەڵێت، جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی کاغەزی سپی، باجی قورسی بۆ هەژارەکان دەبێت و کاردانەوەی کۆمەڵایەتی قورس بەدوای خۆیدا دەهێنێت. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی