کۆتایی هێنان بە ئەرکى یۆنامى سەروەرى بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە؟

#عێراق#یۆنامى
12 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس: عێراق ئێستا جیاوازە لە رابردوو، ئاسایش و سەقامگیریی تێدایە و بووەتە وڵاتێکى ئاسایی و پێویستە جیهان لەوە تێبگات.
  • سودانى: کۆتایی هێنان بە ئەرکى یۆنامى ماناى کۆتایی هێنان نییە بە هاوبەشى عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان.
Primary Asset

مەراسیمى کۆتایی هاتنى ئەرکى یۆنامى لە عێراق

سبەى

عێراق بەفەرمى کۆتایی هاتنى ئەرکى نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان (یۆنامى) راگەیاند و دەچێتە قۆناغێکى نوێوە بۆ گەڕاندنەوەى تەواوەتى سەروەرى وڵات و بەستنى پەیوەندى لەگەڵ وڵاتان بەبێ نێوەندگیریی نەتەوەیەکگرتووەکان. 

رۆژى شەممە لە پەراوێزى مەراسیمى کۆتایی هاتنى ئەرکى یۆنامى لە عێراق، محەمەد حەسان نێردەى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جەختیکردەوە، عێراق هێشتا پێویستى بە پشتیوانى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە لە بوارەکانى بانکى و ئابورى.

هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسى هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق جەختیکردەوە، عێراق ئێستا جیاوازە لە رابردوو، ئاسایش و سەقامگیریی تێدایە و بووەتە وڵاتێکى ئاسایی و پێویستە جیهان لەوە تێبگات.

لاى خۆیەوە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، کۆتایی هێنان بە ئەرکى یۆنامى ماناى کۆتایی هێنان نییە بە هاوبەشى عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵکو سەرەتاى قۆناغێکى نوێیە لە بوارى گەشەپێدانى ئابورى بەردەوام و گشتگیریی و پێشکەشکردنى راوێژ لەو بارەیەوە.

نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە ئابى 2003 پێکهێنرا بەپێی بڕیارى ژمارە (1500)ى ئەنجومەنى ئاسایشى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان.

کۆتایی هێنان بەئەرکى نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئەرکى سەرەکى یارمەتیدانى عێراق بوو لە بوارە جیاجیاکان بەئامانجى گواستنەوەى وڵات لە قۆناغى شەڕەوە بۆ سەقامگیریی، لەسەر داواى عێراق بوو کاتێک ساڵى 2024 بەفەرمى داوایکرد یۆنامى کۆتایی بەئەرکەکەى بهێنێت.

بەوتەى بەرپرسێکى حکومى بۆ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت، کۆتایی هێنان بەئەرکى یۆنامى رەنگدانەوەى زیادبوونى متمانەى نێودەوڵەتییە بە تواناى عێراق بۆ بەڕێوەبردنى دۆسیە جیاجیاکان بەبێ راسپاردەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان.

وتیشى دیارترین دەستکەوتەکانى عێراق لەو پرۆسەیەدا کردنەوەى دەرگایە لەبەردەم بنیتنانى پەیوەندى دوو قۆڵى راستەوخۆ لەگەڵ وڵاتان بەبێ نێوەندگیریی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەوەش ئاستى کاریگەرى عێراق لە پایتەختە جیاجیاکان بەرزدەکاتەوە، لەگەڵ دووبارە پێناسەکردنەوەى عێراق لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتێک کە لە ژێر چاودێریدایە بۆ هاوبەشێکى پێشکەوتوو.

بەرپرسانى یۆنامى لەگەڵ کۆتایی هێنان بە کارکردنیان لە عێراق، ئەرکەکانیان رادەستى تیم و ئاژانسەکانى دیکەى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن، وەک ئاژانسەکانى تایبەت بە پاراستن و پاڵپشتیکردنى منداڵان و مافى مرۆڤ و کۆچبەران و کولتور و ژینگە، لەگەڵ رێکخراوەکانى وەک رێکخراوى تەندروستى جیهانى و بەرنامەى خۆراکى جیهانى و سندوقى دراوى نێودەوڵەتى.

سەرەتاى ئەمساڵ محەمەد حەسان نێردەى یۆنامى لە عێراق جەختیکردبووەوە، دواى کۆتایی هاتنى ئەرکى یۆنامى، نەتەوەیەکگرتووەکان عێراق جێناهێڵێت و عێراقیش نەتەوەیەکگرتووەکان جێناهێڵێت.

پەیوەندییەکانى عێراق و ئەمەریکا

لەگەڵ کۆتایی هێنان بە ئەرکى یۆنامى، پێناچێت کاریگەرى هەژموونى ئەمەریکا لەسەر عێراق روو لە لاوازى بکات لە مەوداى نزیکدا، بەتایبەتى کە ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ لەم چەند مانگەى دواییدا فشارەکانى لەسەر حکومەتى عێراق چڕکردووەتەوە و بەتایبەتى لە ئێستادا کە عێراق لەبەردەم پێکهێنانى کابینەى نوێدایە.

لەبەرانبەردا حکومەتى عێراق هەوڵدەدات هاوسەنگى لە پەیوەندییەکانى لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا رابگرێت. لە کاتێکدا ئەمەریکا فشارەکانى لەسەرى زیاترکردووە بۆ دوورخستنەوەى گروپەکانى نزیک لە ئێران لە کابینەى داهاتوو.

لەئەیلولى ئەمساڵدا ئەمەریکا چوار گروپى عێراقى خستە لیستى تیرۆرەوە، سزاشى بەسەر کۆمپانیایەکدا سەپاند بە تۆمەتى بوونى پەیوەندى بە گروپەکانەوە.

بەڵام ئەو هەنگاوانەى ئەمەریکا پێناچێت بە ئاسانى هەژموونى ئێران لەسەر عێراق کۆتایی پێبهێنن، ئەوەش بەوتەى فيرونيكا ئیرتل بەڕێوەبەرى نوسینگەى دامەزراوەى کونراد ئەیناورى ئەڵمانى بۆ پێگەى DW.

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، تەنانەت ئەگەر عێراق سەرکەوتووش بێت لە دانانى سنور بۆ گروپەکانى سەر بە ئێران، هەژموونى سیاسی و ئابورى و ئاینى و رۆشنبیرى تاران بەسەر عێراقەوە بە ئاسانى کۆتایی پێناهێنرێت. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی