
سبەی
نزیکبووینەتەوە لە ماڵئاواییکردن لە ساڵی 2025، بە بێ خستنەڕوو و پەسەندکردنی بودجەی 2026ی عێراق لە پەرلەمان. ئەوە لە کاتێکدایە، نرخی نەوت لە دۆخێکی ناجێگیردایە، کە هاوکاتە لەگەڵ داواکارییەکان بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دارایی وڵات، شارەزایانی ئابوری پێشبینی دەکەن لە ژێر رۆشنایی ئاڵنگارییە گەورەکاندا، لە بودجەی 2026دا کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هەندێک لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان داڕشتنەوەی بۆ بکرێتەوە.
ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و شارەزایانی ئابوریی، پەسەندکردنی بودجەی 2026 بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و سەخت وەسف دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە: پەسەندکردنی بودجەی ساڵی داهاتوو قورس و ئاڵۆز دەبێت، ئەویش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکومەتە.
کازمی روونیکردووەتەوە، بۆ دورکەوتنەوە لە قەیرانی نەختینەیی، کە کاریگەری لەسەر پرۆژەکانی حکومەت و خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەیە، دەبێت خەرجییە گشتییەکان کۆنترۆڵ بکرێت، هەروەها داهاتە نا نەوتییەکان زیاد بکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پێش کۆتایی هاتنی چارەکی یەکەمی ساڵی 2026، بودجەی ئەو ساڵە بگاتە پەرلەمانی داهاتوو.
سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، موعین کازمی رایگەیاند: لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە پابەندبوونێکی بەهێز هەیە بۆ پاراستنی موچەی فەرمانبەران. وتووشیەتی: کاری لەپێشینەی حکومەتی داهاتوو، دەبێت دابینکردنی موچە بێت، سەرەڕای فشارە ئابورییەکان، کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دروستبووە. هاوکات داوای لە حکومەتی داهاتوو کردووە، بە بێ سازشکردن لەسەر موچە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیان، کاربکات بۆ هەمەچەشنکردنی داهاتی دارایی.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمان دووپاتی کردەوە، لە بودجەی 2026، هەوڵدەدرێت هاوسەنگی لە نێوان کورتهێنانی دارایی و هەنگاوەکانی گەشەی ئابوری بپارێزرێت، لە کاتێکدا وڵات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە قەیرانێکی بێ وێنەدایە.
لای خۆیەوە ناسر کینانی، پسپۆڕی ئابووری پێیوایە، بودجەی گشتی دەوڵەت بۆ ساڵی 2026 رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، بەتایبەتی کە لە کۆتایی هاتنی ساڵی 2025 نزیکدەبینەوە و هێشتا خشتەی بوجەی ئەو ساڵە پەسەند نەکراوە.
کینانی دەڵێت " نەبوونی بودجە بۆ ساڵی 2025 بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی هەندێک ئەرکی دارایی و دواخستنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان، ئەمەش وایکردووە داڕشتنی پلانێکی دارایی هاوسەنگ بۆ ساڵی داهاتوو قورستر بێت".
ئەو شارەزا ئابورییە روونیکردۆتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوت، پێشبینی دەکرێت خەرجییە گشتییەکان رێکبخرێتەوە. کاری لەپێشینەی حکومەتی داهاتووش دابینکردنی موچەیە، بەڵام لە بەرامبەردا هەندێک پرۆژەی وەبەرهێنان رادەگیرێن.
ناسر کینانی ئاماژەی بەوەشکردووە، رێکارە سەرەتاییەکانی ئامادەکردنی بودجە چەند مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، پێشبینیش دەکرێت لەماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2026دا رادەستی پەرلەمان بکرێت.
ئەو شارەزا ئابورییە پێشبینی دەکات لەماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، بودجەی ئەو ساڵە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت.
ئەو پسپۆڕە ئابورییە لەکۆتاییدا وتوویەتی، دۆخی دارایی ئێستای عێراق، پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی ورد و زیرەکانە هەیە، کە ببێتە هۆی پاراستنی مافی فەرمانبەران و خانەنشینان و دڵنیابوون لە بەردەوامیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان. هاوکات خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو راستییە ئابوورییە ناجێگیرەی، کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دروستبووە.
