رۆبۆتۆکەی ریالبۆتیکس
سبەی
کۆمپانیای ریاڵ بۆتیکس (Realbotix)ی ئەمەریکی لە نوێترین داهێنانیدا بە یارمەتی زیرەکی دەستکرد رۆبۆتێکی لە شێوەی مرۆڤدا دروستکردووە کە دەتوانێت وەک کچەهاوڕێ یان کوڕەهاوڕێ مامەڵە لەگەڵ خاوەنەکەیدا بکات.
رۆبۆتۆکە توانای بەرجەستە کردنی ژمارەیەک رۆڵی هەیە، وەک فرۆشیار یان وەک هاوڕێ بۆ کەسانی بەساڵاچوو، تەنانەت دەتوانێت ببێتە هاوڕێیەکی رۆمانسی خاوەنەکەی.
رۆبۆتەکەی کۆمپانیای ریالبۆتیکس بەپێی کوالێتییەکەی بە چەندین نرخی جیاواز بەردەستە، نرخەکان لە 12 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات تا 175 هەزار دۆلار.
سەبارەت بە رۆبۆتەکە، ئەندریو کیگل، بەڕێوبەری گشتی کۆپمانیای ریالبۆتیکس بە گۆڤاری فۆربیسی راگەیاند: "ئامانجمان لە دروستکردنی رۆبۆتەکە ئەوەیە کە بەراورد بە مرۆڤ کەمترین جیاوازی هەبێت".
بەرێوبەری کۆمپانیا ئەمەریکییەکەی بواری تەکنەلۆژیا سەبارەت بە رۆبۆتەکە زیاتر دەڵێت: "دەتوانرێت رۆبۆتەکە لە شێوە و کەسایەتی پیاو یان ژن، تەنانەت لەسەر کەسایەتییە بەناوبانگەکان دروست بکرێت".
بۆ پشت بەستن بە گفتوگۆکردن لەگەڵ خاوەنەکانیان، ریالبۆتیکس، پشتی بە زیرەکی دەستکرد بەستووە بەمەبەستی زیادکردنی توانای رۆبۆتۆکە بۆ گفتوگۆی مانادار و سودبەخش.
سەبارەت بە قەبارە و شێوازی گواستنەوەی رۆبۆتەکان لەگەڵ خاوەنەکانیان، کیگل دەڵێت: "رۆبۆتەکە بە شێوازێک دروستکراوە کە خاوەنەکەی دەتوانێت بە ئاسانی بیگوازێتەوە و لەگەڵیدا بێت لە گەشتەکانیدا".
بە وتەی بەڕێوبەرانی کۆمپانیای دروستکەری رۆبۆتۆکە، کەسایەتی رۆبۆتۆکە دەتوانێت بۆ مەبەستی فێرکردن، تەندروستی و کات بەسەربردن سودی لێببینرێت لەلایەن خاوەنەکانیانەوە. لەوەش زیاتر رۆبۆتەکە دەتوانێت ببێتە هاوبەشێکی رۆمانسی خاوەنەکەی، بەجۆرێک کە دەتوانێت وەک کچەهاوڕی یان کوڕەهاوڕی مامەڵە لەگەڵ خاوەنەکەی بکات، بەڵام ناتوانێت ببێتە هاوبەشێکی سێکسی خاوەنەکەی.