
سبەی
وەزارەتی پهروهردهی هەرێم خزمەتگوزارییەکی دیجیتاڵی نوێی بۆ کەرتی پەروەردە راگەیاند، کە لە سەرەتای وەزری دوەمی ئەمساڵی خوێندنەوە (2024-2025) دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، تیادا لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکەو دایکان و باوکان دەتوانن ئاگاداری وانەکان و نمرەی خوێندکارەکانیان بن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەڕێگەی ئەپڵیكەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) بەخێوكاران دەتوانن ئاگاداری نمرە و ئاستی خوێندكارەکانیان بن، لەو رێگەیەوە وانەكان و ئەركی ماڵەوە و خشتەی تاقیكردنەوەكان و سەرجەم پەیامەكانی قوتابخانەکەی بۆ دەنێردرێت.
وتیشی :"بەپێ سیستمی ئەپڵیكەیشنەكە، مامۆستایان دەتوانن لە سەر حەوت ئاست هەڵسەنگاندن بۆ خوێندكاران بکەن و مانگی جارێک هەڵسەنگاندنەکە بۆ بەخێوکاری خوێندکار بنێرنەوە، هەروەها كات و رۆژی تاقیكردنەوەكان دیاری بكەن و بانگهێشتی بەخێوكاری خوێندكاران بكەن بۆ خوێندنگاکان".
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەكرد؛ بەخێوکاری خوێندكاران دەتوانن لەڕێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە ئاگاداری دۆخی منداڵەکانیان بن لەڕووی (نمرەکانیان، هەڵسەنگاندنیان، خشتەی وانەکانی هەفتە، ئەرکی ماڵەوەیان، تاقیکردنەوەکانیان، ئاگادارییەکان و پەیامی قوتابخانە و رێنمایی پەروەردەیی).
بەوتەی ئالان حەمەسەعید؛ هەموو ناوەندەکانی خوێندن (بۆ مامۆستایان و قوتابیان) یوزەرنەیم و پاسۆرد ئامادەکراوە لەبەشی راپۆرتی قوتابخانە لە ناو سیستمی (ئی – پەروەردە) دەتوانن داونلۆدی بکەن و پێشکەشیان بکرێت.
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەوەرزی دووەمی خوێندنەوە لە 396 قوتابخانەی حکومی بەکاردەهێندرێت و قوتابخانەکانی دیکەی حکومی و ناحکومیش دەتوانن بەکاریبهێنن.


