مەسعود بارزانی نوێنەری خۆی دەنێرێتە ڕۆژئاوای کوردستان و چاوی بە مەزڵوم عەبدی دەكەوێت

#ڕۆژئاوای کوردستان#سوریا#مەسعود بارزانی#مەزڵوم عەبدی
6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" عەبدولحەمید دەربەندی، نوێنەری مەسعود بارزانی چووەتە سوریا و لە ڕۆژئاوای كوردستان و بەدیاریكراوی لە حەسەكە چاوی بە مەزڵوم عەبدی كەوتووە و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی كورد -سوریا ناسراو بە ئەنەكەسە كۆببێتەوە.
Primary Asset

مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی

سبەی

نوێنەری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوریایە و لە ڕۆژئاوای كوردستان چاوی بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كەوتووە و لەگەڵ نوێنەرانی ئەنەكەسەش كۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" عەبدولحەمید دەربەندی، نوێنەری مەسعود بارزانی چووەتە سوریا و لە ڕۆژئاوای كوردستان و بەدیاریكراوی لە حەسەكە چاوی بە مەزڵوم عەبدی كەوتووە و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی كورد -سوریا ناسراو بە ئەنەكەسە كۆببێتەوە.

بەپێی زانیارییەكان ئەو نوێنەرەی بارزانی ناردویەتیە سوریا، بەرپرسی دۆسیەی سوریایە لەلای پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیاریشە ئەو نوێنەرەی بارزانی بچێتە دیمەشق و بەرپرسانی ئیدارەی نوێی سوریا ببینێت.

بەوتەی سەرچاوەكە، ئامانجی سەردانەكە نێوبژیوانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و توركیا و گروپە چەكدارەكانیەتی تا شەڕ ڕابگرن، ئامانجێكی دیكەش نزیككردنەوەی پەیەدە و هەسەدەیە لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا كە ناسراوە بە ئەنەكەسە.

ئەم سەردانەی نوێنەرەکەی بارزانی بۆ سوریا و بینینی مەزڵوم عەبدی دوای ئەوەدێت، کە باس لەوە دەکرێت مەزڵوم عەبدی چەند رۆژێک لەمەوبەر سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و چاوی بە مەسعود بارزانی کەوتووە و پرسی گۆڕانکارییەکانی سوریا و یەکڕیزی کوردیان تاوتوێ کردووە، سەردانەکەش بە چاودێری و سەرپەرشتی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بووە.

پێش چەند ڕۆژێك دوای بینینی ژمارەیەك لە نوێنەرانی ئەنەكەسە، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند "پشتیوانی گەلی كورد لە سوریا دەكات و پێویستە ڕیزەكانیان یەك بخەنەوە و كێشەكانیان وەلا بنێن تا لە داهاتووی سوریا شوێنیان هەبێت".

دوای ئەو كۆبوونەوەیەش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چووە توركیا و چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كەوت، یەكێكیش لە تەوەرەكان پرسی سوریا بوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی