کۆنگرەیەکی مەسەدە
سبەی
بەرپرسێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" ئاشكرایكرد، ڕێگای پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا لە دیمەشق بەردەوامە.
ئەزهەر ئەحمەد، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەكانی "مەسەدە" لەمیانی گفتوگۆیەكی ئەنجومەنەكە لە حەسەكە ڕایگەیاند: چەند گەڕێكی گفتوگۆ لەنێوان هەسەدە و دیمەشق بەڕێوەچووە، گەڕی دیكەش بەڕێوەدەچێت.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای كوردستان، "سەرجەم چاوپێكەوتنەكان ئەرێنی بوون و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەند ڕێككەوتنێك دەكرێت".
پێشتر عەلی ڕەحمون، جێگری هاوسەرۆكانی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" ڕایگەیاند: "ئیدارەی نوێی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕێككەوتوون لەسەر پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی سەربازی و ئابوری و ئەمنیی و ئیداری".
ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای كوردستان هۆشداریدا لەوەی ئەو كۆنگرەیەی بڕیارە لە دیمەشق بكرێت، ئەگەر نەبێتە شوێنی هەموو هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان سەركەوتوو نابێت.
جێگری هاوسەرۆكانی مەسەدە دەشڵێت:" سورین لەسەر ئەوەی نابێت هیچ كەس وەكو خۆی بەشداری بكات، بەڵكو پێویستە ئەو هێزە سەرەكییانەی ناوچەكەیان پاراستووە بەشداری بكەن كە ئەزموونی سیاسی و ئیداری و سەربازییان هەیە".
یەکەم دیداری نێوان هەسەدە و ئیدارەی نوێی سوریا
دوو هەفتە لەمەوبەر وەفدێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەدیمەشق بە سەرۆكایەتی مەزڵوم عەبدی چاویان بە ئەحمەد شەرع فەرماندەی ئیدارەی نوێی سوریا كەوتووە، بەرپرسێكی ئاگاداریش كۆبوونەوەكەی بە "ئەرێنی" ناو بردووە.
ئەمە یەكەم كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئەحمەد شەرع فەرماندەی ئیدارەی نوێی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات بوو كە باڵی سەربازی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كوردە لە ڕۆژئاوای كوردستان، دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد لە سەرەتای كانونی یەكەمی 2024.
یەكێك لە بەرپرسە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە بەبێ ئەوەی ئامادەبێت ناوی بهێنرێت، بە "فرانس پرێس" ی وتووە" كۆبوونەوەكە دانانی بناغەی سەرەتایی بوو بۆ گفتوگۆكانی داهاتوو، ڕێككەوتنین لەسەر بەردەوامیی چاوپێكەوتنەكان تا بگەینە لێكتێگەیشتن بۆ داهاتوو".
ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستووەتەڕوو "كەشی كۆبوونەوەكە ئەرێنی بوو، لەداهاتووش كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت".
ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێکی سوریا لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە
تائێستاش هێزەكانی سوریای دیموكرات كە زۆرینەیان كوردن بەشێكی بەرفراوانی ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕۆژئاوای كوردستانیشەوە لەژێر دەسەڵاتیاندایە، بەتایبەتیش بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.
ئەو ناوچانە لەسەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی سوریا لە ساڵی 2011 ەوە كەوتووەتە دەست هێزە كوردییەكان، پاشان ئەو هێزانە بۆ شەڕی دژ بە داعش دەسەڵاتیان گەیشتە ڕەقە و دێرەزور، بەڵام لەنێوان ساڵانی 2016 و 2019 توركیا بە پشتیوانی گروپە چەكدارەكانی نزیكی كە خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناساندووە، هێرشیان دژ بە چەند ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامدا، بەوەش عەفرین و سەرێكانی و گرێسپی و چەند ناوچەیەكی دەوروبەریان داگیركرد.
توركیا كە ئێستا خۆی بە نزیكی دەسەڵاتە نوێیەكەی دیمەشق دادەنێت، هێزەكانی سوریای دیموكرات بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان ناودەبات و پێداگری ئەوە دەكات كە ئەو هێزانە دەبێت چەك بكرێن، لە نوێترین هەڵوێستیشدا ئەحمەد شەرع فەرماندەی ئیدارەی نوێی سوریا ڕایگەیاندووە "دەبێت ئەو هێزانە تێكەڵ بە سوپای نوێی سوریا بكرێن". مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتیش ئامادەیی خۆی بۆ تێكەڵكردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای نوێی سوریا پیشانداوە، بەڵام دەڵێت "بۆ ئەوە پێویستە گفتوگۆ بكرێت".