وەفدێكی ڕۆژئاوای كوردستان دەچێتە بەریتانیا و چوار ڕۆژ دەمێنێتەوە

#سوریا#ڕۆژئاوای کوردستان#مەسەدە#بەریتانیا
یەک مانگ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • سەردانەكە لەكاتێكدایە، پێشتر بەرپرسێكی مەسەدە ئەوەی ڕاگەیاندبوو، كە گفتوگۆكان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بەردەوامە و لەوچوارچێوەیەشدا چوار لیژنە لەسەر ئاستی سەربازی و ئیداری و ئابوری و ئەمنیی پێكهێندراون.
Primary Asset

کۆبوونەوەی وەفدی ڕۆژئاوا لەگەڵ پەرلەمانتارانی بەریتانیا

سبەی

ئەنجومەنی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، وەفدێكی فەرمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەیشتووەتە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەو وڵاتە دەمێننەوە.

وەفدەكەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرۆكایەتی ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەیە.

لەبارەی سەردانەكەوە، مەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "سەردانەكە تیشك دەخاتەسەر پرسە بنەڕەتییەكانی سیاسی و ئەمنیی لە سوریا، هەروەها باس لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەكرێت وەك ئەزمونێكی ئارام لە سوریا".

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، بەشێكی دیكە لە سەردانەكە بۆ تاوتوێكردنی ئەو هێرشانەیە كە بۆسەر ئیدارەی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن گروپەكانی سەر بە توركیاوە بەردەوامە، جگە لەوەش باس لە گرنگیی پاراستنی ئەو ناوچانە دەكرێت.

وەفدەكە دیدگای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ بەریتانییەكان ڕووندەكاتەوە و باس لە هەوڵەكان بۆ چارەسەری سیاسی دەكات، جگە لەوەی باس لە پێویستیی نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ سوریا دەكات كە لەناویدا مافی پێكهاتەی كوردیش پارێزراو بێت. ئەمەش بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی مەسەدە.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەی مەسەدە، باس لەوەشدەكات، ئەو سەردانە بۆ بەهێزكردنی پێگەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستانە لەئاستی نێودەوڵەتی.

سەردانەكە لەكاتێكدایە، پێشتر بەرپرسێكی مەسەدە ئەوەی ڕاگەیاندبوو، كە گفتوگۆكان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بەردەوامە و لەوچوارچێوەیەشدا چوار لیژنە لەسەر ئاستی سەربازی و ئیداری و ئابوری و ئەمنیی پێكهێندراون.

لەلایەكی دیكەوە، مەسەدە ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە نوسینگەی فەرمییان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا دەكەنەوە.
 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی