سێرگی لاڤرۆڤ
سبەی
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا جەخت دەكاتەوە وڵاتەكەی ئامادەیە بەشداری لە پاڵپشتیكردنی ڕێرەوی سیاسی لە سوریا بكات، دەشڵێت "مۆسكۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناكشێتەوە و لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا لە پەیوەندیدایە".
سێرگی لاڤرۆڤ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسكۆ، بەرپرسیارێتی داڕوخانی دۆخی سوریای خستە ئەستۆی رژێمی پێشووی وڵاتەكە بە سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد. وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند:"ڕژێمی پێشووی سوریا خواستی گۆڕینی هیچ شتێكی نەبوو، هەروەها خواستی دابەشكردنی دەسەڵاتی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن نەبوو، ئەوەش لە گرنگترین هۆكاری داڕوخانی بوو".
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئەوەشی خستەڕوو:"بەدرێژایی 10 ساڵی ڕابردوو كە سەرۆكی پێشووی سوریا داوای دەستێوەردانی ڕوسیای كرد، دوای دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی ئەستانە و سەرەڕای ئەو هاوكارییەی كە دەوڵەتە عەرەبییەكان كردیان، بەڵام دەسەڵاتی دیمەشق دەستی دەستی بە پرۆسەی سیاسی دەكرد و خواستی هەبوو دۆخەكە بەوشێوەیە بمێنێتەوە".
بەوتەی لاڤرۆڤ، ڕوسیا لەساڵی 2018 و لە كۆنگرەی سوچی داوای لە حكومەتی سوریا كردووە پشتیوانی لیژنەی دەستوری بكات و هەوڵیشی داوە دەستورێكی نوێ ڕێكبخرێتەوە، بەڵام حكومەتی سوریا هیچ ئامادەییەكی نەبوو بۆ هاوبەشیكردنی دەسەڵات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و بە تیرۆریست ناوی دەبردن.
سەبارەت بە پرسی كورد لە سوریا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا دەڵێت "لەگەڵ كوردەكان باسمان لە پێویستیی بوونی دەسەڵاتی ناوەند لە سوریا كرد، بەڵام وتیان ئەمەریكا یارمەتیمان دەدات بۆ دروستكردنی حكومەتەكەمان، ئێمەش پێمان وتن توركیا و ئێران ڕێگە نادەن دەوڵەتی خۆتان هەبێت".
سێرگی لاڤرۆڤ دەشڵێت "هەڵوێستی ڕوسیا تیشكی خستبووەسەر ئەوەی مافی كوردەكان پێویستە لەچوارچێوەی دەستوری سوریا و عێراق و ئێران و توركیا بێت.