لە سەرۆکایەتییەوە بۆ زیندان؛ سەرۆکى کۆریاى باشور دەستگیرکرا

#کۆریاى باشور#یوون سیوک یۆل
یەک مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • یوون سیوک یۆل سەرۆکى لەکارخراوى کۆریاى باشور لەلایەن پۆلیسى ئەو وڵاتەوە دەستگیرکرا
  • یوون لێکۆڵینەوەکان بە "نایاسایی" دادەنێت و دەڵێت بۆ ئەوەى خوێن نەڕژێت رەزامەندى لەو بارەیەوە نیشانداوە
  • کۆتایی ساڵى رابردوو سەرۆکی کۆریای باشور لەلایەن کۆمەڵەی نیشتیمانییەوە لەکارخرا
Primary Asset

یوون سیوک یۆل یەکەم سەرۆکى وڵاتە لە کۆریاى باشور کە دەستگیربکرێت

سبەى

یوون سیوک یۆل سەرۆکى لەکارخراوى کۆریاى باشور لەلایەن پۆلیسى ئەو وڵاتەوە دەستگیرکرا، لە ساتێکى مێژوویدا کە ئەو وڵاتە بەخۆوەى دەبینێت.

یوون سیوک یۆل کە بەتۆمەتى "یاخیبوون" لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا ئەنجامدرا، یەکەم سەرۆکى وڵاتە لە کۆریاى باشور کە دەستگیربکرێت، ئەوەش دواى مانگێک لە لەکارخستنى لەلایەن کۆمەڵەی نیشتیمانی (پەرلەمان) ئەو وڵاتەوە.

بەپێی میدیاکانى کۆریاى باشور، یوون رەوانەى نوسینگەى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانى گەندەڵى کراوە، دواى چەند خولەکێک لە جێهێشتنى کۆشکى سەرۆکایەتى.

پارێزەرى یوون دەڵێت، سەرۆک رەزامەند بووە لەسەر جێهێشتنى شوێنى مانەوەى و کۆبوونەوە لەگەڵ لێکۆڵەرەوان بۆ رێگرى لە روودانى "رووداوى مەترسیدار". لەکاتێکدا نوسینگەى لێکۆڵینەوەى ناوەندى کۆریاى باشور دەڵێت لێکۆڵەرەوان یاداشتى دەستگیرکردنى یوونیان جێبەجێکردووە.

لە بەیاننامەیەکدا، یوون سیوک یۆل رایگەیاند: رەزامەند بووە لەسەر ئامادەبوونى لەبەردەم نوسینگەى لێکۆڵینەوە، کە سەرۆکایەتى لێکۆڵینەوەکان لەدژى دەکات لەبارەى تۆمەتى گەندەڵییەوە.

یوون لێکۆڵینەوەکان بە "نایاسایی" دادەنێت و دەڵێت: بۆ ئەوەى خوێن نەڕژێت رەزامەندى لەو بارەیەوە نیشانداوە.

لە گرتەیەکى ڤیدیۆیی کورتى سێ خولەکیدا، یوون دەڵێت سەروەرى یاسا لە وڵاتدا "داڕوخاوە، ئەو دادگا و دامەزراوانەى بڕیارى دەستگیرکردنیانداوە دەسەڵاتى شەرعى و یاساییان نییە".

لەبەرمبەردا بارك چان داى سەرۆکى پارتى دیموکراتى ئۆپۆزسیۆن دەستگیرکردنى یوونى بە بەدیهێنانى دادپەروەرى لە کۆریا ناوبرد و جەختیکردەوە، ئەوە هەنگاوى یەکەمە بۆ گەڕانەوەى سیستەمى دەستورى و دیموکراتى و سەروەرى یاسا.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەى هەواڵى دەستگیرکردنى، دوو گروپى جیاواز لەبەردەم شوێنى مانەوەى یوون کۆبوونەوە و هوتافیان لەدژى یەکتر دەکێشا.

لەکاتێکدا پۆلیس و لێکۆڵەرەوان توانیان بچنە کۆمەڵگاى سەرۆکایەتییەکەوە، دواى لابردنى بەربەستەکان کە تیمى ئاسایشى سەرۆکایەتى دروستیان کردبوو، بەشێک لە هاوڵاتیان کە لەو شوێنە گردبوونەوە خۆشحاڵى خۆیان نیشاندا، لایەنگرانی یوونیش دەگریان.

تا ساتى دەستگیرکردنى، یوون لە بارەگاى سەرۆکایەتى دەمایەوە و پاسەوانەکانى هەوڵیاندەدا بۆ جارى دووەم رێگرى لە دەستگیرکردنى بکەن، بەڵام سەرلەبەیانى چوارشەممە هەموو شتێک کۆتایی هات کاتێک پۆلیس دەستگیرکردنى راگەیاند.

کۆتایی ساڵى رابردوو، سەرۆکی کۆریای باشور لە بڕیارێکی لەناکاودا بڕیاری حوکمی سەربازی سەرتاسەری و قەدەغەکردنی چالاكییه‌ سیاسییه‌كانی دەرکرد، دوای شەش کاتژمێر، لەژێر فشارێکی زۆردا بڕیارەکەی هەڵوەشاندنەوە و دواتر بە فەرمی داوای لێبوردنی لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، بەڵام هەردوو پارتی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش سووربوون لەسەر دوورخستنەوەی سەرۆک لە پۆستەکەی.

دواتر کۆمەڵەی نیشتیمانی بە زۆرینەی دەنگ و بە 204 دەنگی بەڵێ، یوون سیوک یۆلی لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵات دوورخستەوە، بەرامبەر 85 دەنگی نەخێر، 3 دەنگی بێ لایەن و 8 دەنگی بە تاڵ.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی