چەند بارمتەیەکی ئیسرائیلی
سبەی
ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" ئەو ڕێگەیەی ئاشكراكرد كە بارمتە ئیسرائیلیەكان لە كەرتی غەززە بەهۆیەوە ڕادەستی ئیسرائیل دەكرێنەوە.
وەك ئەو ڕۆژنامەیە ئاشكرایكردووە، ئەو بارمتانەی بڕیارە ئازاد بكرێن بەپێی ڕێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، بۆیەكەمجار بەشێوازێكی جیاواز ڕادەست دەكرێن.
وەك ئەو ڕۆژنامەیە ڕونیكردووەتەوە، بارمتەكان سەرەتا ڕادەستی خاچی سوری نێودەوڵەتی دەكرێن و پاشانیش ئەوان ڕادەستی سوپای ئیسرائیلی دەكەن.
لە ڕێككەوتنی یەكەمدا كە حەماس بارمتەكانی ڕادەستی ئیسرائیل كرد لە ڕێگەی دەروازەكانەوە بوو، بەڵام ئەمجارە سوپای ئیسرائیل لەناو غەززە بەربڵاوە و بەوەش وەرگرتنی بارمتەكان بۆ ئەوان ئاسانتر و بۆ حەماس قورسترە.
پێشتر نوسینگەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرایكرد، بەشی یەكەمی بارمتەكان ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو ڕادەستی ئیسرائیل دەكرێنەوە.
ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەغەززە لەدوای 15 مانگ لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دێت، ئەمڕۆ دواجار حكومەتی جەنگیی بچوككراوەی ئیسرائیل ئاگربەستەكەی پەسەند كرد كە بە فەرمی لە یەكشەممەی داهاتوەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاگربەستەكە لەسێ قۆناغ پێكدێت، قۆناغی یەكەم شەش هەفتەیە و لەو ماوەیەدا 33 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەكرێن، لەبەرامبەر ژمارەیەك زیندانیی فەڵەستینی.
هەر بەپێی ڕێككەوتنەكە و لەقۆناغی یەكەمدا ئیسرائیل بەپێی پلانێك هێزەكانی لە غەززە دەكشێنێتەوە. قۆناغی دووەمی ئاگربەستەكەش كشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیلە لە غەززە و زیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكانە.
قۆناغی سێیەمیش دەستپێكردنی ئاوەدانكردنەوەی غەززەیە.
ئاگربەستەكە لەكاتێكدایە بەهۆی ئەو شەڕەی لە كەرتەكە ڕوویدا، زیاتر لە 46 هەزار كەس كوژراون كە زۆربەیان ژن و منداڵن، دەیان هەزار كەسیش برینداربوون و سەدان كەسیش بێسەروشوێنن.
لە ئیسرائیلیش زیاتر لە دوو هەزار خەڵكی سڤیل و سەرباز بەدرێژایی ماوەی جەنگەكە كوژراون، كە بەشێكی زۆریان سڤیلن و لەسەرەتای پەلاماری چەكدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل كوژران.