دیمەنی خۆپیشاندانێک لە مهاباد
سبەی
لە ترسی ئەوەی جارێكی دیكە تووشی "تیرۆری سێكسی" نەبێت، كچە كوردێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە زیندانێكی ئێران هەڵدێت، ئەو توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە هەرێمی كوردستان بەڵام كابوسی ئەو ڕووداوەی بەسەریهاتووە هەموو بەیانییەك خەوی دەزڕێنێت و دیمەنی ئەشكەنجە و دەستدرێژی زیندانەكانی ئێرانی دەهێنێتەوە بەرچاو.
بێریتان ناوی خوازراوی كچە كوردێكی خەڵكی مهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، ئەو بۆ پێگەی "حوڕرە" قسەیكردووە و دەڵێت:"هیچ شەوێك تێناپەڕێت كە بەهۆی كابوسی ترسناكەوە لەخەو هەڵنەسم، دیمەنی ئەشكەنجە و دەستدرێژی لەسەر دەستی ئەندامانی ئیتڵاعاتم دێتەوە بەرچاو ئەوكاتەی لایان دەستبەسەربووم".
لەکاتی خۆپیشاندانەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستگیرکراوە
بێریتان لە ئەیلولی 2022 لەمیانی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی دوای كوشتنی كچە كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان "ژینا ئەمینی" بەشداریكرد و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركرا.
ژینا ئەمینی بەپاساوی نەپۆشینی حیجاب لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێران دەستگیركرا و بەهۆی ئەشكەنجەوە لەبنكەیەكی پۆلیسی تاران دوای چەند ڕۆژێك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بێریتان دوای چەند كاتژمێرێك لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لەشاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراوە، دەستگیركردنەكەشی كاتێك بوو كە ئەو ڕوپۆشەی بۆ دەموچاوی دانابوو كەوتە خوارەوە و هێزە ئەمنییەكان ناسیویانەتەوە و دەستگیریان كردووە.
دوای ئازادکردنی دەستگیر دەکرێتەوە
پاش لێكۆڵینەوە هێزە ئەمنییەكان ئازادیان كردووە، بەڵام دوای تێپەڕینی ساڵێك لەخۆپیشاندان هێزێكی ئیتڵاعاتی ئێران لە ئەیلولی 2023 دەچنە سەر ماڵەكەیان و دەستگیری دەكەنەوە.
بێریتان دەگوازرێتەوە بۆ بەشی ئیتڵاعاتی شاری ڕەزاییە، چەند هەفتەیەك لە زیندان دەبێت بەبێ ئەوەی دایك و باوك و خێزانەكەی ئاگادار بكرێنەوە لە كوێیە، ڕێگەش نادەن پارێزەر بگرێت و خێزانەكەی هەواڵیان لەبارەیەوە دەستبكەوێت.
بێریتانی 27 ساڵ دەڵێت "لەكاتی زیندانیكردنمدا لە بەشی ئیتڵاعات ڕوبەڕووی چەندین شێوازی ئەشكەنجە بوومەوە، لەلێدان و لێدانی كارەبا و نقومكردنی سەرم لە ئاودا".
بەوتەی ئەو كچەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەكاتی زیندانییەكەیدا جگە لە ئەشكەنجە ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێكسیش بووەتەوە، ئەو دەڵێت "ئەندامانی ئیتڵاعات زۆر بە توندوتیژانە دەستدرێژییان دەكردەسەرم، ناتوانم ئەو دیمەنانە بهێنمەوە پێشچاوم".
لە كانوونی دووەمی 2023 ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە كە دەزگا ئەمنییەكانی ئێران چەندین جۆر ئەشكەنجە و دەستدرێژی سێكسییان بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە تا ڕێگربن لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكانی "ژن، ژیان، ئازادی" كە ساڵی 2022 سەریهەڵدا.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەشکەنجە و دەستدرێژییەکانیان بە دۆکیۆمێنت کردووە
هەریەك لە هیومان ڕایتس وۆچ و ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەشكەنجە و مامەڵەی هێزە ئەمنییەكانی ئێرانیان لەكاتی سەركوتی خۆپیشاندانەكان بە دیكیۆمێنت كردووە، بەتایبەت دژ بە پێكهاتە و كەمینەكان.
دوای چەند هەفتەیەك لە دەستگیركردنی لە بەشی ئیتڵاعات، بێریتان دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی ژنان لە ڕەزاییە، دوای هەوڵی خێزانەكەی دادگای تایبەت بڕیاری ئازادكردنیدا بەڵام لەبەرامبەر ئازادكردنیدا خێزانەكەی 15 ملیار تومەنیان وەك بارمتە دانا تا كاتی دادگایی كردنەكەی.
هەرچەندە خێزانەكەی دوای هەوڵێكی زۆر توانییان بڕی بارمتە داراییەكە بۆ پێنج ملیار تومەن كەم بكەنەوە، بەڵام ئەوە كۆتایی بە ئازارەكانی بێریتان نەهێنا.
"لەوكاتەی بە كاتیی ئازادیان كردم، ئیتڵاعات سێجاری دیكە بەپاساوی لێكۆڵینەوە دەستگیریان كردم، لەكاتی ئەو دەستگیركردنانەش تووشی چەندین ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونیی بوومەوە، یەكێك لە دەست و قاچەكانیشم لەكاتی ئەشكەنجەدا شكان". بێریتان وا دەڵێت.
"بەكۆمەڵ لێیان دەدام و دەستدرێژییان دەكردەسەرم"
بێریتان دەشڵێت "لەگەڵ هەر لێكۆڵینەوەیەكدا كە لەگەڵیان دەكردم بەكۆمەڵ لێیان دەدام و دەستدرێژییان دەكردەسەرم".
هێزە ئەمنییەكانی ئێران تەنها بە گرتن و ئەشكەنجەدانی بێریتانەوە نەوەستاون، وەك خۆی دەڵێت هەڕەشەیان لە خانەوادەكەی كردووە كە تۆمەت ئاراستەی ئەوانیش دەكەن.
بێریتان دەڵێت "هەوڵیان دەدا بزانن لایەنداری كام پارتی كوردیم، تا بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەویی دادگاییم بكەن و دواتر لەسێدارەم بدەن".
ئەو كچە كوردە لەگەڵ هەر لێكۆڵینەوەیەكدا كە كردوویانە بۆ ماوەی هەفتەیەك لە زیندانی تاكەكەسی هێڵدراوەتەوە و ئەشكەنجە دراوە و ڕێگەنەدراوە پارێزەرەكەی ببینێت.
ماوەی زیندانیكردنی بێریتان بە كۆكراوەیی ئەو ماوەیەی لە زیندان ماوەتەوە زیاتر لە سێ مانگ و نیو بووە، دوای ئازادكردنی بەشێوەی كاتیی، پارێزەرەكەی ئاگاداری كردووەتەوە كە دادگا دەیەوێت زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێنێت و ڕەوانەی زیندانی "ئەوین" ی بكات كە بەناوبانگە لە پێشێلكاری دژ بە مافەكانی مرۆڤ لە ئێران.
لەگەڵ دایکی بەرەو هەرێمی کوردستان دێت
بێریتان بڕیار دەدات بە هاوڕێیەتی دایكی بچنە سنوری هەرێمی كوردستان و بەیارمەتی كەسە نزیكەكانی لەڕێگەی شاخەوە كە پڕ مەترسییە خۆی دەگەیەنێتە ناو هەرێمی كوردستان.
بێریتان دەڵێت "تاكە كەس نیم لەكاتی لێكۆڵینەوەدا، ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و ئەشكەنجە بوومەتەوە، بەڵكو زۆربەی ئەو ژنانەی لەگەڵم بوون هاوشێوەی من ئەشكەنجەدراون و دەستدرێژییان كراوەتەسەر، ئێستاش یەكێك لەو كچانەم بیرناچێتەوە كە دوای ئەشكەنجە دەیانهێنایەوە بۆ زیندانەكە".
بێریتان هەرچەندە ئێستا لە هەرێمی كوردستانە، بەڵام هێشتا دەترسێت كە ئێران شوێنەكەی بزانێت و دەستی پێی بگات و دووبارە دەستگیری بكاتەوە، بۆیە بڕیاریداوە ناسنامەكەی بە شاراوەیی بهێڵێتەوە.
"بەردەوام لە ترسدا دەژیم، دەترسم ئیتڵاعاتی ئێران بمڕفێنێت". بێرتان بەمشێوەیە كۆتایی بە قسەكانی هێنا.