ستیڤ ویتکۆف
سبەی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ستیڤ ویتکیف-ی ملیونێر و دەڵاڵی خانووبەرەی کرد بە بەرپرسی کاروباری ئێران.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە ستیڤ ویتکۆف له ئیدارهكهیدا بکات بە بەرپرسی کاروباری ئێران.
ویتکۆف کە دەڵاڵی خانووبەرەیە و رۆڵێکی کارای هەبووە لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، چاوەڕواندەکرێت ئەرکەکەی بریتی بێت لە گرنگیدان بە بەرنامە ئەتومییەکەی ئێران و راگرتنی شەڕەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
دوای گورزە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران و لاواز کردنی بریکارەکانی لەنێویاندا حیزبوڵڵای لوبنان، بەرپرسانی رۆژئاوا پێیانوایە لە ئێستادا وڵاتەکە لە لاوازترین دۆخدایە. بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمەریکا رایانگەیاند، گورزە ئاسمانییەکانی پارساڵی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زۆرینەی سیستمە بەرگرییەکانی ئێرانی لەنێو بردووە، بەوەش سیستمی بەرگریی وڵاتەکە تەواو لاواز بووە.
دوای یەکلابوونەوەی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، بەرپرسانی ئێران بە نافەرمی ئاماژەیان بە ویستی تاران کردووە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەرچەندە پسپۆڕان پێیانوایە رێککەوتنی نوێ لەسەر بەرنامە ئەتۆمیی تاران گەورەترین ئاڵنگاری دەبێت بۆ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا و حکومەتی ئێران.
ترەمپ دژایەتی راستەوخۆی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی تاران دەکات، لە 2018 تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمەریکا کە بەوە ناسراون کە زۆر توندن لەگەڵ ئێران، نیگەرانن لە دەستنیشانکردنی کەسێکی وەکو ستیڤ ویتکۆف و ترسیان هەیە نەرم بێت لەگەڵ ئێران و بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی. ئەو بەرپرسانە لایەنگری فشاری زیاترن بۆ سەر تاران و لێدان کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکە.
ترسی ئەو بەرپرسانە لەوە هاتووە کە ویتکۆف، فشاری پێوستی نەکردووە لە حەماس، حیزبوڵڵا و ئێران لە پرسی ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکییەکان کە لە حەوتی ئۆکتۆبەر لە ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون. فاینانشیاڵ تایمز لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە نوسیویەتی: "ویتکۆڤ بەردەوام دەڵێت کە دەزانیت ترەمپ چی دەوێت، بەڵام ویتکۆف لەوە تێناگات کە ترەمپ باوەڕێ بە چی هەیە."
محەمەد جەواد زەریف، یاری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی لە داڤۆس سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران قسەی بۆ میدیاکان کرد و وتی: "هیوادارم ترەمپ زیاتر رژد و واقعی بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران".
زەریف دەشڵێت: "ئەمەریکا بە دەرچوونی لە رێککەوتنی ئەتۆمی شکستیهێنا لە قایلکردنی ئێران لەدەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی". زەریف دان بەوەدا دەنێت دەرچوونی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی قەیرانی قورسی دارایی لە ئێران دروست کردووە.