ئاک پارتی: "کۆتایی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان هات"

#پەکەکە#تورکیا#کورد#ئۆجەلان#دەم پارتی
5 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاک پارتی: "ئینجا چاوەڕێی ئەوە دەکەین بانگەواز بکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە".
Primary Asset

عومەر چەلیک

سبەی

عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاک پارتی'ی دەسەڵاتداری تورکیا ڕایگەیاند کۆتایی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان هات و دەڵێت: "ئینجا چاوەڕێی ئەوە دەکەین بانگەواز بکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە".

دوای کۆبوونەوەی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ناوەندی بڕیاری ئاک پارتی بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گشتیی پارتەکە و سەرۆک کۆماری تورکیا کە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند، عومەر چەلیک بۆ میدیاکاران دوا.

عومەر چەلیک ئاماژەی بەوە دا کە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆتایییان پێ هاتووە و دەڵێت: "ئینجا چاوەڕێی ئەوە دەکەین بانگەواز بکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە".

عومەر چەلیک ئاماژەی بەوە دا شاندەکە بە ڕوونی ئاماژەیان بەوە داوە کە خوێندنەوەیان بۆ دیدار و کۆبوونەوەکان چی بووە و دەڵێت: "ئێمەیش سەرنجمان خستە سەر کارەکانی قۆناغی پێشوو و هەڵوێستی ئێستاشمان خستە ڕوو کە تێڕوانینمان لەسەر ئەو قۆناغە چییە. ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێک بۆ ئەوەی پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت".

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە لەم پرۆسە نوێیەدا هیچ جۆرە دانوستان و سەودا و مامەڵەیەک لە ئارادا نییە و تورکیا سازش لەسەر هیچ کام لە پرەنسیپەکانی ناکات و دەڵێت: "ماوە ماوە ژمارەیەک لە سیاسییەکان قسەی لەو جۆرە دەکەن، بەڵام لەوەدا بە هەڵەدا چوون. بەڕێزان سەرۆک کۆمار و دەولەت باخچەلی ئاماژەیان بەوە داوە مەبەست لەو پرۆسەیە ئەوەیە کۆتایی بە 'تیرۆر' بهێندرێت".

عومەر چەلیک بە جۆرێک ناوی پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە دەهێنێت کە گوایە "ڕێکخراوی تیرۆریستی" بن و تۆمەتباریان دەکات بەوەی نەک هەر بەرگریی لە مافەکانی گەلی کورد ناکەن، بەڵکوو بوونەتە پاسەوانی زیندانی هۆڵ کە ئەندامی داعشی لێ زیندانی کراون و ئیمپریالیزم بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان دەهێنێت.

22ـی کانونی دووەمی 2025 بۆ جاری دووەم هەریەک لە سڕی سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی دورگەی ئیمراڵی کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند و ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکە شاندەکەی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا ئۆجەلان بەردەوامە لە کارەکانی بۆ پرۆسەکە و دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکرێتەوە.

سەرنجیش خراوەتە سەر ئەوەی کە شاندەکەش بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ هەمان مەبەست و بەپێی پێشهاتەکانیش ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکەنەوە.

شاندی دەم پارتی دەشڵێت: "لەم پرۆسە نوێیەدا هەموومان بەیەکەوە و ئازادانە دەژین. بۆ گەیشتنە ئەنجامی ئەمە چاوەڕێی هەوڵی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵین".

ئەوەی بووە جێی سەرنج کۆبوونەوەی دووەمی شاندەکەی دەم پارتی، وەک کۆبوونەوەی یەکەم کە لە لە 28ـی كانوونی یەكەمی 2024 ئەنجام درا، ئەحمەد تورک تیایدا بەشدار نەبوو.

داواكارییە چاوەڕواننەكراوەكەی باخچەلی لە ئۆجەلان

دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراودا لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 و لە ڕۆژی کردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا، چووە لای پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە هۆڵی پەرلەمان و تەوقەی لەگەڵدا کردن و دواتریش ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەین، لە ناوخۆدا پێویستیمان بە ئاشتییە".

باخچەلی 22ـی تشرینی یەكەمی 2024 رایگەیاند، "ئەگەر گۆشەگیرییەكەی سەری هەڵبگیرێت با ئۆجەلان بێت لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا كۆتایی بە 'تیرۆر' بهێنێت و پەكەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوكات با یاساكان بە جۆرێك رێكبخرێنەوە، ئۆجەلان بتوانێت داوای مافی هیوا (ئازادکردنی مەرجدار) بكات و ئێمەیش ئامادەین زەمینە بۆ ئەوە بڕەخسێنن".

ئەو وتانەی باخچەلی لە كاتێكدایە 25 ساڵ تێپەڕبوە بەسەر زیندانیكردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە "مافی هیوا" بە شایستەی ژمارەیەك لەو كەسانە دەزانێت كە بە زیندانی هەتاهەتایی قورسكراو سزا دراون، بۆ ئەوەی بە شێوەی مەرجدار ئازاد بكرێن.

رۆژی 26ـی تشرینی دووەمی 2024 دەولەت باخچەلی لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا داوای كرد شاندێكی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەبێ دواكەوتن روبەڕوو یەكتر ببینن و جەختی لەوە كردەوە لەسەر قسەكانی خۆیان سورن و پاشگەز نەبوونەتەوە كە ئەگەر ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە رابگەیەنێت، ئەوا زەمینەسازی دەكەن بۆ ئەوەی ناوبراو سومەند بێت لە پێدانی مافی هیوا.

سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای ئۆجەلان

هەر هەمان رۆژ تونجەر باكرهان و تولای هاتیمئۆغڵوڵڵاری، هاوسەرۆكانی گشتیی دەم پارتی داواكارییەكیان پێشكەشی وەزارەتی دادی توركیا كرد بۆ ئەوەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكەن لە گرتووخانەی ئیمراڵی.

 دوای تێپەڕینی 31 رۆژ بەسەر داواكارییەكەدا و لە 27ـی كانوونی یەكەم وەزارەتی داد بە ئەرێنی وەڵامی دەم پارتی دایەوە.

رۆژێك دواتر شاندی دەم پارتی كە پێكهاتبوو لە سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان سەردانی ئۆجەلانیان كرد لە دوورگەی ئیمڕاڵی و شاندەكەی دەم پارتی لە زاری ئۆجەلانەوە رایگەیاند كە ئامادەیە ئەوەی لە توانایدا بێت بیكات بۆ سەرلەنوێ بەهێزكردنەوەی برایەتی كورد و تورك و ئەمەی وەك بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی لەقەڵەم دا.

دوای گەڕانەوەی پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر ئیمراڵی،  ئەحمەد تورک، سەرۆکی قەییوم لەجێ دانراوی شارەوانیی گەورەشاری مێردین کرایە ئەندامی شاندەکە.

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و پارتە سیاسییەکانی تورکیا

دوای گەڕانەوەی شاندەكە،  دەم پارتی بڕیاریدا ئەحمەد توركیش بكات بە ئەندامی شاندەكە و لە 2ـی كانوونی دووەمی 2025 بە دوای یەكدا لەگەڵ نومان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و باخچەلی كۆبوونەوە.

دواتریش لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكی گشتیی پارتیی ئایندە؛ بەرپرسانی ئاك پارتی لە پەرلەمان و مەحمود ئاریكان، سەرۆكی گشتیی پارتیی سەعادەت؛ سەرۆكی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل؛ عەلی باباجان، سەرۆكی گشتیی پارتیی دیموكراسی و پێشكەوتن (دەڤا) و فاتیح ئەربەكان، سەرۆكی گشتیی پارتیی سەرلەنوێ رەفاه کۆبوویەوە.

سەردانی دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان 11ـی کانونی دووەم شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندانی ئەدیرنە کۆبووەوە و ڕۆژێک دواتریش لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ لە زیندانی کاندرا لە کۆجائەلی کۆبووەوە. 

شاندەکە هەروەها لە زیندان سەردانی لەیلا گوڤەن و سەلجوق مرازکڵییشیان کرد.

نازانین چی ڕوو دەدات!

دوو هەفتە لەمەوبەر ئەحمەد تورک لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگاچارەی ئاشتییانە بە رۆژنامەی نەفەس'ی ڕاگەیاند: "کەسانێک وای بۆ دەچن شتێکی ئامادەکراو هەیە و تاوتوێی دەکەین، بەڵام لە راستیدا ئاوا نییە.  بەڵکو لە دەسپێکداین و کۆمەڵگاکەمان پێویستی بەوەیە". 

"لەوانەیە لە سەردانی دووەم یان سێیەم، ئۆجەلان داوا لە پەکەکە بکات چەک دابنێت"

ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوەداوە کە لە کاتی خۆیدا پەرلەمانی تورکیا و رای گشتیی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاگادار دەکرێتەوە و گوتی: "ئەمە هەنگاوی یەکەمە، ناشزانین هەنگاوی دووەم و سێیەم چی دەبێت و چی لێ شین دەبێتەوە".

ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوەدابوو لەگەڵ ئەوەدایە کێشەکانی تورکیا بەبێ دەستوەردانی دەرەکی چارەسەر بکرێن و وتی: "لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، لەوانەیە لە سەردانی دووەم یان سێیەم بۆ ئیمراڵی، ئۆجەلان داوا لە پەکەکە بکات چەک دابنێت. ئێستا ناتوانین شتێک لەو بارەیەوە بڵێین. بەڵام ئەو زانیارییانەمان پێ گەیشتوون. پێدەچێت دوای کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، شاندەکە بچێتەوە ئیمراڵی و هەڵسەنگاندن بۆ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بکرێت".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی