دوای 10 ساڵ لە راگرتنی؛ ئەنجومەنی راژە دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێدەکاتەوە

#ئەنجومەنی راژە#دامەزراندن#پلەبەرزکردنەوە#فەرمانبەران#کەرتی گشتی
5 مانگ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • دوای نزیکەی 10 ساڵ لە راگرتنی، ئەنجومەنی راژە بە سیستمێکی نوێ دەست بە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەکات و سیستم و داتابەیسێک بۆ ئەو مەبەستە دروست دەکات.
Primary Asset

خۆپیشاندانی یەکەمەکان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ دامەزراندن

سبەی

دوای نزیکەی 10 ساڵ لە راگرتنی، ئەنجومەنی راژە بە سیستمێکی نوێ دەست بە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەکات و سیستم و داتابەیسێک بۆ ئەو مەبەستە دروست دەکات.

سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی راژەی گشتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەرقاڵی دانانی بەردی بناغەی داتابەیسێکن بۆ بە دیجیتاڵکردنی دۆسیەی فەرمانبەران، ئەمەش ئامرازێکی گرنگی کۆنترۆڵکردنی کاروبار و دووبارە رێکخستنەوەی میلاکاتی فەرمانبەرانە.

لەبارەی دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی راژە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی فەرمی حکومەتی هەرێمی وتووە :"دەسەڵاتمان پێدراوە پرۆسەی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە بەڕێوەببەین، دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە بەدەق لەیاسادا هاتوە و هەمووی لەسەر ئەو پێوەر و بنەما یاساییانەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە.

بەوتەی بارزانی؛ لەسەربنەمای ئەو یاسایانە میلاکاتی وەزارەتەکان دەستنیشان دەکرێت، کە پرۆسەیەکە لەنێوان ئەنجومەنی راژە و وەزارەتی دارایی و ئابووری، تا بەشێوەیەکی زانستیانە و لەسەر بنەمای یاسایی دووبارە دامەزراندی فەرمانبەران لەکەرتی گشتی دەست پێبکاتەوە و بگەرێتەوە سەر رێرەوی راستی خۆی لەسەر بنەمای زانستی، پسپۆڕی و توانا.

لەبارەی ژمارەی دەرچووانی دانەمەزراوەوە سیراج بارزانی وتی؛ پێشبینی  دەکەین لەهەرێمی کوردستان سەرو 100 هەزار دەرچوی دانەمەزراو هەبێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی راژەی گشتی ئاماژەی بە چۆنیەتیی وەرگرتنی دەرچوانی دانەمەزراو کرد، کە بەپێی سیستمی داتابەیسی پێشکەوتوو بۆ رێکخستنەوەی راژەی گشتی و دامەزراندی نوێ و پلە بەرزکردنەوە پەیڕەو دەکرێت و بەپێی پێداویستیەکانی وەزارەتەکان ئیمێڵیان بۆ دەنێرین، پرۆفایلی دانەمەزراوان لای ئەنجومەنی راژە دەبێت و دەزانن تایبەتمەندیەکانیان چییە و چ کارێک بۆ ئەوان گونجاوە.

دامەزراندن بۆ جێگرتنەوەی خانەنشینان

 بڕیارەکەی ئەنجومەنی گشتی راژە، دوای فەرمانەکەی مەسروو بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت، کە لە 15ـی کانونی دووەمی 2025 ئیمزایکرد بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ، بەپێی بڕیارەکەش لە دایکبووانی چوار ساڵ پێکەوە خانەنشین دەکرێن کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 50 هەزار کەس، بەوەش بۆشایی وەزیفی و کەمی فەرمانبەر لە زۆربەی وەزارەتەکان دروست دەبێت.

راگرتنی دامەزراندن

 لە ساڵی 2014 قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستانی سەریهەڵدا،  هۆکارەکەشی دروستبوونی ناکۆکی  نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد بوو، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا سەربەخۆیانە نەوتەکەی بفرۆشێت و لە رێگای تورکیاوە هەناردەی دەرەوەی بکات.

دابەزینی نرخی نەوت لە ئاستی جیهان و دواتر شەڕی داعش، ئەوەندەی تر قەیرانەکەی قوڵکردەوە و لەماوەی 12 ساڵی رابردودا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە یاسای بودجە ئامادەبکات و مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا دابین بکات، ئەمانەش بونە هۆی لێبرینی موچە و پاشەکەوتکردنی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

لەبەرامبەردا سەرەڕایی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە و دواکەوتنی بەردەوامی مووچە، بەپێی سەرچاوەکان دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە لە ریزی هێزی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان رانەگیراوە و بەردەوامە.

بەهۆی قوڵبوونەوەی قەیرانی داراییەوە، ساڵی 2016 حکومەتی هەرێم بە بڕیارێک دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی راگرت، تەنها گرێبەستی ئەو فەرمانبەرانە نوێ‌ دەكرایەوە كە پێشووتر بە گرێبەستی کاتی دامەزرابون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی