
سبەی
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرای کرد؛ هاوڵاتیانی عێراق رۆژانە سێ ملیار خەرج دەکەن بۆ کڕینی بەرهەمەکانی توتن و جگەرە.
پرۆگرامی نەهێشتنی جگەرەکێشان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە: خەرجی کڕینی جگەرە و بەرهەمەکانی توتن گەیشتوەتە سێ ملیار دیناری رۆژانە.
رۆژی 2ـی شوباتی هەموو ساڵێک لە عێراق وەک رۆژی نەهێشتنی جگەرەکێشان دیاریکراوە، ئەوەش دوای پەسەندکردنی یاسای نەهێشتنی جگەرەکێشان ژمارە 19ـی ساڵی 2012، کە لە رۆژی دووی شوباتی ئەو ساڵە دەنگی لەسەر درا.
دکتۆر وەسیم کەیلان، جێگری بەڕێوەبەری پڕۆگرامی نەهێشتنی جگەرەکێشان لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: ساڵانەلەو رۆژەدا چەندین چالاکیی ئەنجام دەدرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بە زیانە تەندروستی، ژینگەیی و ئابورییەکانی جگەرەکێشان و بەرهەمەکانی توتن.
ئاماژەی بەوەکرد؛ دروشمی ئەمساڵیان "جگەرەکێشان جوانی و مێینەیەتی ژن لەناودەبات" دیاریکراوە، زیاتر باس لە زیانەکانی جگەرەکێشان دەکەن لەسەر ژنان، کە بەپێی ئامارەکان ساڵانە 8 ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیان لەدەستدەدەن، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسیان لە ژنانن، لە کۆی 200 ملیۆن ژنی جگەرەکێش لە جیهاندا، زۆرینەشیان لە وڵاتانی دواکەوتوو و تازە گەشەسەندون.
بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کردووە؛ ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان دەری دەخەن، کە ژنی جگەرەکێش زیاتر مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجە هەیە بەراورد بە پیاوان، بەتایبەتی شێرپەنجەی ملی منداڵدان، دواکەوتنی سکپڕی، منداڵی نەبەکام، مردنی کتوپڕ و پێشوەختە و چەندین نەخۆشیی دیکە.
بەوتەی کەیلان، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین جگەرەکێشی تێدایە، بەجۆرێک رۆژانە 3 ملیار دینار لە کڕینی جگەرە، نێرگەلە و بەرهەمەکانی توتن خەرج دەکات، ئەوەش بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق.
