
شۆفێرى بارهەڵگرەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا هۆکارى رووداوەکەى بۆ لەدەستدانى کۆنتڕۆڵ گەڕاندووەتەوە
سبەى
پۆلیسى سلێمانى بە دوو قۆناغ لێکۆڵینەوە لەرووداوى گیانلەدەستدانى وریا حەمەکەریمى رۆژنامەنووس دەکات، شۆفێرى بارهەڵگرەکە هۆکارەکەى بۆ لەدەستدانى کۆنتڕۆڵ گەڕاندووەتەوە، تا ئێستاش هیچ کەسێک لەو بارە تەماتە قاچاخەى نەپرسیوەتەوە کە بارهەڵگرەکە هەڵیگرتبوو.
بەرەبەیانى زووى رۆژى شەشى شوباتى ئەمساڵ، وریا حەمەکەریم رۆژنامەنووسى دیارى هەرێمى کوردستان و پێشکەشکارى کەناڵى ئێن ئاڕ تى، لەسەر رێگاى سلێمانى - عەربەت لەکاتێکدا دەیویست هاوکاریی شۆفێرێک بکات کە لەسەر رێگاکە ئۆتۆمبێلەکەى پەکیکەوتبوو، بارهەڵگرێک خۆى پێداکێشان و بەهۆیەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
بارهەڵگرەکە کە بارێک تەماتەى قاچاخى هەڵگرتبوو، لەرووداوەکەدا ئاگرى گرت و شۆفێرەکەشى کە بەهۆى رووداوەکەوە چەند بەشێکى جەستەى سوتا برایە نەخۆشخانە و لەو کاتەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
قۆناغى یەکەمى لێکۆڵینەوە
پۆلیس لە ئێستادا سەرقاڵى قۆناغى یەکەمى لێکۆڵینەوەیە لەسەر رووداوەکە، کە پەیوەندیدارە بە گیانلەدەستدانى وریا حەمەکەریم و کەسێکى تر لەو رووداوەدا، پێش ئەوەى قۆناغى دووەم دەستپێبکات کە پەیوەستە بەو بارە تەماتەیەوە کە بارهەڵگرەکە هەڵیگرتبوو.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى رۆژى پێنج شەممە بە سبەى راگەیاند "تائێستا دۆسیەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و وەکو خۆى ماوەتەوە، شۆفێرەکە بە بڕیارى دادوەر بەندە، چاوەڕوانى ئیفادەى خێزان و دایکى وریاین تا بزانین سکاڵایان هەیە یاخود ناو لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بەردەوامە، ئەوەش قۆناغى یەکەمى لێکۆڵینەوەکەیە".
بەپێی زانیارییەکانى سبەى، شۆفێرى بارهەڵگرەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا هۆکارى رووداوەکەى بۆ لەدەستدانى کۆنتڕۆڵ گەڕاندووەتەوە.
شۆفێرەکە خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستانە و کەسوکارەکەى بەشدارییان لە پرسەى وریا حەمەکەریمدا کرد، کەسوکارى وریاش لە پرسەکەدا جەختیانکردەوە چاوەڕوانى لێکۆڵینەوەکان دەکەن هەرچەندە پێیان وایە رووداوەکە بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووە.
قۆناغى دووەمى لێکۆڵینەوە
قۆناغى دووەمى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پەیوەندیدارە بە پرسی ئەو بارە تەماتەیەى کە بارهەڵگرەکە هەڵیگرتبوو، بەو پێیەى هاوردەکردنى ئەو بارە تەماتەیە لەکاتێکدا بوو 11 رۆژ بوو بڕیارى وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ هاوردەکردنى قەدەغەکردنى تەماتە خرابووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى دەڵێت "رەنگە دواتر دادوەر نوسراو ئاڕاستەى ژوورى بازرگانى و لایەنى پەیوەندیدار بکات کە ئایا ئەو تەماتەیە لەکوێوە هاتووە، هى کێیە، خاوەنى سەیارەکە کە وەرگەڕاوە کێیە، وتەى شۆفێرەکە وەربگیرێت لەو بارەیەوە، ئەوەش قۆناغى دووەمە".
سەرچاوەیەک لە عەلوەى سلێمانى رۆژى پێنج شەممە بە سبەى راگەیاند، لەدواى رووداوەکەوە خۆیان شوێنەکەیان پاککردووەتەوە و هیچ کەسێک لە بارەکەى نەپرسیوەتەوە.
بارهەڵگرەکە نزیکەى 40 تۆن تەماتەى هەڵگرتبوو، لە دەروازەى نێودەوڵەتى پەروێزخانەوە ئەو بارەى هاوردەى هەرێمى کوردستان کردبوو.
هیوا عەلى وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ بە سبەى راگەیاند، هیچ پەیوەندییەکیان بەو بابەتەوە نییە ئەوان وەزارەتێکى خزمەتگوزاریین و تەنها ئەرکیان دیاریکردنى وادەى قەدەغەکردنى هاوردەکردنى بەروبومەکانە، ئەوان پۆلیسیان نییە بچن رێگرى بکەن لە هاوردەکردنى بەروبوم.
