محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان
سبەی
بنەماڵە و خێزانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی داواکارییەک پیشکەشی داواکاری گشتی بورسا دەکەن بۆ ئەوەی سەردانی زیندانییەکە بکەن و چاویان پێیان بکەوێت، کە ماوەیەکی زۆرە خراونەتە ژێر گۆشەگیرییەوە.
ئاژانسی هەواڵی وڵات کە لە ئامەدی باکوری کوردستان کاردەکات، ئەمڕۆ هەینی بڵاوی کردەوە؛ گۆشەگیریی قورسی لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان و عومەر هەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش و زیندانەکانی دیکە، لە زیندانی (ئێف) لە ئیمراڵی زیندانی کراون بەردەوامە، ئەمڕۆش محەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و خوشک و برای زیندانیانی دیکە داواکارییەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ناوچەی بۆرسا و بەڕێوبەرایەتی زیندانی ئیمرالی کردووە بۆ ئەوەی دیداری کەسوکاریان بکەن.
ئاژانسەکەی باکوری کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، کە بە بیانووی "سزای دیسپلینیی" رێگریی لە مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئۆجالان و سێ زیندانی دیکە کە ئیمرالی راگیراون، دەکرێت.
لە ساڵانی 2021-2024 عەبدوڵڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە هەشت جار سزای دیسپلینیی سێ مانگیان بەسەردا سەپێندراوە و رێگریی لە چاوپێکەوتنی بنەماڵە و خێزانەکانیان دەکرێت، سەرەڕای هەموو ئەو تانانەی لەو سزایە دراون.
پێشتر دەسەڵاتی دادوەریی تورکیا رایگەیاند: رۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، دووبارە "سزای دیسپلینیی" نوێ بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە بەسەر عەبدوڵا ئۆجەلاندا سەپێنراوە، تائێستاش هیچ زانیارییەک سەبارەت بەو "سزایەی دادگا بە پارێزەران و بنەماڵەکەی نەدراوە.
یەکەم بینین دوای چوار ساڵ
بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئۆجالان دوایین دیداری روبەڕوویان لە سێی ئازاری 2020 ئەنجامدا، دوایین دیداری تەلەفۆنیشیان لە 25ـی ئازاری 2021، دوای چوار ساڵ لەو دیدارەیان، رۆژی 23ی تشرینی یەکەمی 2024، عومەر ئۆجالان برازای عەبدوڵڵا ئۆجالان و پەرلەمانتاری دەم پارتی چاوپێکەوتنێکی روبەڕووی لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی ئەنجامدا و دواتر رایگەیاند: کە هێشتا سزای گۆشەگیریی لەسەری بەردەوامە.
داواكارییە چاوەڕواننەكراوەكەی باخچەلی لە ئۆجەلان
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراودا لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 و لە ڕۆژی کردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا، چووە لای پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە هۆڵی پەرلەمان و تەوقەی لەگەڵدا کردن و دواتریش ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەین، لە ناوخۆدا پێویستیمان بە ئاشتییە".
رۆژی 26ـی تشرینی دووەمی 2024 دەولەت باخچەلی لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا داوای كرد شاندێكی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەبێ دواكەوتن روبەڕوو یەكتر ببینن و جەختی لەوە كردەوە لەسەر قسەكانی خۆیان سورن و پاشگەز نەبوونەتەوە كە ئەگەر ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە رابگەیەنێت، ئەوا زەمینەسازی دەكەن بۆ ئەوەی ناوبراو سومەند بێت لە پێدانی مافی هیوا.
سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای ئۆجەلان
هەر هەمان رۆژ تونجەر باكرهان و تولای هاتیمئۆغڵوڵڵاری، هاوسەرۆكانی گشتیی دەم پارتی داواكارییەكیان پێشكەشی وەزارەتی دادی توركیا كرد بۆ ئەوەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكەن لە گرتووخانەی ئیمراڵی.
دوای تێپەڕینی 31 رۆژ بەسەر داواكارییەكەدا و لە 27ـی كانوونی یەكەمی 2024 وەزارەتی داد بە ئەرێنی وەڵامی دەم پارتی دایەوە و رۆژێك دواتر شاندی دەم پارتی كە پێكهاتبوو لە سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان سەردانی ئۆجەلانیان كرد لە دوورگەی ئیمڕاڵی و شاندەكەی دەم پارتی لە زاری ئۆجەلانەوە رایگەیاند: كە ئامادەیە ئەوەی لە توانایدا بێت بیكات بۆ سەرلەنوێ بەهێزكردنەوەی برایەتی كورد و تورك و ئەمەی وەك بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی لەقەڵەم دا.
دوای گەڕانەوەی پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر ئیمراڵی، ئەحمەد تورک، سەرۆکی قەییوم لەجێ دانراوی شارەوانیی گەورەشاری مێردین کرایە ئەندامی شاندەکە.
دیداری دووەمی دەمپارتی و ئۆجەلان
رۆژی (22ـی کانونی دووەمی 2025) هەریەک لە سڕی سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، ئەندامانی شاندی دەم پارتی بۆ جاری دووەم چونە دوورگەی ئیمراڵی بە مەبەستی سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دواتر لە راگەیەندراو و لێدوانەکانیاندا ناوەڕۆکی دیدار و چاوپێکەوتنەکەیان بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد.
دواتر شاندی دەمپارتی دووجار لە زیندان لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و دواتر لەگەڵ زۆربەی ئەو لایەنە سیاسییانەی کە فراکسیۆنیان هەیە لە پەرلەمانی تورکیا کۆبونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چارەسەریی و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
بڕیارە رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگەش شاندی دەم پارتی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆی پرۆسەی چارەسەری بکەن، دەرەنجامی سەرجەم گفتوگۆ و کۆبونەوەکانیش ببنەوە بۆ ئیمرالی و لەگەڵ ئۆجەلان گفتوگۆی لەسەر بکەن.
بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان
بەوتەی بەرپرسانی دەم پارتی، دوای 15ـی شوبات کە هاوکاتە لەگەڵ 26 ساڵەی دەستگیرکردنی ئۆجەلان و پێش مانگی ئازار بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ چارەسەری پڕۆسەی ئاشتی و کێشەی کورد لە تورکیا بڵاوبکرێتەوە.
هەر دوێنێ چوارشەممە، پارتی کرێکارانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاشکرای کرد: بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ، بەڵام هەموو شتێک بە ڕاگەیەندراوێک چارەسەر نابێت و ئۆجەلان بە تەنیا هەموو شتێک ناکات، وەک چۆن کێشەکە هیی هەموویانە، هەمووشیان بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن.
بە پێویست زانراوە هەموو لایەک لەو قۆناغە نوێیەدا بە باشی لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان تێبگەن و بە کردەیی ئەنجامی بدەن، ئاماژەی بەوەشکردووە قۆناغی نوێ بە داواکاری و هیواداریی بەدی نایەت، بە پێچەوانەوە بە کاری هەستیار، خۆڕێکخستن و بەشداری بەرفراوان سەر دەگرێت.
هەفتەیەک لەمەوبەر میدیای “سبەی” لە زاری ڕۆژنامەنووس، ئیسماعیل سایمازەوە بڵاوی کردەوە لەوانەیە بانگەوازەکە تا ئەو ڕێککەوتە ئامادە نەبێت و بەر لە هاتنی مانگی ئادار بڵاو بکرێتەوە.
دوو رۆژ لەمەوبەریش تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە لەوانەیە بانگەوازەکە دوای 15ـی شوبات بڵاوبکرێتەوە بەڵام ناشگاتە مانگی ئادار.
نامەکەی ئۆجەلان بۆ پەکەکە
جەمیل بایك هاوسەرۆكی گشتیی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) كە باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستانە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای حزبەكەی ڕایگەیاند: رێبەر ئاپۆ دەیەوێت ئەو هەنگاوەی پێشتر دەستی پێكردووە ئیستا بیگەیەنێت بە ئامانجێكی گەورەتر، كیشەی كورد لە زەمینەی شەڕەوە بخاتەسەر زەمینەیەكی سیاسیی و یاسایی".
بایك دەشڵێت:" ڕێبەر ئاپۆ نامەیەكی بۆ ناردووین، هەندێك زانیارییشمان هەیە لەبارەی گفتوگۆكان، ئۆجەلان دەیەوێت قۆناغەكە بباتە ئاستێكی باڵاتر، دەیەوێت لە قۆناغی شەڕەوە توركیا بباتە ئاستی دیموكراسی".