زەینەب لە ساڵى 2011 و بەهۆى لێبوردنى گشتییەوە سزاکەى بۆ هەتا هەتایی کەمکرایەوە
سبەى
"دەستەکانم بۆنی گوڵیان لێ دەهات، بە تاوانی گوڵچنین سزایان دام. بەڵام کەس بیری لەوە نەکردەوە کە ڕەنگە گوڵێکم چاندبێت"، زەینەب جەلالیان زیندانى سیاسی کورد لە ئێران بەو وتەیەى گیڤارا دەستیکرد بە گێڕانەوەى ئازارەکانى 17 ساڵ زیندانیکردنى لە ئێران.
زەینەب تەمەن 43 ساڵ له گوندی سنوری «دێم قشڵاق»ی سهر به شاری ماكۆ لە رۆژهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە، کۆنترین و تاکەژنی زیندانی سیاسییە لە ئێران کە سزای زیندانى هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
زەینەب ساڵى 2008 تەمەنى تەنها 25 ساڵ بوو کاتێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و دواتر بەتۆمەتى دەرچوون لە وڵات بە نایاسایی ماوەى ساڵێک زیندانى و ئەندامێتى پژاک سزاى سێدارەى بۆ دەرکرا، پێش ئەوەى لە ساڵى 2011 و بەهۆى لێبوردنى گشتییەوە سزاکەى بۆ هەتا هەتایی کەمبکرێتەوە.
دواى تەواوکردنى 17 ساڵى تەواو لە زیندان، زەینەب لەرێگەى نامەیەکەوە کە تۆڕى مافى مرۆڤى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە زیندانی یەزدەوە بەشێک لە ئازارەکان لە زیندان گێڕاوەتەوە.
دەستگیرکردن
رۆژى 25 ى شوباتى 2008 کاتێک زەینەب بەرێگاوە بوو بەرەو کرماشانى زێدى خۆى، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و چەندین جار لە نێوان زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا گواستراوەتەوە، لەوانە زیندانی خۆی، ئێڤین، کرماشان، قەرچەکی وەرامین، کرمان و ئیستاش لە زیندانی یەزد کە نزیکەی هەزار و 500 کیلۆمەتر لە شاری خۆیەوە دوورە، لەزینداندایە.
زەینەب دەڵێت "ستەم برینێکی قووڵی خستە سەر دڵم کە تا هەتایە بیرم ناچێتەوە. من باویلکەیەکی بچووک بووم، هەڵگری پەیامێکی گەورە بۆ ئازادی و ئازادژیان. ڕۆژی ٧ی ڕەشەمێی ١٣٨٦ (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) سەفەری خۆم بۆ شاری شیرینی کرماشان دەست پێ کرد، بەڵام بەکرێگیراوانی ستەم لە ڕێگادا ڕفاندیانم و بردیانمە شوێنێکی نامۆ و غەریب".
دەشڵێت "پاسەوانانی ڕەشپۆش دابونەریتێکی سەیریان هەبوو. لەو شوێنە تۆقێنەرەدا کەس بۆی نەبوو ئەویدی ببینێت. چاوەکانمیان بە چاوبەندێکی ڕەش بەستبوو و دەیانپرسی: «ناوت چییە؟»، دەمگوت: «ناوی من زەینەبە.» لێیان دەدام و دیسان دەیانپرسی: «ناوت چییە؟»، دیسان دەمگوت: «ناوی من زەینەبە.» دیسان لێیان دەدام، ئەشکەنجەیان دەکردم و دیسان دەیانپرسییەوە: «ناوت چییە؟".
"چەندین و چەندەها جار پرسیارێکیان دووبارە دەکردەوە. وەڵامم بدایەوە یان بێدەنگیم لێ کردبا، هیچی نەدەگۆڕا؛ ئەشکەنجەکان درێژەی هەبوو. لەو مێشکە نەخۆشەیان تێنەدەگەیشتم. لەو شوێنە تاریکەدا هیچ دەلاقەیەک بەرەو ڕووناکی نەبوو، چونکوو پاسەوانانی ستەم وەکوو شەمشەمەکوێرە لە ڕووناکی دەتۆقان".
چەند مانگێک دواتر زەینەب ڕەوانەی زیندانێک کرا کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرا، زەینەب دەڵێت ئەو ژنانە هەڵسوکەوتیان لەو پیاوە بێناو و نادیارانەیش خراپتر بوو و ئازاری ئەوەش لە لام زۆر قورستر بووە.
سزای لەسێدارەدان
دوای چەندین مانگ چاوەڕوانی و هەڵپەسێردراویی پڕئازار و تاقەتپڕووکێن، ڕۆژێک لە سپیکەری زیندانەوە زەینەب گوێبیستى ناوى خۆى دەبێت، زنجیریان لە دەست و پێیەکانى کرد و ڕاپێچی بەردەم دادگایان کرد. "سێ خولەک بە زمانی دایکیم لەگەڵ دادوەرەکە قسەم کرد، نەیدەناسیم، تەنانەت گوێی لە قسەکانیشم نەگرت. باشە پشتی بە چی بەست که سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندم؟ نازانم!".
دواتر زەینەب رەوانەى زیندانێکى تاران دەکرێت. شەش مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتدا بە مەبەستی ناچارکردنى بە دداننان بە تاوان و وتووێژی زۆرەملێدا خستیانە ژێر فشارى و گوشاری تاقەت پڕووکێنەرەوە.
دوای چەندین ساڵ، زەینەب بۆ یەکەمجار دایکى دەبینێت، کاتێک بەوتەى خۆى لەژێر هەڕەشەدا بردویانەلاى "هاوارەکانی دایکم سەرتر لە تێگەیشتن بوو و لە وێناکردن نایەت. هەڵگرتنی ئێش و ئازاری دووربوون لە منداڵ و سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر ڕۆڵەکەیدا، بۆ ئەو گەلێ سەخت بوو و هێشتایش هەر سەخت و دژوارە. ئازاری دایکم لە سەبوورییەکەی زیاتر بوو، بەڵام لە بەرانبەر ستەم و ستەمکاراندا سەری نەوی نەکرد. دایکم وێنای خەمێکی گەورە بوو؛ بێگومان وشەکانی من توانای وێناکردنی ئەو پەژارە مەزنەیان نییە."
شەش مانگ دواتر جارێکى تر زەینەب دەگەرێنرێتەوە کرماشان و حەوت ساڵ لە زینداندا مایەوە. دواتر دووریان خستەوە بۆ زیندانی شاری خۆی و چوار ساڵیش لەوێ و لەژێر گوشاری ڕۆحی و دەروونیدا بردە سەر، پێش ئەوەى جارێکى تر زنجیر لەدەستى ببەسترێت و بۆ زیندانی قەرچەک دووربخرێتەوە.
زەینەب لەو زیندانە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. وەک خۆى دەڵێت هیچ چاودێرییەکی پزیشکی وەرنەگرتووە، سییەکان زیانی گەورەیان بەر کەوت و بەناچارى مانگرتنى لەخواردن راگەیاند، کاتێک داواکاری گواستنەوەى رەتکرایەوە.
دوای چەندین ڕۆژ چاوەڕوانی، نیوەشەوێک کە زیندانییەکان لە خەودا بوون و تەنها دەنگی کۆکەی زەینەب بێدەنگییەکەی دەشکاند، پاسەوانانی زیندان دیسان هاتنەوە. بە کەلەبچە و پێبەندەوە دووریان خستەوە بۆ کرمان. زەینەب دەڵێت "نە چاوێک هەبوو داواکارییەکەم بخوێنێتەوە، نە گوێیەک کە قسەکانم ببیسێت، نە دڵێک کە هاودڵی و هاوخەمیم لەگەڵ بکات".
دوای چەندین مانگ تەنیایی و گۆشەگیری، قەدەغەکردنی تەلەفۆن و دیدار، لە ئێوارەیەکی خەمبار و تەمگرتووی کرماندا، جارێکى تر بۆ کرماشان دوورخرایەوە.
زەینەب دەڵێت "بە هەموو ئەمانەیشەوە، دوای ئەم هەموو دەربەدەری و ئاوارەبوونە ئیجبارییە، بە جەستەیەکی ماندوو و نەخۆشەوە چاوەکانم داخست تاکوو بۆ ساتێک پشوو وەربگرم، بەڵام دەنگی پاسەوانانی بەرزەخ دەرفەتی پشوودانی لێ زەوت کردم. دەست و قاچەکانیان بەستمەوە، چاوەکانیان داپۆشیم و دووریان خستمەوە بۆ یەزد. چەندەها ساڵم لەم تاریکییەدا بە هەموو ئازار و سەختییەکانیەوە، بەبێ تەلەفۆن و دیدار، بەسەر بردووە". ئێستە چوار ساڵ و چوار مانگە لە زیندانی یەزد بەند کراوم".
"لەم تاریکییەی زینداندا، چاوانم لەسەر یەک دادەنێم. تاپۆیەک لە ژیانی دەرەوەی زیندان لە خەیاڵمدا ماوەتەوە. بیری باوەشی گەرمی دایکم، نیگای پڕمیهرەبانیی باوکم، بزەی خوشکەکەم و تەنانەت گرژییەکانی براکەم دەکەم. دڵتەنگم بۆ خەڵکی خوێنگەرم و میوانداری کوردستان و ئاوازە کوردییەکان. تاسەی بۆنی خاک، هەڵاڵە برمەکان، داربەڕووەکان و سمۆرە بەڕووخۆرەکانی دەکەم. دڵم لە لای کانیاوە ڕوونەکان، ڕووبارە بزۆزەکان، چیا سەرکەشەکان و شەوانی پڕئەستێرەیە. بە هەموو ئازار و تاسەکانەوە، حەڤدە ساڵ تێ پەڕی… حەڤدە ساڵ! "
بەپێی راپۆرتێکى رێکخراوى هەنگاو، زەینەب جگە لەوەی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی قورس و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی کە لە کاتی لێپرسینەوەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە، بنەماڵەکەشی لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردوودا "لەژێر فشاری بەردەوامدا" بوون بۆ ئەوەی دژی حزبە کوردییەکان قسە بکەن، بەڵام ڕەتیانکردووەتەوە ئەو کارە بکەن.